ترامپ و داهاتووی پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ

0

نوچه‌نێت

پێگەی نەشناڵ ئینتیرنێست، لە راپۆرتێکی تێروتەسەلدا، تیشکی خستۆتە سەر پەیوەندییەکانی تاران و مۆسکۆ و گریمانەی بۆ رۆڵ و کاریگەری دۆناڵد ترامپی سەرۆکی نوێی ئەمریکا لە سەر ئەم پەیوەندیانە کردووە.

روسیا و ئێران، لەم ساڵانەی دواییدا پەیوەندییەکی نزیک و چروپڕیان بە یەکەوە هەبووە. تاران لەم قۆناغەدا توانی بە پشت بەستن بەم پەیوەندییە باشەی لە گەڵ مۆسکۆ، کاریگەری بەرچاوی بە سەر گۆڕانکاریەکانی ناوچەکەوە هەبێت. بەڵام ئایا بە ئاسایی بوونەوە و باشتر بوونی پەیوەندییەکانی روسیا و سەرۆکی نوێی ئەمریکا، ئەم پەیوەندییە باشە درێژەی دەبێت؟ ئەمە پرسیاری سەرەکییە، کە چەند گریمانەیەکی بۆ کراوە.

لە ئێستادا هاوپەیمانی ئێران و روسیا بەو رادەیە، کە بێ وێنەیە، هاوکات پەیوەندییەکی لەرزۆکە. هاوکارییەکانی ئێران و روسیا، بۆ کۆتایی هێنان بە قەیرانی ناوخۆیی سوریا ستراتیژییە، هاوکات ئەم هاوکاریانەش، مانەوەی بەشار ئەسەد، سەرۆککۆماری سوریای لە دەسەڵات، تاکوو ئێستا مسۆگەر کردووە.

روسیا بۆ بۆردوومانی بنکەکانی داعش و لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی سوری، بنکەی ئاسمانی ئێرانی بە کارهێنا. پێدەچێت مۆسکۆ و تاران، لە بەرەبەری بە ئەنجام گەیاندنی رێککەوتنێکی گەورە بن، کە بەو پێیە، ئێران لە روسیا کەرەسە و كه‌لوپه‌لی سەربازی خۆی بە تەواوی نۆژەن و بە رۆژ بکاتەوە. دیسان ئەو پرسیارە دێتە ئاراوە، ئایا هاوکاری و هاوپەیمانی ئەم دوو وڵاتە، دوای هاتنە سەر کاری ترامپ، وەک خۆی دەمینێتەوە؟ ئەوەی، کە بۆتە هۆی لێک نزیکبوونەوە  و هاوکاری نێوان ئێران و روسیا، تەنها بەرژەوەندی کاتی بووە، یان فاکتەری دیکە لە ئارادیە؟ ئەم هاوکاریانە بە چ شێوەیەک کار دەکەنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە؟

لانی کەم، لەم دۆخەی ئێستادا وه‌ڵامێکی روون و کۆنکرێت بۆ ئەم پرسیارانە بوونی نییە. هاوپەیمانی و ئەوەی، کە ئێران و روسیای بە یەکەوە گرێ داوە، تەنها دژایەتی و هەستیاری ئەم دوو هێزەی ناوچەییەیە، بەرامبەر بە دەسەڵات و رۆڵی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەڵام دۆناڵد ترامپ، بۆ گرێدانی پەیوەندی دۆستایەتی و نزیکبوونەوەی لە روسیا، گەشبینە و ئەگەر بتوانێ ئەم حەزەی خۆی بگەیەنێتە ئەنجام، ئەو کات ئێران دەکەوێتە دۆخێکی لاوازەوە و تەنانەت تێکدانی هاوسەنگی و پەیوەندییەکانی لە گەڵ مۆسکۆ، بە دواوە دەبێت.

