نوچه‌نێت – رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆندۆی ئیسپانی
عێراق روبه‌ڕووی یاخیبوونێكی نوێ و ترسناك ده‌بێته‌وه، خاكه‌كه‌ی ده‌بێته شوێنی ساغ كردنه‌وه‌ی حیساباتی نێوان شیعه و سوننه.
هه‌ندێك لایه‌ن گومانیان هه‌یه له‌وه‌ی له ساڵی 2017 موسڵ بگه‌ڕێته‌وه ژێر كۆنتڕۆڵی حكومه‌تی عێراق، دوای تێپه‌ڕینی دوو ساڵ و نیو له داگیركردنی له‌لایه‌ن داعشه‌وه، به گشتی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی شاره له ده‌ست ده‌رچووه و روون نییه، هه‌ر وه‌ك داهاتووی دووه‌م گه‌وره شاری عێراق و نیشتمانی كه‌مینه ئایینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، تا ئێستا ته‌مومژاویه.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا، پسپۆر و راوێژكاری حكومه‌تی عێراق، هاشم ها‌شمی، سه‌باره‌ت داهاتووی داعش و دۆخی عێراق، بۆ رۆژنامه‌ی ئه‌لمۆندۆی ئیسپانی قسه‌ی كردووه و ده‌ڵێت “ئه‌و پلانه‌ی، كه حكومه‌تی عێراق بۆ قۆناغی دوای رزگار كردنی موسڵ دایناوه، قووڵ نییه و زۆر رووكه‌ش و ساده‌یه.
ها‌شمی، كه پسپۆری بواری كاروباری رێكخراوی داعشه ده‌ڵێت “به دڵنیاییه‌وه داعش له رووی سه‌ربازییه‌وه ده‌دۆڕێت و له ماوه‌ی چه‌ند مانگێكدا كۆتایی دێت، به‌ڵام له‌ناوبردنی یه‌كجاری داعش، به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه دوو ساڵی پێویسته، ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانی داعش تێكه‌ڵ به خه‌ڵكی سڤیل بوون، له‌كاتی كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ، له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه، ئه‌م ئه‌ندامانه‌ی داعش، به شێوه‌ی شانه‌ی نهێنی ده‌كه‌ونه جوڵه و چالاكی.
ئه‌گه‌رێكی گه‌وره دوای كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی داعش ئه‌وه‌یه، كه شوێنكه‌وتوانی ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی بگه‌ڕێنه‌وه باوه‌شی رێكخراوی دایك، رێكخراوی قاعیده له عێراق، ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ گه‌ڕان به‌دوای تاكتیكی نوێی یاخی بوون.
له‌لایه‌كی تره‌وه، ژماره‌یه‌كی دیكه له چه‌كدارانی داعش، كه له ساڵی 2014ه‌وه توانیویانه سێیه‌كی وڵات داگیر بكه‌ن، به‌دوای په‌ناگه‌یه‌كدا ده‌گه‌ڕێن له بیابان و ناوچه دوور‌ده‌سته‌كانی رۆژئاوای عێراق، نزیك سنوری نێوان عێراق- سعودیه و عێراق- سوریا، هه‌روه‌ها چه‌كدارانی داعش په‌نا بۆ تۆقاندن و رفاندنی خه‌ڵك ده‌به‌ن، بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی گه‌نجینه‌كانیان، كه توشی كورتهێنانێكی گه‌وره بووه.
له‌م باره‌یه‌وه به‌رپرسێكی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراق گوتی “كه‌س ناتوانێت نكوڵی له‌و راستیه بكات، كه شانه‌ی نووستوی داعش له عێراقدا هه‌ن، ئه‌وه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه بڵێت، درۆزنه، ئێمه رۆژانه ئه‌ندامانی داعش ده‌ستگیر ده‌كه‌ین”.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه، كه چه‌ند مانگێك ده‌بێت، کە به‌غدا سه‌رقاڵی دانوستانه له‌گه‌ڵ چه‌ند كۆمپانیایه‌كی بیانی بۆ كڕینی ئامێری چاودێری، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێت كۆنتڕۆڵی سنوره‌كانی بكات له‌گه‌ڵ سوریا، كه په‌ناگه‌ی زۆرینه‌ی ئه‌و تیرۆرستانه‌یه، كه له عێراق هه‌ڵدێن، له نێوانیاند چه‌ند سه‌ركرده‌یه‌كی داعش، وه ك ئه‌بوبه‌كر به‌غدادی.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، هۆشداری دا له‌وه‌ی، كه “پاشماوه‌ی چه‌كداره‌كانی داعش له عێراق، زۆر مه‌ترسیدار ده‌بن”.
