بۆ چی پوتین بەرامبەر بە ئیسرائیل بێ دەنگە؟

0

نوچه‌نێت

ئیسرائیل زیاتر لە رابردوو، هێڕشە دەکاتە سەر ئامانجە سەربازییەکانی سوریا، بەڵام روسیا وەک هاوپەیمان و شەریکێکی سەرەکی ئەسەد، بەرامبەر بەم هێرشانە، هیچ دژکردەوەیەک لە خۆی نیشان نادات.

ئەمە ئیتر بۆتە باو، کاتێک، کە سوپای ئیسرائیل بنکە سەربازییەکانی سوریا دەکاتە ئامانج، رژێمی سوریا هەڕەشە دەکات، بە بێ ئەوەی کردەوەیەکی بەدواوە بێت.

نیوەشەوی هەینی رابردوو، ئیسرائیل فڕۆکەخانەی سەربازی مەزەی سوریای کردە ئامانج، کە تەنها 4 کیلۆمەتر لە گەڵ کۆشکی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە، مەودای هەبوو. هەر چۆنێک بێت بەشار ئەسەد، بە باشی دەنگی تەقینەوەی موشەکەکانی ئیسرائیلی بیستووە.

رۆژی دواتر میدیاکانی ئیسرائیل رایانگەیاند، کە سوپای ئەم وڵاتە، ژمارەیەک موشەکی زەوی بە ئاسمانیان لەناو بردووە. وا دەردەکەوێ، کە ئەم هێرشە بۆ سەر كۆگای تەقەمەنی بووە و بڕیار وا بووە ئەم تەقەمەنیانە، رەوانەی لوبنان بکرێن و لەو رێگەشەوە رادەستی میلیشیاکانی حزبوڵڵای سەر بە ئێران بکرێن.

لانی کەم 15 هێرش

ئیسرائیل بە فەرمی لە بارەی ئەم هێرشەوە، هەڵوێست یان روونکردنەوەی نەبووە. دیارە ئەمە ستراتیژی تەلئەبیبە، کە دۆست و دوژمنانی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ چۆنیەتی هەڵسوکەوت لە گەڵ سوریا، دەخاتە گومانەوە.

ژمارەی هێرشەکانی ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوو بۆ سەر سوریا، بە لانی کەمەوە 15 جار بووە، لەوانە هێرش بۆ سەر فەرماندە باڵاکانی حزبوڵڵا، لەوانە جیهاد مەغنیە، سەمیر قەنتار و کاروانەکانی چەک و چۆڵی ئێرانی، کە بە هۆی ئەم وڵاتەوە، رادەستی حزبوڵڵای لوبنان دەکرێن. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئیسرائیل هیچ کات نەبۆتە لایەنێک لە شەڕی ناوخۆی سوریا.

لە لایەکی دیکەوە، دەوڵەتی نەتانیاهۆ، هیچ کات سەبارەت بە دەستوەردانەکانی روسیا، لە کاروباری سوریا و هێرشه‌ ئاسمانییەکانی لەم وڵاتە، هەڵوێستی وەرنەگرتووە. ئەمە لە کاتیکدایە، کە سوپای روسیا لە سەر خاکی سوریا، سیستمی موشەکی ئێس 300 و ئێس 400 جێگیر کردووە و دەتوانێ زۆر بە ئاسانی خاکی ئیسرائیل بکاتە ئامانج.

بە رواڵەت، جێگیرکردنی سیسته‌مەکانی راداری پێشکەوتووی روسی و سیسته‌می بەرگری دژە موشەکی، ئیسرائیلی هیناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە بۆ هێرشکردنە سەر فڕۆکەخانەی مەزە،فڕۆکەی شەڕکەر بە کار نەبات بەڵکوو موشەکی زەمین بە زەمین بە کار بێنێ.سەرەتای مانگی دیسەمبەری رابردووش،ئیسرائیل هەر بەو شێوەیە هێرشی کردسە سەر ئامنجێکی سەربازی سوریا.

