رۆڵی ئەسەد لە بەهێزبوونی داعش چ بوو؟

0

نوچەنێت

لە روانینی یەکەم، داعش و بەشار ئەسەد، دوژمنانی سوێندخواردووی یەکترن. بەشار ئەسەد، دیکتاتۆرێکی سێکۆلار و لە پێڕەوانی فیرقەی عەلەوی ئیسلامییە. لە هەمان کاتدا، سەرکردە ئیسلامی داعش، کۆمەڵێک دەمارگرژی سوننەن و پڕوپاگەندەی نوێنەرایەتی خودا دەکەن، بۆ بەرپاکردنی دەوڵەتێکی ئیسلامی. لۆژیک پێمان دەڵێت، داعش  و ئەسەد، بە تەمای لەناوبردن و بنەبڕکردنی یەکترن. بەڵام لە بیرمان نەچێت، مەنتق لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کاریگەری نییە. راستییەکەی ئەوەیە، کە ئەسەد شەڕی پاراستنی دەسەڵات دەکات، ئاماژەکان پێمان دەڵێن، ئەسەد بە خشکە هاوکاری ئەو لایەنانە دەکات، کە بڕیار بوو لە ناوی ببەن. کەسانێک، کە ئەسەد زۆر چالاکانە یارمتی کردن، تا ببنە خاوەن هێز و دەسەڵات. بیرکردنەوەی پشتەوەی ئەم ستراتیژیە بە رواڵەت ئینحرافییە، سادە و روونە. ئەسەد نیازی وایە خەڵکی وڵاتەکەی و رۆژئاواییەکان ناچار بکات، مل بۆ هەڵبژاردنێکی نابەدڵ رابکێشن، یان دەبێ بۆ خۆی لە دەسەڵات بمێنێتەوە یان ئەویە، کە سوریا رادەستی داعش بکات. لێرەدا ئەسەد پێی وایە خەڵکی سوریا و دەوڵەتەکانی رۆژئاوایی لە نێوان ئەو و داعش، خۆی هەڵدەبژێرن.

بەڵام ئەم پلانە، تا ئەو کاتەی کارایە، کە داعش بەهێزترین هێزی دژبەر بێت. بەڵگەکان دەری دەخەن، ئەسەد هەموو هەوڵی خۆی داوە تا ئەم گریمانیە بێتە دی و پلانەکەی سەربگریت. لە ساڵی 2012، داعش بزووتنەوەیەکی مەزهەبی پەراوێز خراو بوو لە ناوچەیەکی بەرتەسکی عێراق. بەڵام ئەسەد تێکڕای زیندانیە مەترسیدارە جیهادیەکانی لە زیندانی صیدنایا لە نزیک دیمەشق ئازاد کرد. ئەسەد بەم کارەی پێش بینی دەکرد بە تێکڕای ئازادکراوەکان پەیوەست ببن بە ریزەکانی داعشەوە و کادری سەرکردایەتی ئەم گرووپە بەهێز بکەن. ئەم ویستەی ئەسەد هاتە دی. تەنانەت ژمارەیەک لە سەرکردەکانی داعش دانیان بەوەدا ناوە، کە پێشتر لە زیندانەکانی سوریادا بوونە، کە رژێمی بەشار ئەسەد ئازادی کردوون.

