ئێڕان، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی نەتانیاهۆیە بۆ مۆسکۆ

0

نوچەنێت- ئاژانسەکان

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ سەردانی روسیا دەکات و بڕیار وایە لە گەڵ سەرۆککۆماری ئەم وڵاتە کۆببێتەوە.

بە پێێ هەواڵ و راپۆرتی میدیاکان، ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانەی نەتانیاهۆ بۆ مۆسکۆ، باس و گفتوگۆ لە بارەی ئێران و رۆڵی تێکدەرانەی ئەم وڵاتەیە لە ناوچەکە.

رۆژنامەی کامرسانتی روسی، ئەمڕۆ پێنجشەممە9ی مارس، لە پەیوەندی لە گەڵ سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ روسیا نووسیویەتی: بنیامین نەتانیاهۆ، ئەمڕۆ سەردانی مۆسکۆ دەکات، ئەمەش یەکەمین سەردانەی ناوبرای بۆ روسیا هەژمار دەکرێ دوای ئەوەی، کە ئیدارەی دۆناڵد ترامپ، بە گەرمی کاروباری ئەمریکای بە دەستەوە گرتووە. بە گوتەی سەرچاوە دیپلۆماسیەکانی ئیسرائیلی، نەتانیاهۆ، کە پشتیوانی ئیدارەی ترامپی بە تایبەتی لە پەیوەندی لە گەڵ بەرەنگاربوونەوەی ئێڕان بە دەستهێناوە، هەوڵ دەدات پوتین بەو قەناعەتە بگەیەنێت، کە هاوپەیمانییەکی نوێ بە مەبەستی پێشگرتن بە دەستوەردان و دەستدرێژیەکانی ئەم وڵاتە لە ناوچەکە، بێنێتە کایەوە.

لە لایەکەی دیکەوە ئەم سەردانەی نەتانیاهۆ لەو رووەوە بۆ پوتین گرنگە، کە دەتوانێ دەرفەتی لەبار بۆ تاوتوێکردنی هەلومەرجی هاوکاری دوو لایەنە و ئەم دوو وڵاتە، لە گەڵ رۆژئاوا بۆ بەرەوڕووبوونەوەی ئیسلامگەرایی بناژۆخواز بڕەخسێنێت.

سەردانی کاری سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بۆ مۆسکۆ، لە درێژەی دیدار و کۆبوونەەکانی نەتانیاهۆیە لە گەڵ سەرۆکانی وڵاتانی جیهان، بە تایبەت رۆژئاوا. نەتانیاهۆ مانگی مەی لە گەڵ تێرێزا مەی کۆبووەوە و دواتر لە واشنتۆن لە گەڵ ترامپ، دیدار و چاوپێکەوتنی کرد و توانی کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسی بە دەست بهێنێت.

مۆسکۆ، سێهەمین پایتەختی سیاسییە، کە نەتەنیاهۆ لەم ساڵی زایینیدا سەردانی دەکات. سەرکەوتووترین سەردانی نەتانیاهۆ، هەمان سەردانەکەی بۆ واشنتۆن بوو، کە ترامپ گوتی، رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران، خراپترینی ئەو رێککەوتنەیە، کە مێژووی هاوچەرخ بە خۆوە بینیویەتی. ترامپ جەختیشی کردەوە، کە هەر لە ئێستاوە گەمارۆکان بۆ سەر ئێران توندتر دەکاتەوە و لە داهاتووشدا لەم سیاسەتەی خۆی بەردەوام دەبێ و رێگە نادات ئێرانێکی ئەتۆمی بێتە کایەوە.

نەتانیاهۆ لە سەردانەکەی بۆ مۆسکۆ، هەروەها بە نیازە جیا لە مەسەلەی ئەتۆمی ئێڕان، دەستوەردانی ئەم وڵاتە و رۆڵی تێکدەرانەی لە سوریا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ و بە جۆرێکیش قازانج و بەرژەوەندییەک بۆ روسیا وێنا بکات.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بڕیا وایە لە گەڵ لێئۆنید سلۆتێسکی، سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی روسیا و هەروەها کۆنستانتین کاساچۆف، سەرۆکی لیژنەی کاروباری نێودەوڵەتی ئەنجومەنی فیدراسیۆنی ئەم وڵاتە، کۆبێتەوە و قەیرانی سوریا و رۆڵی ئێران لەم قەیرانە بخاتە بەر باس و گفتۆگۆ.

نیگەرانی ئیسرائیل لە حزبوڵڵای لوبنان

سەرچاوە دیپلۆماسیەکانی ئیسرائیل لە سەروبەندی ئەم سەردانەی نەتەنیاهۆ رایانگەیاندووە: بوونی هێزە سەربازی ئێران لە بەرزاییەکی جەوڵان، بۆ ئیسرائیل قابلی قبووڵ نییە، چونکە ئێران بەردەوام جەختی کردۆتەوە، کە سڕینەوەی ئیسرائیل لە سەر خەریتەی سیاسی جیهان، ئامانج و ئەولەوییەتی ئەم وڵاتەیە. دەستڕاگەیشتنی حزبوڵڵای لوبنان بە چەکی پێشکەوتووی روسیا، بۆ ئیسرائیل قابلی قبووڵ نییە.

گریگۆری کوساچ، مامۆستای زانکۆی مێژوو و زانستە سیاسی و یاسای زانستگای دەوڵەتی مۆسکۆ، لەم بارەیەوە دەڵێت، سەردانەکەی نەتانیاهۆ بۆ مۆسکۆ، بەشێک لە هەوڵە نێودەوڵەتیەکانی ناوبراوە بۆ راکێشانی روسیا بۆ ناو هاوپەیمانی دژە ئێرانی نوێیە، کە ئەندامانی بریتین لە ئەمریکا، ئیسرائیل، وڵاتانی عەرەبی کەنداو و تورکیا.

ئیسحاق هێرتزۆگ، لە گەڵ ئەم بۆچوونەی کوساچە، کە دەڵێت، وڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو، کە هەڵوێستی توندیان لە دژی ئیسرائیل وەرنەگرتووە و نیگەرانی دەستوەردانەکانی ئێرانن، بەرەبەرە پێڕەوی لە رێوشوێنەکانی تەلئەبیب دەکەن.

جێێ ئاماژەیە، قەیرانی سوریا، سبەی هەینی 10ی مارس، تەوەری سەرەکی دیداری رەجەب تەیب ئەردۆغان و پوتین دەبێت، کە بڕیار وایە لە مۆسکۆ ئەنجام بدرێت.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com