نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، پەشیمان بوونەوە لە پەیامەکی بارزانی، بەهیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی پارتی نییە و دەڵێت “پارتی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پەیامەکە”.
لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چارەسەر نەکردنی قەیرانەکانی هەرێم دەخەنە ئەستۆی پارتی و دەڵێن “پارتی پەشیمان بووەتەوە، لە جێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی بۆ چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ههرێمی کوردستان و دەیەوێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت”.
لە لێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی ئەو قسانەی، کە دەگوترێت پارتی پەشیمان بووەتەوە لەپەیامەکەی بارزانی، رایگەیاند: پەشیمان بوونەوە لە پەیامەکی بارزانی، بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی پارتی نییە، مانەوەی دۆخەکەش بەو شێوەیە سود بە پارتی ناگەیەنێت، بۆیە پارتی سوورە لەسەر جێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی.
عەلی عەونی پێیوایە ئەوانەی، کە دەڵێن پارتی پەشیمان بووەتەوە لە جێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی، پێیان خۆشە دۆخەکە هەروا قەیراناوی بێت، چونکە ئەوان سودی لێ وەردەگرن. گوتیشی “بە پێچەوانەوە ئێمە ئێستاش لەسەر رای خۆمانین و پارتی پێشنیار و داوای کرد، رێگای چارەسەر بدەن، رێگایەکی کردەیش بوو”.
ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی جەخت دەکاتەوە لە لەجێبەجێکردنی پەیامەکەی بارزانی و دەڵێت “ئێمە هیچ کاتێک دەرگامان دانەخستووە بەرووی چارەسەردا، ئەوان پێیان گوتراوە لەناو خۆیاندا رێكبکەون و کەسێك پێشنیاربکەن بۆ سەرۆکی هەرێم، کێ دادەنێن باداینێن، هەرکاتێك ئەوان رێککەوتن ئێمە ئامادەین، ئەگەر پێویستبکات بە سەد گەڕی دیکەی گفتوگۆ چارەسەر بێت، پەشیمان نابینەوە”.