خاڵی جێی سەرنج لێرەدایە کە تاوەکوو ئێستا روسیا هیچ بەربەستێکی لە بەردەم ئەم هیرشانەی ئیسرائیل بۆ سەر سوریا دروست نەکردووە، تەنانەت لە دوایین نموونەی ئەم هێرشانەدا، کرملین بێ ده‌نگی تەواوی هەڵبژارد.

لایەنگرانی ئەسەد بەرامبەر بەم بێ دەنگی و بێ هەڵوێست بوونەی مۆسکۆ، دەنگی ناڕەزاییان بەرزکردۆتەوە، ئەوان دەڵێن سیسته‌می پێشکەوتووی بەرگری و موشەکی مۆسکۆ لە سەر خاکی سوریا، جێگیرە و بە ئاسانی دەتوانن موشەکە کرۆزەکانی ئیسرائیلی بکەنە ئامانج، بەڵام هۆی ئەم بێ دەنگییە بە لایانەوە ناڕوونە.

بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی پوتین و نەتانیاهۆ

مۆسکۆ نە ئۆگری بە ئاڵۆزی زیاتر لە ناوچەکە هەیە و، نە دەیهەوێ ببێتە لایەنێک لە کێشە و ململانێکانی حزبوڵڵا و ئیسرائیل.

ستراتیژیستەکانی کرملین، به‌ باش ئاگادارن، کە ئیسرائیل هیچ کات ئامادە نییە، بە هیچ هۆیەکەوە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی، بخاتە مەترسی و سازشی لە سەر بکات. هەر چەند روسیا، بە هەموو هێزیەوە پشتیوانی لە رژێمی ئەسەد دەکات، بەڵام ئامادەیی ئەوەی تێدا نییە، کە بە هۆی دیکتاتۆرەکەی سوریاوە، خۆی لە گەڵ مەترسی پێکدادانێکی سەربازی لە گەڵ ئیسرائیل بەرەوڕوو بکاتەوە.

نەتانیاهۆ و پوتین، لە ساڵانی رابردوو هەوڵیان داوە، کە پەیوەندییەکانی دوو وڵات بەرەو دۆخێکی باشتر ئاراستە بکەن. لە پاییزی 2015 بەم لاوە، ئەم دوو بەرپرسە، چوار جار کۆبوونەتەوە. سەرباری ئەم دیدار و چاوپێکەوتنانەش، بەردەوام لە پەیوەندی تەلەفۆنیدان. هەر چەند روسیا بە گوێرەی پێویست لە ئەنجومەنی ئاسایش پشتی لە ئیسرائیل کردووە، بەڵام هاوکات لە ناکۆکی و جیاوازطیەکانی ئۆباما و نەتانیاهۆ، کەڵکی خۆی وەرگرتووە.

روسیا، ئیسرائیل بە هاوبەشێکی گرنگی خۆی هەژمار دەکات، لە ناوچەکە. لە ئێستادا دانوستان و پەیوەندی گەرم لە نێوان دوو وڵات بەرپایە. گەشتیارانی روسی دووەمین گروپی گەشتیارانی سەردانکەر بۆ ئسیرائیل، هەژمار دەکرێن.

سێ کەس لە وەزیرانی کابینەی نەتەنیاهۆ، بە زمانی روسی قسە دەکەن. ناسراوترینیان، ئاویگدۆر لیبێرمەن، وەزیری بەرگرییە. لەو کاتەوە، کە بۆتەوە وەزیری بەرگری، لە سەر پەیوەندییەکانی مۆسکۆ و تەلئەبیب تەرکیزی کردووە.

دوا بابەت و فاکتەری گرنگ لەم بارەیه‌وە، روانینی دەزگای ئەمنی ئیسرائیلە، کە پێیوایە ئەسەد، دوژمنێکی قابیلی پێشبینییە، بەڵام تێکچوونی دۆخی سیاسی لە سوریا و بە دەسەڵات گەیشتنی سەلەفییەکان، کە خەون بە ئازادی و کۆنتڕۆڵکردنەوەی “بیت المقدس”ەوە دەبینن، مۆتەکەی هەرەگەورەیە بۆ ئیسرائیلیەکان. لێرەوەیە، کە بەرژەوەندییەکانی پوتین و نەتانیاهۆ دەقاودەق دەبن.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com