نوچەنێت
جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی کۆبوونەوە.
رۆژی هەینی 6-1-2017 لە شاری سلێمانی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و پاڤڵ تاڵەبانی کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی نووسینگەی کۆسرەت رەسوڵ، لە سەردانەکەدا هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد، بەخێرهاتنەوەی كۆسرەت رەسوڵ عەلی كردووە و پیرۆزبایی وەرگرتنی خەڵاتی پێگاسۆی زێڕینی لێ كردووە و رایگەیاندووە، “ئەم خەڵاتە دەستكەوتێكی گەورە و گرنگە بۆ گەلەكەمان”.
هاوکات كۆسرەت رەسوڵ، سوپاسی ئەو سەردانەی كردووە و جەختی لەوە كردووەتەوە، کە كورد بە یەكگرتوویی دەتوانێت ئامانجی گەورە بەدی بێنێ.
لە هەرێمی تۆسکانای ئیتاڵیا خەڵاتی پێگاسۆی زێڕین بەخشرایە کۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.
لەمیانی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، گوتی “خوشحاڵم بەناوی هەموو پێشمەرگەکانی کوردستان و فەرماندەی گشتی هێزەکانی کوردستان سڵاوی خۆمان بگەیێنین بە سەرۆکی هەرێمی تۆسکانا و بەشداربووانی رێوڕەسمی بەخشینی خەڵاتەکە”.
شەوی 1-9-2016 باڵی جێگرانی سكرتێری گشتی یەكێتی، دروستكردنی (ناوەندی بڕیار) یان لەناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان راگەیاند و لەبەرامبەردا باڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد كەخۆیان بە”زۆرینەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی دەناسێنن، بەدەركردنی بەیاننامەیەك لە 2-9-2016 شەرعیبوونی ئەو ناوەندیان رەتكردەوە.