ها‌شمی جه‌ختی كرده‌وه “وه‌ك ئاماده‌كارییه‌ك بۆ قۆناغی دوای كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ، مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان واژۆ كرد بۆ به‌رێوه‌بردنی موسڵ، ئه‌م رێكه‌وتننامه‌یه پێنج خاڵ له‌خۆ ده‌گرێت، له نێوانیاندا پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ به‌رێوه‌بردنی كاروباری وڵات”.
ها‌شمی به‌رده‌وام ده‌بێت و ده‌ڵێت” ئه‌م رێككه‌وتننامه‌یه باس له‌وه ده‌كات پۆلیس به‌رپرسی ئاسایشی وڵاته، سوپاش له سنوره‌كان چڕ ده‌بنه‌وه و ده‌یانپارێزێت، پێشمه‌رگه و حه‌شدی هۆزه‌كان، كه له ناوچه‌كانی نیشته‌جێبوون بوونیان هه‌یه، ئه‌و ناوچانه ده‌پارێزن، ئه‌ركی دووباره ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ش له ئه‌ستۆی حكومه‌تی عێراقه.
سه‌ره‌ڕای دابه‌ش كردنی ئه‌ركه‌كان، له به‌نده‌كانی ئه‌م رێككه‌وتنه‌دا سه‌باره‌ت به موسڵ، كه نزیكه‌ی ملیۆن و نیوێك دانیشتووی هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و ململانێ تایفه‌گه‌رییه‌ی له‌كاتی داگیركاری ئه‌مریكاوه، له ساڵی 2003 خوێنی عێراقی ده‌چۆڕاند، پێده‌چێت دووباره ده‌ست پێبكاته‌وه و روودانی حه‌تمیه له‌دوای كۆنترۆڵ كردنه‌وه‌ی موسڵ، له‌مباره‌یه‌وه ها‌شمی ده‌ڵێت “له قۆناغی دوای كۆنتڕۆڵ كردنه‌وه‌ی ئەو شارە، عێراق ململانێیه‌كی تایفه‌گه‌ری توندی نێوان سوننه و شیعه، هه‌روه‌ها عێراقییه‌كان و كوردیش به‌خۆیه‌وه ده‌بینێت”.
روونه كورد، كه توانیویانه خاكه‌كه‌یان فراوان بكه‌ن، دوای راكردنی هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق له‌و ناوچانه، له هاوینی ساڵی 2014، كه به توندی له دژی داعش جه‌نگان، ئاماده نین واز له‌و ناوچانه بێنن، كه به ناوچه‌ی جێناكۆك ناسراون له‌گه‌ڵ به‌غدا.
جگه له‌و سه‌ربه‌خۆییه‌ی هه‌ولێر داوای ده‌كات، هه‌ڕه‌شه‌ی راسته‌قینه له عێراق ئه‌و نوخبه شیعه‌یه، كه حوكمی عێراق ده‌كات، به تایبه‌ت ئه‌گه‌ر په‌راوێز خستنی دانیشتوانی سوننه‌ی موسڵ به‌رده‌وام بێت و ببێته هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی توندوتیژی.
له‌مباره‌یه‌وه، په‌یمانگای تویژینه‌وه‌ی جه‌نگ له واشنتۆن هۆشداری ده‌دات له‌وه‌ی، كه “پێشبینی ده‌كرێت عێراق یاخی بوونێكی نویی سوننه‌كان به‌خۆیه‌وه ببینێت، هه‌ر وه‌ك سه‌ركه‌وتنی پرۆسه‌كانی دژی رێكخراوی داعش، بوار له به‌رده‌م لایه‌نه كاریگه‌ره‌كانی تری سوننه ده‌كاته‌وه، بۆ چالاك بوونه‌وه له‌م شاره ستراتیژییه‌دا.
ئه‌و سه‌نته‌ره‌ی توێژینه‌وه، كه هه‌واڵی دووباره چالاك بوونه‌وه‌ی رێكخراوی قاعیده‌ی له عێراق، له ساڵی داهاتوودا راگه‌یاند ده‌ڵێت “به‌مدواییانه سكاڵا و توڕه‌یی له دژی میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران دروست بووه، كه كار بۆ كۆنتڕۆل كردنه‌وه‌ی ئه‌و شارانه ده‌كه‌ن، كه زۆرینه‌یان سوننه‌ن”.
له كۆتاییدا سه‌نته‌ره‌كه جه‌خت ده‌كاته‌وه، كه “ئه‌و میلیشیایانه بوونه هۆی هه‌ڵاتنی دانیشتوانی سوننه بۆ شاره‌كانی تر، كه پێشتر له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوون، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ئه‌و میلیشیایانه چه‌ندین كاری له‌سێداره‌دانیان له ده‌ره‌وه‌ی یاسا ئه‌نجامداوه، هه‌روه‌ها پاكتاوی ره‌گه‌زی ده‌كه‌ن، ئه‌مه جگه له چه‌ندین كاری توندوتیژی دیكه.