پرسە نامە.. بۆ بەڕێز ئارام ئەحمەد

0

برای ئازیز و خۆشەویستمان کاک ئارام ئەحمەد

بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی کۆچی دوایی خوشکێکی بەڕێزتانمان بیست

بەو هەواڵە دڵتەزێنە ناڕەحەت و خەمبار بوین، خۆمان بەهاو بەشی خەمتان دەزانین، بەداخەوە لەتواناما نەبوو بێمە خزمەتتان و لەنزیکەوە هاوخەمی خۆمانت پێ بگەیەنم.

ئەوەی لەدەستمان دێت هاوبەش بوونی راستەقینەمانە لەوخەمە گرانەی بەڕێزتان، داواکارم لەخوای گەورە سەبوری خەمی هەموولایەکمان بدات و بەهەشتی نەبراوەی خۆی بکاتە نسیبی خوالێخۆشبوو خوشکە بەڕێزەکەمان، هەروەها لەخوای گەورە دەخوازین ورە و هێزی زیاتری بەرەنگاری ئەم خەمە گەورە بەئێوەی ئازیز ببەخشێت.

جارێکی تر هاوبەشی خەمتانم

رزگار رەزا چوچانی

سەرنوسەری نوچەنێت

تێ بی نی: ئارام ئەحمەد یەکێک لە نوسەرە دیارەکانی کوردە، بەرپرسی ژووری دەنگی ئۆپۆزسیۆنە لەپاڵتاک، جیا لەوەی زۆر لەسەر پرسە سیاسیەکان قسەی خۆی هەیە، خاوەنی چەندین شعرو تێکستی ئەدەبیە، لەزۆربەی ئەو تەوەرانەی نوچەنێت سازی کردوون، ئارام ئەحمەد بەراکانی خۆی و بەوتار بەشداری هەبووە.

….

ئارام ئەحمەد لە پرۆفیلی خۆی لەفەیسبووک ئەم پەیامەی بەهۆی کۆچی دوایی خوشکەکەیەوە نوسیوە کە ئێمە لەگەڵ ئەم پرسە نامە بڵاوی دەکەینەوە.

ئۆف لەم بەیانیەیش

بۆ مەرگی خوشکە بچکۆلەکەم،کە ئەم بەیانییە گیانی لەدەست دا….
چیم لەدەست دێت خوشکە بچکۆلەکەم،لە تۆ تەنهاتر من و لە منیش تەنها تر تۆ،ئەوشەوە چەشنی جاران،لە خەونمدا هاتمە بەردەگاکەتان،تۆ بە باڵای بەرزتەوەو منداڵێکت لە باوەش گرتبوو،کە منت بینی منداڵەکەت داناو باوەشت پێدا کردم،هەردوکمان تێر تێر گریاین،دەزانی هەندێ خەوون هەیە دێتە دی؟ئەوەنەبوو،بۆ بەیانیەکەی تەلەفۆنم بۆ کردی وهەردوکمان تێر تێر گریاین؟ئاخر ڕۆژگارەکەی ئێمە وایە چاوەکانم،تەنها دەتوانین بە تەلەفۆن بگرین،ئێستا کە ئەم چەند دێڕە دەنووسم،ئۆف لەم بەیانییە، دڵە گەورەکەم،هەواڵی مەرگی تۆم بیست،چەند ڕوو زەردم، ئێوە دەمرن و لەم دورەوە فرمێسکتان بۆ هەڵدەوەرێنم،کە نەورۆزی دوو هەزارو پێنج عومەری برام مرد،هەروام کرد،دەزانی بەمەرگی تۆو عومەردا زانیم چاووم ئەوەندەی ئاوی تێدایە؟چی بکەم دڵە گەورەکەم، ژیان مەودام نادا،ناتوانم نە کوڕەکەت لەباوەش گرم،نە سەری کەیلی کچەکەت،من کەسم پێنالاوێتەوە،ئێوە کۆچ دەکەن و من ناتوانم لە پرسەکەتاندا بەشدار بم.ئۆف لەم بەیانییە،کە مەرگی ناوادەی تۆ لە ڕەگەوە دەریکێشام ئای کە وێرانم.
ئەی سەیوانی ئەم بەهارە گەڵا ڕێزانەی من،تۆزێ تر خوشکە بچکۆلەکەی من دێتە لات،بە خۆیی وسی وهەشت پایزی خەمگینەوە،تۆ بیت و جوانیەکانی خۆت،تۆ بیت وئاغری وسەنگینیەکانت،تۆ بیت و ئەرخەوانە سوورەکانت، تۆبیت وئەو ویقارەی کە تەنها لە تۆدا دیوومە،ئەوخوشکەی من لە باوەشگرە،باوەشێک هەست بە ئارامی،ئارامی بکات.

ئارام ئەحمەد

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com