نوچه‌نێت- سكای نیوز
سیاسه‌تی ئه‌مریكا دوای هه‌ڵبژاردنی دۆناڵد ترا‌مپ و كاریگه‌ری له‌سه‌ر داهاتووی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ته‌وه‌ری دانیشتنی گفتوگۆی مه‌نامه بوو له به‌حره‌ین، كه تیایدا ئاسۆ و ته‌حه‌دییه‌كانی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان عه‌ره‌ب و ئه‌مریكا و رۆڵی ئێران له ناوچه‌كه‌دا خرانه‌ڕوو.
توركی فه‌یسه‌ڵ، سه‌رۆكی ناوه‌ندی مه‌لیك فه‌یسه‌ڵ، بۆ لێككۆڵینه‌وه و توێژینه‌وه‌ی ئیسلامی، گوتی “ئه‌وه‌ی له ده‌ره‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌مریكاوه فێری بووین، ئه‌وه‌یه چاوه‌ڕێی كرداره‌كان بكه‌ین و گوێ له قسه‌كان نه‌گرین”. گوتیشی له هه‌ڵمه‌ته‌كانی هه‌ڵبژاردندا لێدوانی زۆر ده‌درێت، به‌ڵام دواتر لێی پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه.
ژه‌نه‌راڵ ده‌یڤد پترایۆس، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشووی ئاژانسی هه‌واڵگری ئه‌مریكا گوتی ”سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مریكا پێویسته له ژماره‌یه‌ك كێشه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا ده‌ستێوه‌ردان بكات، به تایبه‌تی دژایه‌تی كردنی تیرۆر له باكوری ئه‌فریقا”.
ئه‌یاد عه‌لاوی، سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووی عێراقیش گوتی، دوو شت له ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا داوا ده‌كرێت، ئه‌وانیش دانانی ئاسایشی هه‌رێمی له رێگه‌ی كۆنتڕۆڵ كردنی دۆسیه‌ی ئه‌تۆمییه‌وه له ناوچه‌كه‌دا، هه‌روه‌ها پێویسته پشتیوانی هاوسه‌نگی سیاسی بكات له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا.
خاتوو ئالان لیبسۆن، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌نجومه‌نی هه‌واڵگری ئه‌مریكا ده‌ڵێت، جیاوازی گه‌وره نییه له نێوان روانگه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا و ئیداری ئۆباما، سه‌باره‌ت به پابه‌ندیی سه‌ربازیی له جه‌نگی دژه تیرۆردا، ئه‌وه‌شی گوت، كه ئاراسته‌یه‌ك هه‌یه بۆ گۆڕینی سیاسه‌تی ئه‌مریكا له به‌رامبه‌ر ئێران.
لای خۆشییه‌وه توركی فه‌یسه‌ڵ گوتی، شتێك نیه به‌ناوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی ئه‌تۆمی له‌گه‌ڵ ئێران. ئاماژه‌شی به‌وه كرد، كه تاران هیچ كاتێك ئه‌وه‌ی نه‌سه‌لماندوه، كه ده‌وڵه‌تێكی ئاشتیخوازه، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی ئێران باسی ئه‌وه‌ی كرد، كه كۆنتڕۆڵی 4 پایته‌ختی عه‌ره‌بی كردووه. داواشی كرد پرۆگرامێك دابنرێ بۆ سنوردانان بۆ فراوانخوازییه سیاسیه‌كانی ئێران.
سه‌باره‌ت به عێراقیش، ده‌یڤد پترایۆس گوتی، ئه‌و ته‌حه‌دییانه‌ی عێراق رووبه‌ڕووی ده‌بێته‌وه، دوای تێكشانی داعشه له موسڵ، به‌وه‌ی، كه چه‌ندین میلیشیای لێیه، كه ئێران پشتیوانیان ده‌كات.
لای خۆشییه‌وه ئه‌یاد عه‌لاوی ترسی خۆی پیشاندا له به‌رامبه‌ر ئاسایشی هه‌رێمی عه‌ره‌بی، دوای ئه‌وه‌ی ئێران به ئاشكرا له عێراقدا، ئاماده‌یی هه‌یه و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی له‌سه‌ر به‌ڕێوه‌بردنی وڵات هه‌یه.