نوچەنێت
لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە لەسەر پێکهێنانی ئەنجومەنی پارێزگاکە و دابەشکردنی کورسییەکان و بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکان رێککەوتن، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا دەقی رێککەوتنەکەیان خوێندەوە و پیرۆزباییان لە خەڵکی پارێزگاکە کرد.
دەقی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە:
ئێمە ئەم لایەنە سیاسییانەی، کە لە خوارەوە واژۆمان کردووە تێکڕا رێککەوتین لەسەر پێکهێنانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجەو بە ئامادەبوونی رێکخراوی کوردستان بۆ هەمووار بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی لە رۆژی یەکشەممە 12-3-2017 لە بارەگای مەڵبەندی هەڵەبجەی بزووتنەوەی ئیسلامی.
دابەشکردنی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە کۆی 14 بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەم شێوەیەی خوارەوە دابەشکرا.
1- یەکێتی نیشتمانی کوردستان 6 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی
2- بزووتنەوەی گۆڕان 5 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتی
3- لیستی خزمەت، کە لە یەکگرتووی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی پێکدێت 7 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا و 4 بەڕێوەبەرایەتی گشتی.
4- پارتی دیموکراتی کوردستان 3 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا 3 بەڕێوەبەرایەتی گشتی
5- بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان 2 کورسی ئەنجومەنی پارێزگا و بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیان بەخشی.
6- لیستی هاوپەیمانی نیشتمانی، کە لە حزبی شیوعی و حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان پێکهاتووە 1 کورسیان هەیە، بەڕێوەبەرایەتی گشتیان نییە.
7- کورسییەکی کۆتاش لە ئەنجومەنی پارێزگا بۆ کاکەییەکان دانراوە بەڕێوەبەرایەتی گشتیان نییە.
ئەم رێککەوتنە بە سوپاسەوە بە پایان گەیشت، بەوەی بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان لە پشکی خۆیان بەڕێوەبەرایەتییەکی گشتیان بەخشی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی هاوڵاتیانی پارێزگای هەڵەبجە، بەمەش رێککەوتنەکە گەیشتە قۆناغی کۆتایی.
تێبینی:
ئەگەر لە داهاتوودا ژمارەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان زیاد کرا، ئەو بەگوێرەی رێککەوتنی 6-12-2015 بەپێی بەرکەوتەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی 30-4-2014 دابەشکراوە.