ئێڕان لە ململانێی تورکیا و سعودیە، هەروەها یارمەتی کردنی روسیا لە شەڕی سوریا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە. ئاشکرایە، کە بە بێ دەستوەردانی سەربازی روسیا لە سوریا، ستراتیژی ئێران ئەنجامێکی بە دواوە نەبوو. ئەگەر چێ ئێران ئەکتەرێکی گەورەی گۆڕەپانی سیاسەتی سوریا-یە، بەڵام بۆ مۆسکۆ، هاوپەیمان و شەریکێکی بچووکە. دیپلۆماسی روسیاش بێ گومان بۆ گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لە بارەی قەیرانی سوریا، رۆڵی کاریگەری تایبەت بە خۆی هەیە و ئەمەش بە ئاراستەی بەرژەوەندی بەشار ئەسەد بووە، تاکوو ئێستا.

روسیا تەنها زلهێزێکە، کە ئامادەیە چەک و كه‌لوپه‌لی پێشکەوتووی سەربازی بە ئێران بفرۆشێت. سزا و گەمارۆکانی چەند ساڵی رابردووی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا، ئابوری و توانای سەربازی ئێرانی ئیفلیج کردووە.

لێرەدا گەورەترین بابەتێک، کە بۆتە هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکە، لێک نزیک بوونەوەی ئەمریکا و روسیا-یە. ترامپ تێبینی و رەخنەی توندی لە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی هەیە و بە رێککه‌وتنێکی گەمژانەی وەسف کردووە. تەنانەت هەڕەشەی ئەوەی کردووە، کە رێککەوتننامەکە هەڵدەوەشێنێتەوە. بە سەرنج دان بە پشتیوانی روسیا لە رێککەوتنی ئەتۆمی، هەڵوەشانەوەی رێککەوتنەکە جێی پرسیارە، بەڵام گومان لەوەدا نییە، کە ئیدارەی ترامپ، گوشاری زیاتر دەخاتە سەر ئێران و چەکی کوشندەی گەمارۆکان و زۆر هەنگاوی دیکەی لە دژی ئێران بەکار دێنێ. 

لە رەهەندێکی دیکەوە، ڤلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا، دەتوانێ بەربەستێکی گەورە بێت، لە بەردەم گوشاری زیاتر بۆ سەر ئێران. هۆکارێکی یەکەم ئەوەیە، کە هاوکاریەکانی تاران و مۆسکۆ لە سوریا، سەرکەوتووانە بووە، ئەم بوارە لە هاوکاری دەتوانێ بۆ بوارەکانی دیکەس تەشەنە بکات و تاقی بکرێتەوە.

ترامپ راشیگەیاندووە، کە ئۆگریه‌کی ئەوتۆی بە پڕچەککردنی ئۆپۆزسیۆنی سوریا نییە و هەر وەک گوتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاندووە، سەرۆکی ئەمریکا ئامادەیی خۆی دەربڕیوە، کە لە شەڕی دژ بە داعش لە سوریا، هاوکاری مۆسکۆ بکات.

لە وەها دۆخێکدا، پوتین دەتوانێ پەیوەندییەکی باشتر لە گەڵ ئیدارەی ترامپ، گرێ بدات. لێرەدا ئەم پرسیارە دێتە کایەوە کاتێک، کە پوتین دەتوانێ لە گه‌ڵ ئەمریکا پەیوەندییەکی باشی هەبێت، ئەو کات چ پێویستی بە ئێرانە؟ لێرەدا نابێ ئەوەش لە بیر بکرێ، تەنانەت ئەگەر ئەم پەیوەندییە باشە گرێ بدرێ، ناکرێ رکابەرایەتی و ململانێی دوو وڵات، لە سەر کۆمەڵێک پرسی دیکەی ناوچەیی پشت گوێ بخرێت. ئەمە مانای وایە ئێران دەتوانێ درێژە بە پەیوەندی و هاوپەیمانی خۆی لە گەڵ مۆسکۆ بدات و وەک رابردوو، لە ناوچەکە مانۆڕی هێز بدات.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com