مەلا بەختیار بڕیاری داوە بە بەڵگەوە رووبەڕووی جەردە و گەندەڵکاران ببێتەوە

0

نوچەنێت
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیێنێت، لەسەر دیاردەی جەردەیی‌ و ئەوانەی لە پارەی گەندەڵیدا تەرەكیون هیچ فرت و فێڵێكی بەسەردا تێناپەڕێ. بڕیاریشی داوە ئەگەر لە كۆبوونەوەی رەسمیدا چارەسەر نەكرا، بە بەڵگەوە بۆ رای گشتی ئاشكرابكات.

مەلا بەختیار،لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، سەبارەت بە لەسەرکارلادانی سەرۆککۆماری کۆریای باشوور لە دەسەڵات بە هۆی گەندەڵێیەوە لە رۆژی 10-3-2017، هەڵوێستی خۆی دەربڕی و هیوایخواست ئەو جۆرە سزایانە بازرگانانی نەوت ‌و گەندەڵكارانی كۆمپانیاكانی كوردستانیش بگرێتەوە.

لەبەرانبەردا ئەم هەڵوێستەی مەلابەختیار رووبەڕووی رەخنە كرایەوە، بەهۆی ئەوەی مادام لەنێو یەكێتیدا بەرپرسیارە، كەوابێ بۆ بڕیاری سزادان دژی گەندەڵكاران دەرناكات؟.

لە وەڵامدا سكرتێری رۆژنامەوانی مەلا بەختیار روونكردنەوەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا رایگەیاندووە “لە رواڵەتدا ئەم بۆچوونە رەوا دێتە بەرگوێ. بەڵام كاتێك ورد دەبیتەوە، لەنێو پارتەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، مەحاڵە بڕیاردان ئاسانبێ، بەتایبەتی لەبەرامبەر باندە گەورەكان ‌و خاوەن بەرژەوەندییە بێشومارەكان. چونكە بەرژەوەندبازەكان تێكەڵاوی هێز و دەسەڵات‌ و، جارجارە پاساوی یاسایی (جوان!!!)یش دەهۆننەوە”. 

لەروونكردنەوەکەی سكرتێری رۆژنامەوانی مەلا بەختیار كەسوكاری شەهیدان و دڵسۆزانی یەكێتی و خەڵكی كوردستان ئاگاداردەكاتەوە، کە “هەمیشە مەلا بەختیار لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی ‌و سەركردایەتیدا، لەسەر دیاردەی جەردەیی ‌و ئەوانەی لە پارەی گەندەڵیدا تەرەكیون، هەروەك لە سیاسەت‌ و هەڵوێستەكانیدا بۆچوونی دیاری هەبووە، لەبەرامبەر جەردەكانیشدا هەمیشە هەڵوێستی هەبووە و دەبێ”.

سكرتێری رۆژنامەڤانی مەلا بەختیار لەسەر پلانی داهاتوویان جەختیكردووەتەوە “هیچ فرت و فێڵێكی لاوەكی ژێر بە ژێر و بڕیاری ناشەرعی، بێهەڵوێست بەسەریدا تێناپەڕێ. كە هەڵوێستیش دەردەبڕێ، بێگومان بەڵگەی رەسمی لایە. بڕیاریشی داوە (جارێ!)  ئەم كێشانە تەنها لە چوارچێوەی كۆبوونەوە داخراوەكاندا بهێڵێتەوە. ئەگەر لە كۆبوونەوەی رەسمیدا چارەسەرنەكرا، دوای ئەوە لە هەلێكی رەخساودا بڕیار و هەڵوێستەكانی سەبارەت بە كۆمەڵێك راستی، بە بەڵگەوە بۆ رای گشتی دەكات… !”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com