نوچەنێت: تایبەت
بڕیاردەری سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، پڕۆژەی کاری هاوبەشی ئیسلامیەکان هەنگاوێکی باشی ناوە و کۆمیتەیەکی باڵای 15 کەسی بۆ پێکهێنراوە و دەڵێت “بەنیازن دیدارێکی ئیسلامی بەرفراوان رێكبخەن”.
ئیسلامییەكانی هەرێمی كوردستان زیاتر لە یەكدی نزیك دەبنەوە، لەماوەی رابردوودا چەندین کۆبوونەوەی هاوبەشیان ئەنجامداوە، لە ئێستاشدا بڕیارە دیدارێكی بەرفراوان لەنێوان لایەنەئیسلامیەکان رێكبخرێت، کە تیایدا چەندین کەسایەتی ئیسلامی و رێکخراوی ئیسلامی بەشداری دەکەن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان رابەر، بڕیاردەری سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەی کاری هاوبەشی ئیسلامیەکانی کوردستان رایگەیاند: پڕۆژەی کاری هاوبەشی نێوان لایەنە ئیسلامیەکان هەنگاوێکی باشی ناوە و تائێستا چەندین کۆبوونەوە کراوە، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمیتەیەکی باڵای 15 کەسی بۆ پێکهێنراوە، کە ماوە ماوە کۆ دەبنەوە و کارەکانی ئەو کۆمیتەیەش پەسەندکراوە.
شوان رابەر روونیشیدەکاتەوە، ئەو کۆمیتەیەی پێکهێنراوە لەسەر دوو تەوەری سەرەکی کاردەکەن، کە ئەوانیش بریتین لە: یەکەم، ئەوشتانەی، کە پەیوەندییان بە رابوونی ئیسلامی و نێوانی ئیسلامیەکانەوە هەیە. دووەم، هەندێك پرسیش، کەپەیوەندییان بەهەرێمی کوردستانەوە هەیە.
بڕیاردەرەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی ئاماژە بەوە دەدات، ئەو کۆمیتەیە لەداهاتوودا چەند هەنگاوێکی تر دەنێت، گوتیشی “بەنیازن دیدارێکی ئیسلامی بەرفراوان ،لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان رێکبخەن، کە لە چەندین کەسایەتی ئیسلامی جیاجیا پێك بێت، لە ئێستادا سەرقاڵی رێکخستن و رێکارەکانی ئەو دیدارەن، بەڵام تائێستا کات و شوێنی دیدارەکە دیاری نەکراوە”.
شوان رابەر بەگرنگەوە سەیری دیداری بەرفراوانی نێوان لایەنەئیسلامیەکان دەکات و دەڵێت “دیدارەکە ئیجابیاتی زۆری دەبێت، بۆ وەرگرتنی سەرنج و پێشنیاری کەسایەتیە ئیسلامیە ئەزمووندارەکان”.