نوچهنێت
هەواڵنێرانی بێ سنور لە نوێترین راپۆرتی خۆیدا رایگەیاند، کە بە لانی کەمەوە 57 هەواڵنێر لە ساڵی 2016 لە سەرتاسەری جیهان لە کاتی راپەڕاندنی ئەرکی خۆیاندا کوژراون.
هەواڵنێرانی بێ سنوور، ئەمڕۆ دووشەممە 19ی دیسەمبەر رایگەیاند، کە لە ساڵی 2016، بە لانی کەمەوە 57 هەواڵنێر لە سەرتاسەری جیهان گیانیان لە دەستداوە.
راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتهڕوو، کە تەنها 19 هەواڵنێرلە سوریا، 10 هەواڵنێر لە ئەفغانستان، 9 هەواڵنێر لە مەکزیک و 5 کەسیش لە عێراق کوژراون.
لە ساڵی 2015، زیاتر لە 67 هەواڵنێر لە ناوچە جیاجیاکانی جیهان گیانیان لە دەستدا. ئەمەش دەرخەری ئەو راستیەیە، کە هەواڵنێران لەو وڵاتانەی، کە تا رادەیەکی زۆر جێی مەترسین، لەوانە سوریا، عێراق، لیبیا. ئەفغانستان و برۆندی دوور کەوتوونەتەوە.
راپۆرتەکە ئەوەشی لێ زیاد دەکات، کە دوور کەوتنەوەی هەواڵنێران لە وڵاتانی قەیراناوی و شەڕ لیدراو، دەستڕاگەیشتن بە زانیاری و هەواڵ، لە گەڵ گرفتی گەورە بەرەوڕوو کردۆتەوە.
لە وڵاتانی وەک مەکزیک، بە هۆی هێرش و کردەوەی تیرۆرستی بۆ سەر میدیاکاران، 9 وێبلاگنووس و 8 کەس لە میدیاکاران کوژراون. ئەمەش بۆتە هۆی سەرهەڵدان و درێژە کێشانی دیاردەی خۆسانسۆڕی و بێ دەنگ کردنی میدیاکاران.
لە ئەفغانستان، کۆی ئەو 10 میدیاکارەی، کە کوژراون، زۆرتر بە هۆی پیشە و کارەکانیانەوە کراونەتە ئامانج، لە ئەنجامدا گیانیان لە دەستداوە. لە کۆی ئەم 10 کەسە، کە 3 کەسیان ژن بوون، لە ئەنجامی هێرشی خۆکوژی گیانیان لە دەستداوە. تاڵیبان بەرپرسیاریهتی خۆی لەم هێرشانە گرتۆتە ئوستۆ.
یەمەن، کە بە هۆی شەڕی ناوخۆوە، بە هەزاران کەس تێیدا بوونەتە قوربانی، شوێنێکی نائەمن و تاریک بووە بۆ کاروچالاکی میدیاکاران و هەواڵنێران، لە ساڵی 2016 زیاتر لە 5 هەواڵنێری تێدا کوژراوه.
راپۆرتەکەی هەواڵنێرانی بێ سنوور ئەوەش دەخاتەڕوو، كه لە ژمارەی رۆژنامەوانی دەستگیرکراو، لە ساڵی 2016 بە رێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە. تەنها لە تورکیا، زیاتر لە 100 هەواڵنێر و چالاکی میدیایی دەستگیر کراون.
هەواڵنێرانی بێ سنوور دەشڵێت، لە ئێستادا زیاتر لە 348 هەواڵنێر و میدیاکار لە سەرتاسەری جیهان دەستگیر کراون، کە ئەم رێژەیە بە بەروارد لە گەڵ ساڵی رابردوو 6% زیادی کردووە.