گەمەی سیاسی لە دوای رەفسەنجانی

0

نوچه‌نێت

مەرگی سیاسییەکی کۆنەکار لە تەمەنی 82 ساڵیدا، دیاردەیەکی سەیر نییه‌، بەڵام دەرهاویشتەکانی نەمانی هاشمی رەفسەنجانی لە پانتای سیاسەتی ئیران، بە رادەیەک گرنگە، کە دەکرێ وەک جەڵتەیەکی دڵ بۆ سەر  باڵێکی سیاسی لە ئێران لێکبدرێتەوە، هەمان ئەو باڵەی، کە بە ریفۆرمخواز و میانەڕەو ناسراوە.

هاشمی رەفسەنجانی، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، کۆڵەکەی سەرەکی ریفۆرمخوازان و هێزە پەراوێزخراوەکانی ناو بازنەی دەسەڵات بووە و لە ئێستادا مەرگی ناوبراو، دەتوانێ بۆشاییەکی گەورەی سیاسی دروست بکات و ریزبەند و هاوکێشە سیاسیەکان لە ناوخۆی ئێران بە تەواوەتی بگۆڕێت.

یەکەمین بۆشایی دوای مەرگی رەفسەنجانی، بەرەوڕووی دەوڵەتی روحانی دەبێتەوە. لە رۆژە سەختەکانی دوای رێککەتونی ئەتۆمی و لە سەروبەندی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری لەم وڵاتە، حەسەن روحانی، زیاتر لە هەموو کات پێویستی بە لۆبیگەری و پشتوانی سیاسی هەبوو، بەڵام ئێستا دەبێ بە تەنها شان بدات ژێر ئەم بارە قورسە. کەسایەتی میدیایی و بە بڕشتی رەفسەنجانی، لە بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوەکانی ناو دەسەڵات و تەنانەت خودی رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران، رۆڵێکی گرانی لە هاوسەنگ کردنی ململانێ و هاوکێشە سیایسیەکانی ناو دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هەبوو. لێرە بەدواوە، باڵی ریفۆرمخواز ئەم سەنگ و قورساییەی رابردووی نامێنێ.

لە بواری دامەزراوەکانەوە، نەبوونی هاشمی، بە تایبەت لە کۆڕی دیاریکردنی بەرژەوەندییەکانی رژێمی ئێران، دەبێتە هۆی پەراوێزخستن و وەلانانی بەشێکی زۆر لە هێزە رەخنەگر و ریفۆرمخوازەکان، کە پێشتر لە ژێر عەباکەی رەفسەنجانی کۆدەبوونەوە. ئەم بۆشاییە بۆ روحانیش خەسارێکی گەورەی بەدواوە دەبێت، بە تایبەت، کە چاوەڕوان دەکرێ جێگرەوەی رەفسەنجانی کەسێکی توندڕەو بێت.

لە لایەکی دیکەوە، مەرگی هاشمی بە مانای مەرگی هەندێک لە خەون و ئارەزووە سیاسییەکانی ریفۆرمخوازەکانە، بۆ نموونە گۆڕینی یاسایی بنچینەیی، بە شوورایی کردنی رێبەری و بەهێز کردنی رۆڵی چاودێری کردنی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری بە سەر شەخسی رێبەردا. رەفسەنجانی لە دواساڵەکانی ژیانی، باسی لەم خەونانە کردبوو. ئەو تەنانەت لە پێش مەرگی خومەینی ئەم خەونانەی هەبوو، بەڵام زۆر درەنگ كه‌وت.

هاشمی رەفسەنجانی، لە رووی سیاسییەوە کەوتبووە چەقی گروپێک لە سیاسیەکانی ئێرانی، ئەو نە تەنها رەوتی ریفۆرمی ئاراستە دەکرد، بەڵکوو توانیبووی بەشێک لە توندڕەوەکان داببڕێنێت و دەنگی ئەوان بخاتە پاڵ دەنگی دەوڵەتەکەی روحانی. سیما ناسراوەکانی وەک ناتق نوری، عەلی ئەکبەر ویلایەتی و عەلی لاریجانی، لە ئێستادا مۆرەیەکی سیاسی گرنگیان لە دەست داوە. ئەمەش راستەوخۆ کار دەکاتە سەر دۆخی ئایندەی ریفۆرمخوازەکان. هاشمی بە لانی کەمەوە دەیتوانی پێش بە توندڕەویەکانی خامنەیی بگرێت. بە مەرگی رەفسەنجانی، یەکێک لە کاناڵە شوێندانەرەکانی لە سەر بڕیارەکانی عەلی خامنەیی، کەم دەبێتەوە و توندڕەوەکان دەتوانن زۆرتر و بەهێزتر لە جاران گەمارۆی خامنەیی بدەن. رەفسەنجانی هێمای سیاسەت کردن لە سەردەمی خومەینی بوو، بەڵام ئێستا دەکرێ پڕوپاگه‌نده‌ بکەین، کە بە مەرگی ناوبراو، رەوتی “هێڵی خومەینی” زیاتر لە هەموو کاتێک لە کۆتاییەکانی خۆی نزیک بۆتەوە.

مەرگی رەفسەنجانی، هەروەها شوێندانەر دەبێت لە سەر دۆخی دوو جەمسەری سیاسی ئێران. بەم حاڵەشەوە مەرگی رەفسەنجانی، دەرفەتێکە لە بەردەم حەسەن روحانی، کە بە پلەی یەکەم خۆی لە ژێر قورسایی  و سێبەری ناوبراو دەباز بکات، پاشان بتوانێ بۆشایی نەبوونی ناوبراو پڕ بکاتەوە. هەر چۆنێک بێت لەم رووەوە روحانی شاگرد و قوتابی یەکەمی رەفسەنجانی بوو. ئێستا دۆخ، دۆخی تاقیکردنەوەی روحانییە، لە نەبوونی خاتەمی، کەڕوبی و موسەوی، مەیدان بۆ روحانی کراوەیە. گەمەی سیاسی لە ئێران، دەچێتە قۆناغێکی نوێیوە. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com