حیزبی شیوعی دوو نوێنەرەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دوور دەخاتەوە

0

نوچەنێت
حزبی شیوعی کوردستان هەردوو نوێنەرەکەی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک لەو حزبە دووریان دەخاتەوە،

لیستی برایەتی، کە لیستی سەرجەم حزبە کوردستانییەکانە لەنێو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، 26 ئەندامی هەیە و زۆرینەی کورسییەکان پێکدێنن، بەپێی یاسا، تەنیا بە دەستلەکارکێشانەوە یان مردن ئەندامەکانی ئەنجومەن جێدەهێڵن.

شێخ سدیق ئەحمەد، کەسی یەکەمی حزبی شیوعی لە کەرکوک دەڵێ نوێنەرەکانیان لەنێو ئەنجومەن پابەندی سیاسەتی حزب و بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان نەبوون، بۆیە ئەگەر پێیان کرابا لە ئەنجومەنیش دووریان دەخستنەوە.

بەرپرسی کۆمیتەی پارێزگای کەرکوکی حزبی شیوعی کوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەو دوو کەسە لە راستیدا پابەندنەبوون بە سیاسەتەکانی حزبی شیوعی، بە خزمەتکردن و داخوازییەکانی خەڵک، بۆیە ئێمە لەگەڵ کۆمیتەی ناوەندی بڕیارمان دا شەرەفی ئەندامیێتیان لێبسەنرێتەوە لە حزب، ئەوان نوێنەرایەتی ئێمە ناکەن لە لیستی برایەتی و هیچ پەیوەندییان بە ئێمەوە نییە”.

لەیلا محەممەد و جەمال مەولوود، کە نوێنەرایەتی حیزبی شیوعیان دەکرد، بڕیاریانداوە سەربەخۆ لەنێو ئەنجومەنی پارێزگا بەردەوامبن، جەمال مەولوود، کە 62 ساڵە لەنێو حزبی شیوعییە، هۆکاری دوورخستنەوەیان بە بڕیارێکی کەسی (شەخسی)دەزانێت.

جەمال مەولوود، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێ “ئەوان تەنیا دەزانن مانگانە بێن و نێو ملیۆن دینارەکە لەمن وەرگرن، من 12 ساڵە ئەندامی ئەنجومەنم و، مانگانە نیو ملیۆن دینار دەدەمە حزب، گوتم ئێوە تەنیا بۆ پارە دێنە لای من. زۆر کەس وازی لە حزبی شیوعی هێنا، بەهۆی شێخ سدیق بەرپرسی کۆمیتەی کەرکوک”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com