نوچەنێت
نوێنەرانی نزیک بە 70 وڵاتی جیهان لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا کۆبوونەتەوە، تا داوا لە ئیسرائیل و فەلەستینیەکان بکەن بۆ جارێکی دیکە و لە پەیوەندی لە گەڵ پێکهێنانی ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە سەر مێزی وتووێژ کۆببنەوە.
لە کاتێکدا دامەزراوەی خۆبەڕێوەبەری فەلەستین پێشوازی لەم کۆنفڕانسە کردووە، دەوڵەتی ئیسرائیل بە پێچەوانەوە مەحکومی کردووە و هاوکات لە گەڵ ئەوەی، کە بایکۆتی کردووە راشیگەیاندووە، کە ئامانجەکانی ئەم کۆنفرانسە لە بنەڕەتدا دژە ئیسرائیلییەوە و ئەم وڵاتە، بە هیچ شێوەیەک پابەندی بڕیارەکاننی کۆنفرانس نابێت.
چاوەرێ دەکرێ، لە کۆتایی ئەم دانیشتنانەدا، بەشداربووان و لایەنەکانی بەشدار لە کۆنفرانسەکە دەنگی خۆیان بخەنە پاڵ گەڵاڵەی دوو وڵاتی سەربەخۆ و پشتیوانی لەم نەخشەرێگایە بکەن.
کۆشكی سپی رایگەیاندووە، کە جۆن کێری، سەرۆکی دەزگای دیپلۆماسی ئەم وڵاتە بەشداری دانیشتنەکان دەبێت.
جێێ ئاماژەیە، گفتوگۆکانی نێوان ئیسرائیل و فەلەستینیەکان، لە سێ ساڵ لەمەوبەرەوە راگیراوە، دواینن دانیشتنی ئیسرائیل و لایەنە فەلەستینیەکان دەگەڕێتەوە، بۆ ساڵی 2014، کە ئەمریکا راستەخۆ نێوانگیری و سەرپەرەشتی دەکرد، بەڵام بێ ئەوەی ئەنجامێکی بەدواوە بێت، شکستی هێنا.
بەڕێوەبەرانی ئەم کۆنفڕانسە، داوایان لە ئیسرائیل و فەلەستینیەکان کردووە، کە سەرنج و گرنگی بە ئەنجامەکان و راگەیێندراوی کۆتایی دانیشتنەکان بدەن، بەڵام بەشداری تێدا نەکەن.
ئەم دانیشتنانە لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت، کە لە ماوەی مانگەکانی رابردوودا، ئاڵۆزی و گرژی نێوان لایەنەکانی فەلەستینی و ئیسرائیل، بە رێژەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئەم بارگرژییانە لە ماوەی چەند هەفتەی رابردوودا، گەیشتە ئەو پەڕی خۆی. راست ئەو کاتەی، کە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان، بە دەنگی بێ لایەنی ئەمریکا، بڕیارنامەیەکی لە دژی ئیسرائیل دەرکرد، بڕیارنامەکە داوای لە ئیسرائیل کردووە، کە کۆتایی بە سیاسەتەکانی خۆی لە پەیوەندی لە گەڵ دروستکردنی ئۆردوگاکانی ئیسرائیل، لە سەر خاکی فەلەستینیەکان بێنێ. ئیسرائیل وەک دژکردەوەی بەرامبەر بەم بڕیارەی ئەنجومەنی ئاسایش چەند هەڵوێستێکی وەرگرت. یەکەم ئەوەی، کە تێکڕای باڵوێزانی وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنی ئاسایشی بانگهێست کرد و هۆشداری پێدان، تەنانەت بە باڵوێزی ئەمریکاشەوە.
لە هەڵوێستێکی دیکەدا، ئیسرائیل رایگەیاند، کە بەشێک لە یارمەتیە داراییەکانی بە نەتەوەیەکگرتووەکان هەڵدەپەسێڕی. هاوکات ئیسرائیل رایگەیاند، کە پابەندی خالەکانی بڕیارەکەی ئەنجومەنی ئاسایش نابێت و رایگەیاند، کە بە لای ئێمەوە قابلی قبووڵ نییە.
بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆکوزیرانی ئیسرائیل ئیدارەی ئۆبامای بەوە تۆمەتبار کرد، کە داڕێژەر و پشتیوانی پشتی پەردەی بڕیارەکە بووە، پڕوپاگەندە، کە کۆشكی سپی رەتکیکردەوە.
بە پێی زانیارییەکان، بڕیار وایە لە راگەیەندراوی کۆتایی کۆنفرانسی جیهانی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە لە پاریس بەڕێوەیە، داوا لە فەلەستینیەکان و ئیسرائیل دەکرێ، کە پابەندی نەخشەرێگای پێکهێنانی دوو وڵاتی سەربەخۆ و لێک جیاواز بمێننەوە.
هاوکات دەنگۆی گواستنەوەی باڵوێزخانەی ئەمریکا، بۆ “بیت المقدس” بە رادەیەکی زۆرتر دۆخەکەی ئاڵۆزتر کردووە، بە جۆرێک، کە مەحمود عەباس، سەرۆکی دامەزراوەی خۆبەڕوەبەری فەلەستین بۆ پێشگرتن بەم بڕیارەی ئیسرائیل، داوای یارمەتی لە ڤێلادیمیر پوتین، سەرۆککۆماری روسیا کردووە.