نوچەنێت
کەناڵی هەواڵی سی.ئێن.ئێن لە راپۆرتێکدا دەڵێت: ستراتێژیستەکانی وەزارتی بەرگری ئەمریکا، خەریکی ئامادەکردن و داڕشتنی کۆمەڵێک پلان و رێوشوێنی نوێ بۆ وڵاتانی سوریا، ئەفغانستان و بە تایبەتی تر ئێرانن. ئامانج لەم پلانە نوێیانە، کە خۆی لە ستراتیژییەکی نوێدا دەبینێتەوە و بڕیار وایە رادەستی دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا بکرێت ئەوەیە، کە بەرەنگاری دەسەڵات و سیاسەتەکانی ئێران ببنەوە لە ناوچەکە.
سی.ئێن.ئێن ئەوەش دەخاتەڕوو، کە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا خەریکی تاوتوێ کردنی کۆمەڵێک بژاردەیە لە دژی داعش لە سوریا، تالیبان لە ئەفغانستان و ئێڕان لە ناوچەکە. بڕیار وایە ئەم پلانانە بخرێنە بەردەم ئیدارەی نوێی ئەمریکا، کە ترامپ سەرۆکایەتی دەکات.
بە پێی زانیارییەکانی سی.ئێن.ئێن، ئەم پلانانە زۆرتر لایەنی هێرشکارانەیان هەیە و گریمانەش دەکرێ، کە ئەمریکا ژمارەی هێزە زەمینیەکانی خۆی لە سوریا زۆرتر بکات. راپۆۆرتەکە گریمانە ئەوەش دەکات، ئەم بڕیارەی ئەمریکا رەنگە هەڕەشە و مەترسیەکانی سەر ئەمریکا زیاتر بکات.
سی.ئێن.ئێن راشیگەیاندووە، کە ئەم بژاردانە بەم زووانە دەخرێنە سەر مێز و لە ئیدارەی ترامپ گفتوگۆیان لە سەر دەکرێت. بڕیارە جەیمز ماتیس، بژاردەی پێشنیاری ترامپ بۆ وەزارەتی بەرگری و جۆزێف دانفۆڕد، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا، ئەم بەڵگانە بخەنە بەردەم ترامپ و پێکەوە کار لە سەر وردەکارییەکانی بکەن.
بە گوتەی بەرپرسان، بژاردەکانی پێنتاگۆن بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و پرسە گرنگەکانی جیهان لەوانە ئێران، بەم زووانە ئامادە دەکرێن و لە ئێستاشدا کاریان لە سەر دەکرێت.
بە پێێ راپۆرتەکەی سی.ئێن.ئین، بژاردەکانی وەزارەتی بەرگری لە سەردەمی باراک ئۆباماش ئامادەکراون، بەڵام لە لایەن ئۆباماوە رەتکراونەتەوە.
یەکێک لە بژاردەکان، رەوانەکردنی سەدان سەربازی ئەمریکایە بۆ گرتنەوەی شاری رەقەی سوریا، هەروەها بەکارهێنانی هێزەکانی تایبەت بۆ شەڕێکی راستەوخۆیە، کە بۆ یەکەم جار پێشنیار کراوە.
یەکێکی دیکە لە بژاردەکان، پڕچەک کردنی هێزەکانی یەپەگەیە لە لایەن پێنتاگۆنەوە. بەرپرسێکی پێنتاگۆن لەم بارەیەوە گوتوویەتی، ئەم بژاردەیە مشتومڕی لە سەرە و لەو رووەوە، کە جێێ نیگەرانی تورکیایە، سەرنجراکێشە.
سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا ئەوەشێان خستۆتەڕوو، کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران لە ناوچەکە، چەندین بژاردەی دیکە ئامادەکراون. ماتیس، ئەم دواییانە بەرەنگاربوونەوەی ئێرانی وەک یەکێک لە ئەولەوییەتەکانی خۆی ناوبردووە.
خاڵێکی دیکە لە بژاردەکان ئەوەیە، کە فەرماندە و بەرپرسانی سەربازی ئەمریکا لە هەوڵدان بۆ پێشگرتن بە گواستنەوە و رەوانە کردنی چەک بۆ یەمەن لە لایەن ئێرانەوە، دەسەڵاتێکی زۆرتریان هەبێ و بە دەستێکی کراوەترەوە بەرەوڕووی ئێران ببنەوە.
سی.ئێن.ئێن لە درێژەی راپۆرتەکەیدا ئاماژەوە بەوە کردووە، کە بژاردەیەکی دیکەت وەزارەتی بەرگری ئەمریکا دڵنیابوونە لەوەی، کە ئێڕان نەتوانێ رێڕەوی ئاوی گەرووی هۆرمۆز دابخات، لەم رووەشەوە رێوشوێنی تایبەتیان دیاری کردووە.
دەگوترێ ئەفغانستان ئامانجێکی دیکەی ستراتیژی سەربازی نوێی ئەمریکایە. بژاردەیەکی دیکە لەم پەیوەندیەدا، ئەنجامدان و رێکخستنی چەندین ئۆپەرایسۆنی گەورەیە لە باشور و رۆژهەڵاتی ئەم وڵاتە، لە دژی تاڵیبان.