تا ساڵی 2013، داعش توانی کێڵگە نەوتیەکانی رۆژهەڵاتی سوریا کۆنتڕۆڵ بکات، بەڵام بۆ سوودمەندبوون لەم سامانە، پێویستی بەوە بوو کڕیار بۆ نەوتەکەی پەیدا بکات. رژێمی ئەسەد دەستپیشخەری کرد و دەستی کرد بە کڕینی نەوت لە داعش، لە ئەنجامدا داعش لە رووی داراییەوە بەهێز بوو. دوای ئەوەی، کە ئەسەد بە ئازادکردنی زیندانیە جیهادییەکان یارمەتی داعشی کرد و بە لێبوردنی ئەوان نیازپاکی خۆی بەرامبەر بەم گروپە نیشان دا، هەروەها دوای ئەوەی، کە خەزێنەی داعش بە پارەی نەوت پڕ کردەوە، بەشار ئەسەد بڕیاریدا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بۆ سەر گروپە دژبەرەکانی دیکەی چر بکاتەوە. هەر شار و ناوچەیەک، کە سوپای ئازادی سوریا کۆنتڕۆڵی کردبوو، لە زەوی و ئاسمانەوە، کرایە ئامانجی هێرشەکانی سوپای بەشار ئەسەد. رژێمی ئەسەد تەنانەت گازی ژەهراوی بۆ لێدانی بنکە سەربازییەکانی ئۆپۆزسیۆن بەکار برد.

داعش لەم هێرشانە بێ بەری و پارێزراو بوو، لە هەمان کاتدا خۆشحاڵ بوو، تا ئەو کاتەی، کە هێزی ئاسمانی سوریا شاری رەقەی جاروبار بۆردوومان دەکرد، شارێک، کە بە پایتەختی نافەرمی داعش ناسراوە. رژێمی بەشار ئەسەدیش خۆشحاڵ لەوەی، کە بە چاوی خۆی دەیبینی داعش بەهێز و بە دەسەڵاتە. ئەمەش یارمەتی دەدا بە خوێندنەوەی ئەسەد لە شەڕی ناوخۆی سوریا. خوێندنەویەەک، کە جەختی لە سەر ئەوە دەکردەوە، کە ئەسەد لە گەڵ گروپێکی توندڕەو لە چەشنی تۆڕی قاعیدە بەرەوڕوویە. لێرەوە بوو، کە ئەم خوێندنەوەیە دەبووە پاساوێک بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی بەشار ئەسەد. کریس دۆڤیل، ئەندامی ئەنجومەنی پتەوکردنی لێک تێگەیشتنەکانی عەرەب و بەریتانیا، لەم بارەوە گوتوویەتی: بەڵگەی زۆر لە بەردەستن، کە رژێمی بەشار ئەسەد، هانی بناژۆخوازە ئیسلامییەکانی داوە.

دیارە بەڵگە و ئاماژەکان ئەوەش دەخەنەڕوو، کە داعش ئەم پیاوەتیەی ئەسەدی قەرەبوو کردۆتەوە. داعشیش لە جیاتی ئەوەی، کە تەرکیز بکاتە سەر بەشار ئەسەد، شەڕ و هیرشەکانی خۆی بۆ سەر ئۆپۆزسیۆنی غەیرە ئیسلامی چڕتر کردۆتەوە. کاتێک هێز و توانای سەربازی داعش گەیشتە لووتکە، لە جیاتی ئەوەی، کە بەرەو دیمەشق و خستنی ئەسەد، پێشڕەوی بکات، راست هێرشی کردە سەر باکوری عێراق و لەو ناوچەیە قەیرانێکی گەورەی دروستکرد. وەک زۆریەک لە دیکتاتۆرەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەشار ئەسەد دڵخۆشبوو بەوەی، کە رۆژئاوا ناوبراو وەک تەنها سەنگەری بەرەنگاربوونەوەی توندئاژۆکان قبووڵ بکات. هەمان ئەو توندئاژۆیەکانە، کە خودی بەشار ئەسەد، پاراستوونی و پشتگیری لێ کردوون. بە داخەوە دەبێ بە راشکاوانە بڵێن، ئەسەد دەیهەوێ هەم شەڕەکە داگیرسێنێ و هەم ئەویە، کە بیکۆژێنێتەوە. پرسیار ئەوەیە، ئایا ئەسەد دەتوانێ بە پشت بەستن بەم فێڵە، خۆی رزگار بکات؟

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com