نوچەنێت
هەشت ساڵی تەواو نیشتەجێی کۆشکی سپی بوو. سەرباری هەموو بەربەست و ئەو رەخنانەی، کە دەهاتە سەر رێگای، وێنەیەکی جیاوازی لە سیاسەت و هەلوێستەکانی ئەمریکا خستەڕوو. باراک ئۆبامای رەش پێست، تا دوایین رۆژەکانی مانەوەی لە سەر کورسی دەسەڵات و کۆشکی سپی، هەوڵی دا ئەم وێنەیە بپارێزێت و خاوەنداری لێبکات.
بەرچاوتری وێنەی ئەم گۆڕانکاری و ئاڵوگۆڕانە لە ناوخۆی ئەمریکا و بۆ ئەمریکیەکان گەڵاڵەی چاکسازی بەرنامەی تەندروستی بوو، کە دواتر بە “ئۆباماکێر” ناوبانگی دەرکرد. ئێستا دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی تازەهەڵبژیردراوی ئەمریکا، بە نیازە ئەم بەرنامەی ئۆباما لە بەر یەک هەڵبوەشێنێتەوە.
ئۆباما تا ئێستا کۆڵی نەداوە. ئەو هەفتەی رابردوو4ی جانیوەری، بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو، چووە کۆنگرێسی ئەمریکا و داوای لە نوێنەرانی کۆنگرێس کرد، کە رێگە نەدەن ئەم دەستکەوتە کۆمەڵایەتیە لە کیس بچێت. یاسایەک، کە لە 2010 بە دواوە تاکوو ئێستا ئەو دەرفەتی بە زیاتر لە 20 ملیۆن هاوڵاتی ئەمریکی داوە، کە لە بیمەی تەندروستی هەرزان و گونجاو سوودمەند بن.
ئۆباما لە رۆژەکانی کۆتایی ساڵی 2016 بڕیاری دا کە 35 کەس لە دیپلۆماتکاران و کارمەندانی دەزگای زانیاری روسیا لە ئەمریکا، دەربکرێن، هەر بۆیە بە پێی بڕیاری ناوبراو نووسینگە و شوێنی کارەکانیان لە مریلەند و نیۆیۆرک داخرا.
هۆی ئەم بڕیارەی ئۆباما، دەگەڕێتەوە بۆ راپۆرتی دەزگای زانیاری ئەمریکا(سی.ئای.ئەی) کە بەو پێێە، مۆسکۆ رۆڵی هەبووە لە هێرشە سایبەریەکانی سەر کەمپەینی هەڵبژاردنی دیموکراتەکان و هاک کردن و بڵاو کردنەوەی زانیاری گەورە بەرپرسانی ئەم پارتەی ئەمریکا. ئیدارەی ئۆباما بەو ئەنجامە گەیشتووە، کە روسیا و لە سەرووی هەموویانەوە ڤلادیمیر پوتینی سەرۆککۆمار، راستەوخۆ دەستوەردانی کردووە، لە رەوتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەم وڵاتە.
خوێندنەوە و دژکردەوەی ئۆباما بە دیاریکراوی جیاوازە و لەم رووەوە لە روانگەی سیاسییەوە لە گەڵ دۆناڵد ترامپ، خاڵی جیاوازی زۆرە. ترامپ خوازیاری نەرمی نواندن و رەفتاری سیاسی نەرم و نیانە لە بارەی مۆسکۆوە.
روانگەی ئەم دوو کەسایەتیە سیاسەی ئەمریکا، لە بارەی ژینگەشەوە جیاواز و جیاوازیەکانیش جێی سەرنجن. ئۆباما رێککەوتنی پاریسی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا واژۆ کرد، کە چی کۆماریەکان لە دژی ئەم رێککەوتنە وەستانەوە و لە ئێستادا، کە دەسەڵاتیان لە کۆنگرێس و کۆشکی سپی بە دەستەوە گرتووە، هەڕەشەی ئەوەیان کردووە، کە بڕیارەکان و بەڵێنەکانی ئۆباما لەم بارەیەوە هەڵدەوەشێننەوە و پێوەی پابەند نابن.
سەرباری ئەمانەش، ئۆباما رۆژی دووشەممە 9ی جانیوەری، بە بڵاو کردنەوەی یاداشتێک لە گۆڤاری بەناوبانگی “زانست” بەڵێنە ئەخلاقی و مرۆییەکانی وڵاتەکەی بەرامبەر بە گٶڕانکاریەکانی ژینگە، وەبیرهێنایەوە و لە گۆشەنیگای ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە، جەختی لە خاڵە ئەرێنیەکانی بڕیاراتی خۆی کرد و نووسی، کە ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، نابێ رێککەوتنی پاریس لە بیر بکەن و هەوڵی پێشێل کردنی بدەن.