تورکیا و ئێران بۆ چارەسەری قەیرانی سوریا گفتوگۆیان لە سەر پلانێکی نهێنی کردووە

0

نوچەنێت

بەگوێرەی راپۆرتێکی گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، لە ئەیلوولی 2013 تورکیا و ئێران گفتوگۆیان لەبارەی پلانێکی نهێنی بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا کردووە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنیان لەسەر یەک خاڵ، هەوڵەکە شکستی هێناوە، ئەو خاڵەش چارەنووسی بەشار ئەسەد بووە.

بەگوێرەی راپۆرتەکە، ئەو پلانە لەلایەن قاسم سولەیمانی، فەرماندەی سوپای قودسی ئێران ئامادەکراوە و گرنگترین خاڵی پلانەکەش پێشنیازی ئێران بووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماریی سووریا لەژێر چاودێری نەتەوەیەکگرتووەکان، بەڵام تورکیا داوای کردووە ئەسەد بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا نەکات. 

لە راپۆرتەکەدا، کە دوای چاوپێکەوتنی سەرکردەکانی هەردوو وڵات بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە “دوای سێ‌ مانگ لە هاتنە سەر دەسەڵاتی حەسەن روحانی، واتە لە ئەیلوولی 2013ـەوە دانوستاندنی نێوان تورکیا و ئێران دەستیپێکردووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕی ناوخۆی سووریا”.

بەپێی راپۆرتەکە، تاران بە راوێژکردن لەگەڵ قاسم سولەیمانی، پلانێکی ئامادەکردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی بۆ سووریا و پێشکەشی تورکیای کردووە، بۆ ئەو مەبەستەش دەیان جار ئەحمەد داودئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی حکومەتی ئەو کاتەی تورکیا و هاوتا ئێرانییەکەی محەممەد جەواد زەریف، چاویان بەیەکدی کەوتووە.

لە راپۆرتەکەدا گوتەی زەریف دانراوە، کە دەڵێت “ئێمە جگە لەم خاڵەی کۆتایی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن لەژێر چاودێری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەسەر تەواوی خاڵەکان رێککەوتین. سەرکردەکانی تورکیا دەیانویست کە بەشداری ئەسەد لە هەڵبژاردن قەدەخە بکرێت، ئێمەش پێمانوابوو ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان چاودێری پرۆسەکە بکات، ئەوا بەشداریکردنی ئەسەد تێیدا مایەی نیگەرانی نییە. بەڵام داودئۆغڵو ئەمەی پەسندنەکرد و هەوڵەکانمان بێ ئەنجام بوون”.

عەبدوڵڵا گوڵ، سەرۆککۆماری ئەوکاتەی تورکیاش لە لێدوانێکیدا بۆ گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان دەڵێت “حکومەتی ئێمە لە هەوڵی رێککەوتن نەبوو لەگەڵ ئێران، چونکە پێیوابوو کە ئەسەد لەماوەی چەند مانگێکدا دەڕووخێت”.

گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان راشیگەیاندووە، دەربڕینی پشتیوانی ئێران بۆ ئەردۆغان لەدوای کودەتاکە، پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتەکەی گەرمکردەوە و لە راپۆرتەکەدا هاتووە “لەگەڵ پێشڤەچوونەکانی یەپەگە لە باکووری سووریا، ئەنقەرە و مۆسکۆ گەیشتنە رێککەوتن”.

بەپێی راپۆرتەکە، دوای رێککەوتنی تورکیا و رووسیا، بۆ جاری دووەم دانوستاندنی نێوان ئەنقەرە و تاران دەستیپێکردووەتەوە بۆ چارەسەری قەیرانی سووریا. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران سەریان لەوە سوڕماوە بۆچی دوای دوو رۆژ لە دەستپێکی دانوستاندنەکان تورکیا دەستی بە ئۆپەراسیۆنی قەڵغانی فورات کردووە بۆ ناو خاکی سووریا و تارانی لە ئۆپەراسیۆنەکە ئاگادار نەکردووەتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com