نوچه‌نێت- ستراتفۆر بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی
سه‌نته‌ری ستراتفۆر بۆ توێژینه‌وه‌ی ستراتیژی و ئاسایش، له پێشبینییه‌كانیدا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ساڵی نوێ ده‌ڵێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، كه‌متر خۆی له ململانێكانی ناوچه‌كه هه‌ڵده‌قورتێنێت و بوار بۆ هێزه‌كانی تر ده‌كاته‌وه، بۆ ركابه‌ری كردن له سه‌ر هه‌ژموونیان له ناوچه‌كه‌دا، ئه‌م ركابه‌رییه‌ش به پله‌ی یه‌كه‌م، له گۆڕه‌پانی عێراق و سوریا ده‌بێت.
له كاتێكدا هێزه‌كانی دیكه سه‌رقاڵی شه‌ڕی دژی داعشن، توركیا بازنه‌ی هه‌ژموونی خۆی له باكوری سوریا و عێراق فراوان ده‌كات، به‌و پاڵنه‌ره‌ی، كه ده‌بێت رێگه له فراوانبوونی هێزه كوردییه‌كانی دژی بگرێت، به‌ڵام ئه‌م ستراتیژییه‌ته‌ی توركیا، ده‌كه‌وێته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی پێكدادان له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی روسیا و كوردانی رۆژئاوا، بۆیه ده‌بێت ئه‌نقه‌ره په‌یوه‌ندی باش له‌گه‌ڵ مۆسكۆ بنیات بنێت، بۆ خۆ پاراستن له هه‌ر ئاڵۆزییه‌ك له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا.
له عێراق، توركیا ده‌یه‌وێت هه‌ژموونی خۆی له باكوور فراوان بكات، به‌وپێیه‌ی به‌شێك بووه له ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، كه له شنگال، موسڵ، هه‌وڵیر و كه‌ركوكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت پێكهاتبووه. توركیا له فراوانخوازی دا، ركابه‌ری ئێران ده‌كات، بۆ پڕ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بۆشاییه‌ی، كه شكانی داعش له موسڵ به‌جێی ده‌هێڵێت. لای خۆشیه‌وه به‌غدا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی زۆر ده‌بێته‌وه، له سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وادا، دوای ده‌ركردنی داعش له موسڵ، فراوان بوونی رۆڵی توركیا، هه‌ڕه‌شه له فراوان بوونی هیلالی شیعه ده‌كات، له ناوچه‌كه‌دا.
كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵ، دابه‌شبوونی نێوان كورد زیاتر ده‌كات، به تایبه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، كه نزیكه له توركیا و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، كه نزیك له ئێران. عێراقیش هه‌وڵی دووباره كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی كه‌ركوك ده‌دات، ئه‌مه‌ش كۆسپ ده‌خاته به‌رده‌م هه‌ماهه‌نگییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان، سه‌باره‌ت به سه‌رچاوه‌كانی وزه و دابه‌شكردنی داهاتی به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان.
سه‌باره‌ت به شه‌ڕی داعش‌یش، هه‌ڵمه‌ته سه‌ربازییه‌كان له عێراق و سوریا، داعش وه‌ك هێزێكی سه‌ربازیی ته‌قلیدی له‌ناو ده‌به‌ن، به‌ڵام وه‌ك هێزێكی تیرۆرستی یاخی ناتوانن له‌ناوی ببه‌ن. پاشماوه‌كانی داعش له‌و ناوچانه‌ی، كه پێشتر داگیری كردبوون هه‌ر ده‌مێننه‌وه، ئه‌و دابه‌شبوونه تایفه‌گه‌ری و نه‌ته‌وه‌ییه‌ی له عێراق و سوریا هه‌یه ده‌قۆزنه‌وه، هێرشه خۆكوژییه‌كان به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو و گه‌وره‌تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ شاره‌كانی عێراق.