نوچەنێت
شەوی یەکشەممەی رابردوو، 15ی جانیوەری، ئاژانسەکانی هەواڵی ئێرانی بە فەرمی رایانگەیاند، کە پاسدار عەمید ئیرەج مەسجدی، راوێژکاری قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران، وەک باڵوێزی نوێی ئەم وڵاتە لە عێراق دیاری کراوە و جێگای حەسەن دانایی فەرد، دەگرێتەوە.
راگەیاندنی ئەم هەواڵە لە کاتێکدا بوو، کە چەند رۆژ پێشتر، سەرچاوە نافەرمیەکان و بە تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەواڵی دیاریکردنی مەسجدییان، وەک بالوێزی نوێی ئێڕان لە عێراق، بڵاو کردبووەوە.
ئاژانسی هەواڵدەریی ئیسنا وێڕای پشتڕاست کردنەوەی ئەم هەواڵە، نووسی: عەمید مەسجدی، لە فەرماندە بە ئەزموونەکانی شەڕی 8 ساڵەی ئێران و عێراق، بە حوکمی سەرۆککۆماری بۆ ئەم پۆستە دەستنیشان کراوە. سەرچاوە عێراقییەکان بەرامبەر بەم هەواڵە کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبوو، بەڵام هەندێک لە سەرچاوەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە بە سەرنجدان بە ئەزموون و رابردووی چالاکیەکانی مەسجدی لەم وڵاتە، پێدەچێت دەوڵەتی عێراق پێشوازییەکی گەرم لەم بڕیارە بکات. هەروەها باس لەوە کراوە، کە نابراو لە ماوەی مانگی داهاتوودا بە فەرمی دەستبەکار دەبێت.
راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە مەسجدی بە رابردووی کاروچالاکی زیاتر لە ٣٥ ساڵ لە سوپای پاسداران و ئاشنایەتی و ناسیاوی ناوبراو لە دۆخی ئەمنی و سیاسی و قەومی عێراق،لای سیاسیەکانی عێراق کەسێکی قابلی قبووڵ دەردەکەوێ ،بە تایبە بە لای لایەنە شیعەکان و گروپە بەستراوەکان بە ئێرانەوە.
حەسەن دانایی فەرد، باڵوێزی ئێستای ئێران لە عێراق بۆ ماوەی نزیک بە شەش ساڵە لە پۆستەکەیدا چالاکی و هەڵسووڕانی هەیە.بە سەرنجدان بە بواری چالاکیەکانی بە تایبەت بە لیژنەی ئابوری ئێران و عێراق،ناوبراو وەک کەسێک دەناسرێت کە لە ماوەی بوونی لەم وڵاتە کۆمەڵێک چالاکی و پڕۆژەی ئابوری بە ئەنجام گەیاندووە.
مەسجدی لە گوتارێکدا پێش ئەوەی بۆ ئەم پۆستە دیاری بکرێت رایگەیاندبوو، کە تەکفیریەکان بە نیازن تێکڕای پیرۆزیەکان و بیروباوەری شیعەکان لە ناو ببەن، بەڵام ئێمە رێگەیان پێنادەین دەستدرێژی بکەنە سەر شوێنە پیرۆزەکانی شیعە، لە عێراق و سوریا.
مەسجدی لە لێدوانێکی دیکەدا، هۆشداری دابووە وڵاتانی عەرەبی و لەو نێوەدا سعودیە، ئیمارات، وڵاتانی کەنداو و ئەمریکای بەوە تۆمەتبار کرد، کە بە شێوەیەکی بەربڵاو پشتگیری داعش دەکەن.
دانانی مەسجدی بۆ ئەم پۆستە، چەند ئاماژەیەک دەگەیەنێ، یەکەم ئەوەی، کە بە دەگمەن هەڵکەوتووە، کە کۆماری ئیسلامی باڵوێزەکانی راستەوخۆ لە نێو ئەندامە باڵاکانی سوپای پاسداران هەڵبژێرێت. لایهنێکی دیکەی ئەم دیاریکردنە، ئەو مانایە دەگەیەنێ، کە سوپای پاسداران لەم رێگەوە دەیهەوێ دزە بکاتە ناو چارتی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە تایبەت، کە دانانی مەسجدی هەڵگری زۆر مانا و ئاماژەیە، ئەویش لە وڵاتێک بە ناوی عێراق، کە مەیدانی ململانێی ئەمریکا و ئێرانە. مانایەکی دیکە ئەوەیە، کە سوپای پاسداران، پلانی ورد و هەمە لایەنەی هەیە بۆ عێراق.
لە وێڕا، کە باڵوێزەکان وەک دیپلۆمات، دەبنە ئەندام و کادیرێکی وەزارەتی دەرەوە، لێرەدا روون نییە، کە لە رووی یاسایی و قانوونیەوە بوونی کەسێکی سەربازی و دانانی بۆ ئەم پۆستە، بە چ شێوەیەک پاسا و هەڵدەگرێت؟
دیاریکردنی مەسجدی، دواجار هەواڵێکی دڵخۆشکەرە بۆ حەشدی شەعبی. هەر چۆنێک بێت حەشدی شەعبی، هێزێکی ئایدیۆلۆژی و سەربازی ژێر رکێفی کۆماری ئیسلامی ئێرانە. پێدەچێت سوپای پاسداران، لە ژێر رێنویەکانی قاسم سولەیمانی، پلانی تۆکمەی هەبێت، کە پێکهاتەی سیاسی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بگۆڕێت بۆ پێکهاتەیەکی سەربازی، ئەمەش راست ئەو پلانەیە، کە وڵاتانی ئامادە و بەشداری ململانێێ سیاسی و سەربازی عێراق و سوریا، لێ بە گومان بوون. پێدەچێت ئەم پلانەی سوپای پاسداران، سەرلەبەری دام و دەزگاکانی دیکەش بگرێتەوە.