نوچەنێت
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە گوتارەكەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد و رایگەیاند “گوتارەكەی عەبادی گوتارێكی ئاشتیانەبوو”.
حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق لەرۆژی یەكەمی دیداری سلێمانی، كە لەزانكۆی ئەمریكی لەو شارە دوو رۆژە دەستیپێكردووە، گوتارێكی پێشكەشكرد و تێدا داوای یەكگرتووی عێراق و چارەسەركردنی كێشەكان كرد.
فەلاح مستەفا لەو بارەیەوە بەئاژانسی ئەنادۆڵی راگەیاند “ئەنجامدانی ئەم جۆرە دیدارانە و هاتنی ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتی لە ناوخۆیی وڵات و كەسانی بیانی، دەرفەتێكە بۆ باسكردنی پرسەكان و كێشە و گرفتەكان بەكراوەیی، دەرفەتێكی گرنگیشە بۆ ئەوەی تێگەیەشتنێكی هاوبەش هەبێت لەپرسو بابەتەكان”.
لەبارەی ناوەڕۆكی گوتارەكەی سەرۆكوەزیرانی عێراق، فەلاح مستەفا گوتی “گوتارەكەی عەبادی لەدیدارەكەدا گوتارێكی ئاشتیانەبوو، بەڵام ئێمە وەك هەرێمی كوردستان پێگەی تایبەتی خۆمان هەیە، هەڵوێستی خۆمان و سیاسەتی خۆمان هەیە، بۆیە بڕوامان وایە راكردن لە كێشەكان، كێشەكان چارەسەر ناكات و لێگەرانی كێشەكان بۆ كات، ئەویش كێشەكان چارەسەر ناكات، بۆیە دەبێت دابنیشین لەگەڵ یەك و بەیەكەوە چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغداد بدۆزینەوە”.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێم راشیگەیاند “شەڕی داعش كاری لە پێشینەی ئێمەیە و بەغداش بەرپرسیارییەتی هەیە و گرنگیدان بە ئاوارەكان كارێكی هاوبەشی هەولێر و بەغدایە”.
لەبارەی كۆبوونەوەكەی نێوان، مەسعود بارزانی و حەیدەر عەبادی، كە ئێوارەی رۆژی سێشەممە 7ی مارس لەشاری هەولێر ئەنجام درا، فەلاح مستەفا ئاشكرایكرد “زۆر خۆشحاڵێن بەئەنجامدانی ئەو كۆبوونەوانە ئەوەش یاریدەدەرە بۆ ئەوەی هەردوولا لەیەكتر تێبگەین بۆ ئەوەی بزانین چۆن رووبەڕووی ئەو قەیرانانە ببینەوە، تاكو ئێستاش هەرێمی كوردستان بەشێكە لە عێراق و دەمانەوێت ئەو كێشانەی، كە هەن لەنێوان هەردوولادا چارەسەر بكرێن”.
ئەو بەرپرسە گوتیشی “حكومەتی هەرێمی كوردستان بڕوای تەواوی وایە، كە قەزای شنگال بەشێكە لەهەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا، بۆیە هیچ هێزێكی سەربازیی جگە لە هێزەكانی هەرێمی كوردستان و لە چوارچێوەی هێزی پێشمەرگە، بۆی نییە لەو ناوچەیە بوونی هەبێت”.