نوچەنێت
ئەنگێلا مێرکڵ راوێژکارى ئەڵمانیا رایگەیاند، ناتوانین هەر وا بە ئاسانى لەو لێدوانانەى ئەردۆغان و بەرپرسانى ترى تورکیا خۆشبین، کە تیایدا ئەڵمانیایان بە ئەنجامدانى کردەوەى نازییانە تۆمەتبارکردووە.
ئاسۆشێتد پرێس لەسەر زارى ئەنگیڵا مێرکڵ بڵاویکردەوە، “ئەو لێدوانانەى ئەردۆغان بە هیچ شێوەیەک لە شوێنى خۆیادا نەبووە و هیچ بیانوێکى گونجاویشی نیە”.
ڕاوێژکارى ئەڵمانیا ڕاشیگەیاند، ڕێگەنادەن قوربانییەکانى دەستى نازییەت سوکایەتى پێبکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە پێشتریش ئەندریاس شویر سەرۆکى حزبی یەکێتى دیموکراتى مەسیحى دەسەڵاتدار لە ئەڵمانى ، ڕەخنەى لە ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا گرتووە و وتوویەیتى “وەک منداڵى لاسار وایە و خۆیشی نازانێت چى دەکات”.
سەرۆکى حزبی یەکێتى دیموکراتى مەسیحى ئەڵمانى کە لە ئێستادا دەسەڵاتى ئەڵمانیاى بەدەستە ، ناوى ئەردۆغانى بە “دیکتاتۆرەکەى بەسفۆڕ” بردووە.
ئەمەش لە دواى ئەوە هات، رەجەب تەیب ئەردۆغان بە هۆى رێگریکردن لە بەشداری وەزیرانی تورکیا لە کۆبوونەوەی جەماوەری تایبەت بە گشتپرسی لە ئەڵمانیا رەخنەی لە دەسەڵاتی ئەڵمانیا گرت و بە دەسەڵاتى نازییەکانی رابردووی چواند.