نوچەنێت
لە رۆژانی رابردوو، لانی کەم سێ رووداو جێی سەرنج بوون. سێ ئاماژەی گرنگ، کە پێدەچێت ئێران ئۆگری ئەوەی تێدابێت، کە هەوڵ بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ سعودیە بدات.
دەربڕینی ئامادەیی لە لایەن ئێرانەوە بۆ ناردنی شاندێکی دانوستانکار بۆ ریازی پایتەختی سعودیە و ئەنجامدانی گفتوگۆ لە بارەی ناکۆکیەکانی ئەم دوو وڵاتە، سەبارەت بە رێوڕەسمی حەج، یەکەمین پەیام بوو، کە تاران رەوانەی سعودیەی کرد.
ئاماژەی دووەم، لێدوانەکانی ئیبراهیم جەعفەری، وەزیری دەرەوەی عێراق بوو، کە لە وتووێژێکدا لە گەڵ ئاژانسی هەواڵنێری دەنگ و رەنگی ئێران ئاشکرای کرد، کە لە ماوەی یەک ساڵی رابردوو، لە نێوان ئێران و سعودیە، نێوانگیری کردووە و پەیامی دوو وڵاتی ئاڵۆگۆڕ کردووە.
گرنگتر لەم دوو ئاماژەیە، لێدوانەکانی عەلی شەمخانی، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی ئێران بوو، کە گوتی: ئێران نە تەنها بە دوای رووخانی رژێمی ئالی سعودەوە نییە، بەڵکو پێی باشە ئەو هەوڵانەی، کە رووخان و خستنی ئەم رژێمەیان کردۆتە ئامانج، لەبار بچن.
هەموو ئەم رووداوانە تەنها لە یەک مانگی رابردوودا روویاندا. سەرباری ئەمانەش، سعودیە لە دانیشتنی ئۆپێک لە ڤییەنا، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان بڕیاریدا، کە رێژەی بەرهەمهێنانی خۆی کەم بکاتەوە، هاوکات بەرامبەر بە زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنانی نەوت، ئێران هیچ کاردانەوە و هەڵوێستێکی نەرێنی لە خۆی نیشان نەدا.
کۆی ئەم ئاماژانە، ئەو گریمانەیە بەهێز دەکات، کە ئێران لە رووی ناچارییەوە ئامادەیی تەواوی بۆ دانوستان و وتووێژ لە بارەی کەم کردنەوەی ناکۆکیەکانی لە گەڵ سعودیە هەبێت. ئەمەش لە کاتێکدایە، کە لە ماوەی رابردوو ئاستی ناکۆکی و ئاڵۆزی لە پەیوەندیەکانی دوو وڵات، لە ئاستێک توند بووەوە، کە جگە لە بواری سیاسی و دیپلۆماسی، کێشەکان بۆ بواری وەرزشیش شۆڕ بووەوە و تەنانەت، کێبڕکێی یانەکانی تۆپی پێی ئەم دوو وڵاتەی خستە ژێر کاریگەری خۆیەوە.
سەرباری ئەم ئۆگریەی ئێران و ئەو پەیامانەی، کە ئێران خستوویەتەڕوو، سعودیە لەم بارەیەوە پەلەی نییە، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هیوایەی، کە ئەم وڵاتە لە سەر سیاسەت و هەڵوێستەکانی دۆناڵد ترامپی هەڵچنیوە.
عادل جەبیر، وەزیری دەرەوەی سعودیە، لە لێدوانێکدا و بەوپەڕی گەشبینیەوە رایگەیاند، کە پێشوازی لە سیاسەتەکانی ترامپ لە هەمبەر بە ئێران و داعش دەکەن.
جەبیر لە میانەی کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانی لە پاریس رایگەیاند، کە بەڕێوەچوونی وتووێژەکان لە شاری ئاستانای کازاخستان، بە مەبەستی گەیشتن بە ئاگربەستێکی سەرتاسەری و گشتگیر بایی ئەوەندە دینێ، کە تاقی بکرێتەوە، بەڵام هاوکات هۆشداری دا، کە پەیوەندیەکانی سعودیە لە گەڵ رکابەری سەرەکی خۆی واتە ئێران، هەروا ئاڵۆزە و ئەم پەیوەندیانە تەنها ئەو کاتەی ئاسایی دەبنەوە، کە تاران ماڵئاوایی لە سیاسەتی دژایەتی و دوژمنکارانەی خۆی لە دژی سعودیە بکات و چیدی ئەمن و ئاسایشی ناوچەکە نەخاتە ژێر هەڕەشە و مەترسییەکانی خۆیەوە.