نوچەنێت- ئاژانسەکان
بەپێی راپۆرتی پێگەكانی تایبەت بە نەوت، لە دوو ساڵی رابردوودا كۆمپانیاكانی نەوت لە 19 كێڵگەی نەوتیی هەرێمی كوردستان كشاونەتەوە كە دوایینیان دەستبەرداربوونی كۆمپانیای ئیكسۆن مۆبیل بوو لە سێ كێڵگەی نەوت لە سنووری پارێزگای سلێمانی. وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستانیش دەڵێت لە ساڵی داهاتوودا كار لە 20 بلۆكی نوێی نەوت دەكەن.
پێشتر و لە كۆتایی ساڵی 2015دا كۆمپانیای شیڤرۆن، دووەم گەورەترین كۆمپانیای نەوتی ئەمریكی پاش ئیكسۆن مۆبیل، كاركردنی لە كێڵگەی رۆڤیا لە باكووری هەولێر راگرتبوو، بەڵام كارەكانی لە كێڵگەی سەرتا بەردەوامە.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە گۆڤاری عێراق ئۆیڵی راگەیاند، هەندێك لە كۆمپانیاكان نەیانتوانیوە لە وادەی دەستنیشانكراوی نێو گرێبەستەكەیان، كارەكەیان تەواو بكەن، بۆیە دەبووایە دەست لە كاركردن لەو ناوچانە هەڵبگرن.
بیژەن رەحمانی، بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیای (DNO)ی نەرویجی لە گوتارێكدا لە كۆنفرانسی نەوت و غازی كوردستان ئاماژەی بە چەند كۆمپانیایەك دا كە لە كەرتی نەوتی كوردستان كشاونەتەوە “كۆمپانیای ئافرێن لە بلۆكی بەردەڕەش، مایەپووچ بوو، هیچ نەوتێكیشی بەرهەم نەهێنا. هەروەها كۆمپانیای مۆڵی هەنگاریش ئامانجی ئەوەبوو لە كێڵگەی ئاكرێ – بجیل رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت تاوەكو كۆتایی ساڵی 2015 بەرهەم بهێنێت، بەڵام سەرەڕای خەرجكردنی یەك ملیار دۆلار، كێڵگەكە نەوتێكی كەمی هەبوو، بۆیە كۆمپانیاكە دەستبەرداری ئەو كێڵگەیە بووە”.
بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان، سێ هۆكاری سەرەكی لە پشت وەستاندن یان هەڵپەساردنی كاركردنی كۆمپانیاكان لە هەرێمی كوردستان هەن، كە بریتین لە شەڕی داعش، دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا و كێشەی پێدانی هەقدەستی كۆمپانیاكان.
بیژەن رەحمانی دەڵێت “دواخستنی دانەوەی هەقدەستی كۆمپانیاكان لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بەردەوامە”. ئاشكراشی كرد كە هەقدەستی دواكەوتووی كۆمپانیاكە “گەیشتووەتە یەك ملیار دۆلار”.
شوان زولال، شرۆڤەكاری كەرتی نەوت و گاز ئاماژەی بەوە دا كە لە دوایین كۆنفرانسی نەوت و گازی كوردستان لە لەندەن، هەموو هەوڵەكانی حكومەت بۆ گێڕانەوەی متمانە بوو بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و پەیامەكە ئەوە بوو، كە كوردستان توانیویەتی خۆڕاگر بێت و كێشە داراییەكانی كەم بكاتەوە”.
بەڵام رەحمانی دەڵێت، گەڕاندنەوەی ئەو متمانەیە تەنیا بە پێدانی هەقدەستی كۆمپانیاكان دەبێت “پێویستە دڵنیایی بە كۆمپانیاكان بدرێ، بۆ ئەوەی كۆمپانیاكان بتوانن ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەرز بكەنەوە”. گوتیشی “بۆ هەر 10 هەزار بەرمیل، كە بۆ بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتی هەرێمی كوردستان زیاد دەبێ، 100 ملیۆن دۆلاریش لە داهاتی ساڵانەی حكومەتی هەرێمی كوردستان زیاد دەبێ”.
لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا، بەهۆی تێكچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و دروستبوونی قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێم لە پێدانی شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتییەكان تووشی گرفت بوو، جگە لەوەی دابەزینی نرخی نەوت و نزیكبوونەوەی داعش لە سنوورەكانی كوردستان بوو بەهۆی ڕاگرتنی پرۆسەی وەبەرهێنان لەچەندین كێڵگەی نەوتی كوردستان.
دەستبەرداربوونی هەندێك لە كۆمپانیاكانی نەوت لە بلۆكەكانیان، كاریگەری راستەوخۆی لەسەر پلانەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان داناوە و هانیداوە نەخشەی نوێ بۆ بلۆكە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان دابڕێژێتەوە.
ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەكان لە لەندەن رایگەیاند “سنووری هەموو بلۆكەكانمان دیسان دەستنیشان كردووەتەوە. هەندێكیان ئەو بلۆكانەن، كە كۆمپانیاكان وازیان لێهێناون. ئێستا 20 بلۆكی نوێی نەوت و گاز پێشكەش دەكەین، كە وەبەرهێنانیان تێدا بكرێت”.
رەشید رەسوڵ شرۆڤەكاری وزە پێیوایە راگەیاندنی 20 بلۆكی نەوتی بۆ سێكتەری نەوتی كوردستان گرنگیی تایبەت بەخۆی هەیە، بەڵام دەڵێت “پێویستە هەوڵ بدرێت هەڵەكانی رابردووی گرێبەستەكان دووبارە نەكرێتەوە، تێچووی دەرهێنانی نەوت كەم بكرێتەوە كە جاری وا هەبووە بۆ یەك بەرمیل نەوت گەیشتووەتە 20 دۆلار”.
هەروەها هۆگر هادی، شرۆڤەكاری كەرتی نەوت و گاز پێیوایە كاتی ئۆفەرەكەی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان زۆر گونجاوە “لەبەر ئەوەی نرخی نەوت بەرزبووەتەوە و پاڵنەری ئابووریی بەهێزە بۆ كۆمپانیاكانی نەوت، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان بكەن”.
بەهجەت قەرەداغی، پسپۆڕ لە گرێبەستە نەوتییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە بەشێك لە گرێبەستە نەوتییەكانی رابردوو چەندین هەڵەیان تێدایە و نابێت لە گرێبەستە نوێیەكاندا دووبارە بكرێنەوە.
قەرەداغی گوتی “پێویستە لە گرێبەستەكانی داهاتوودا سنووری ناوچەی وەبەرهێنان دیاری بكرێ، مۆدیلی گرێبەستەكان ئاشكرا بكرێ، جگە لەوەی مەرجەكانی پێداچوونەوە بە گرێبەستەكان بچەسپێنرێ. هەروەها مەرجی وەبەرهێنان فەرز بكرێ لەسەر كۆمپانیاكان تاوەكو دیاربێت ئەو كۆمپانیایە توانای خەرجكردنی چەند بڕە پارەی هەیە”.