نوچەنێت
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا لە تویتێکدا لە بارەی تاقیکردنەوەی موشەکی ئەم دواییانەی ئێران رایگەیاند، کە بە فەرمی هۆشدارییان داوەتە ئێران. ئێرانیش بە فەرمی رایگەیاندووە، کە موشەکێکی بالستی تاقیکردۆتەوە. حسێن دێهقان، وەزیری بەرگری ئێران، راپۆرتی میدیاکانی رۆژئاوای لەبارەی ناسەرکەوتوو بوونی ئەم تاقیكردنەوە موشەکیەی رەتکردەوە و گوتی، کە تاقیکردنەوەکەمان سەرکەوتووانە بووە. پێشتر ئاژانسی رۆیتەرز، لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کردبوو، کە ئێران موشەکێکی بالستی لە نزیک شاری سمنان، تاقیکردۆتەوە و دوای بڕینی مەودایەکی 630 کیلۆمەتری، لە ئاسماندا تەقیوەتەوە.
لێدوانەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەبارەی سەرکەوتووانە بوونی تاقیکردنەوەی ئەم موشەکە، کاردانەوە و تووڕەیی بەرپرسانی ئەمریکی بەدواوە بوو. نیکی هێیلی، باڵوێزی ئەمریکا لە نەتەوەیەکگرتووەکان، داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد، کە کۆبوونەوەیەکی نائاسایی لە بارەی ئەم کەیسەوە پێکبهێنن. مایکڵ فلین، راوێژکاری ئاسایشی نەوەتەیی دۆنڵد ترامپ رایگەیاند، کە ئێران زۆر بێ باک بووە و ئێمە بە فەرمی هۆشداری دەدەینە ئەم وڵاتە. کۆی ئەم لێدوانە هەڕەشە ئامێزانە، وێڕای تویتەکەی ترامپ، هەمان ئەو دەنگانەن، کە لە ئەمریکا لە دژی ئێران بەرز بوونەتەوە.
لە تاران، پێش بڵاوبوونەوەی تویتەکانی ترامپ، عەلی ئەکبەر ویلایەتی، راوێژکاری رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ کاروباری نێودەوڵەتی، بەرامبەر بە لێدوانەکانی مایکڵ فیلن، هەڵوێستی وەرگرت و ناوبراوی بە کەسێکی بێ ئەزموون ناوبرد، کە تەنها خەریکی دورشم دانە. ویلایەتی جەختیشی کردەوە، کە قسەکانی فلین، بێ بنەمایە و ئێران حیسابی لە سەر ناکات.
ویلایەتی هەروەها ترامپی بە کەسێک وەسف کرد، کە تازە حوکمڕانی ئەزموون دەکات و بیروڕای گشتی ئەمریکا دوای ماوەیەک دەزانن، کە دروشمەکانی لە دژی ئێران، چەند پوچ و بێ بنهمایە. پێشتریش حەسەن روحانی، لە بەرامبەر بڕیارەکەی ترامپ، لە پەیوەندی لە گەڵ راگیرانی گەشت و پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی 7 وڵاتی جیهان، هاتە دەنگ و گوتی، ترامپ بە تازەیی هاتۆتە دنیایی سیاسەتەوە. دژکردەوەی زۆربەی ئێرانییەکان ئەم بۆچوونە وێنا دەکات، کە ترامپ سەرۆکێکی تازەکار و بێ ئەزموونە، کە لە ناکاو تویتی سەیر و سەمەرە دەکات.
سەرباری ئەم کاردانەوانە، جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کە تاقیکردنەوەی موشەکی ئێران، بە هیچ شێوەیەک ناچێتە خانەی پێشێل کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشەوە و هۆشداری دایە ترامپ، کە ئەم بابەتە نابێ ببێتە دەستمایە و بیانوویەک بۆ گەمەی سیاسی. لە لایەکی دیکەوە سەردار حسێن سەلمی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران، هێرشی کردە سەر ئەمریکا و گوتی، ئەگەر لە هێزی موشەکی ئێمە دەترسن با خۆیان پەنا بدەن، دارستانی موشەکی ئێران، رۆژ لە دوای رۆژ چڕوپڕتر دەبێت.
خاڵێکی جێی سەرنج لەم لێدوانانەی بەرپرسانی ئێرانی ئەوەیە، کە کاربەدەستانی تاران بە شێوەی ئاسایی لە دوای تاقیکردنەوەی موشەکە بالستیەکە، بانگەشەیان بۆ دەکرد. تاقیکردنەوەی موشەکی ئەم جارەی ئێران نیشانی دا، بەرپرسانی ئێرانی بڕیاری پێشوەختیان دابوو، کە لە کات و سەرەتای هاتنی ترامپ و بۆ خۆ بە دوور گرتن لە کاردانەوەکان، بابەتەکە پەردەپۆش بکەن، بەڵام بڵاوبوونەوەی هەواڵەکە، بە یەکجاری گۆڕەپانی گەمەکەی گۆڕی.
وا دێتە بەرچاو، کە شەڕە قسە و هێرش و هۆشدارەکانی ئەمریکا و ئێران بۆ سەر یەکتر، ئاراستەیەکی نادیاری هەیە. ئێران موشەکی خۆی تاقی کردۆتەوە، بەڵام دەبێ چاوەڕوان بین، تویتی دواتری ترامپ، چۆن و بە چ شێوەیەک دەبێت.