
حاكم شێخ له‌تیف به پرسیار ره‌خنه له بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌گرێت
نوچه‌نێت: تایبه‌ت
ئه‌ندامێكی كوردی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌سه‌ر پرسی هاشمی ره‌خنه له بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌گرێت و چه‌ند پرسیارێكیشییان ئاراسته ده‌كات.
حاكم شێخ له‌تیف ئه‌ندامی فراكسیۆنی گۆڕان له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، به په‌یامێك ره‌خنه له تاڵه‌بانی و بارزانی ده‌گرێت، به‌وه‌ی كه له سه‌ره‌تاوه‌وه، ئه‌و دوو سه‌ركرده‌یه‌ی كورد، پێشبركێیان كردووه، بۆ گه‌شتن به به‌غدا، به‌ڵام وه‌ك ئه‌و ده‌نوسێت “دواتر بۆیان ده‌ركه‌وت، ئه‌وان جگه له میوانێك هیچی تر نین”.
حاكم شێخ له تی‌ف ده‌نوسێت “له ساڵی ٢٠٠٣ ڕژێمی سه‌دام ڕوخا، هه‌ردوو سه‌رۆكی پارتی و یه‌كێتی به‌هه‌ڵه‌داوان ڕایان كرد بۆ به‌غدا، وایان ده‌زانی كامیان زووتر بگاته به‌غدا ،به‌غدا بۆ ئه‌و ده‌بێت، كێشه‌كانی كوردیان پشت گوێ خست، دوای ماوه‌یه‌كی كه‌م بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌وان له‌به‌غدا جگه له میوان هیچی تر نین، له‌وساوه تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێكی جدیان له‌سه‌ر كێشه هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی كوردستان ده‌رنه‌بڕیوه”.
شێخ له‌تیف له نوسینه‌كه‌یدا، باس له پرسی مانه‌وه‌ی تارق هاشمی تۆمه‌تبار به كه‌یسی تیرۆر ده‌كات و ده‌ڵێت “پێش ماوه‌یه‌ك براده‌رانی یه‌كێتی له‌سه‌ر ڕه‌خنه‌یه‌ك له سكرتێره‌كه‌یان كه داڵده‌ی هاشمی داوه به توند ترین شێوه هه‌ڵیاندایه‌و هه‌ڵوێستی توندیان نواند، دوێنێش له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له، سه‌رۆكی هه‌رێم به توند ترین شێوه هه‌ڵویستی نواند”.
شێخ له‌تیف له‌سه‌ر ئه‌و پرسه چه‌ندپرسیارێك ئاراسته ده‌كات و ده‌نوسێت “١- بۆچی چه‌ندین ساڵه له‌سه‌ر كێشه نه‌ته‌وه‌یی و چاره‌نوسسازه‌كانی وه‌ك كه‌ركوك و ناوچه دابڕاوه‌كان هه‌لویستێكی هاوشێوه‌مان لێیان نه‌بینین.
٢- ئایا ئه‌م كێشه‌یه له كێشه چاره‌نوسسازه‌كانی كورد گرنگتره.
٣- ئایا كورد له‌م هه‌لوێسته ده‌سكه‌وته‌كانی چی ده‌بن ئه‌ی زیانه‌كانی چی ده‌بن، ئایا به‌مایه‌ی خۆمان هه‌ڵده‌ستینه‌وه.
٤- ئایا ئه‌مه ئه‌وه دێنێ له‌سه‌ری قوربانی به په‌یوه‌ندی كورد‌و شیعه بدرێت.
٥- له هه‌موی گرنگتر ئایا مقه‌وماتی ململانێ و ئیداره‌دانی ململانێكه‌مان هه‌یه، یان دوباره خوا وه‌كیل ناو كه‌وتووین”.