
زێرەڤانییەکان هەڕەشەی خۆپیشاندان دەکەن
نوچەنێت
لە راگەیەنراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ نوچەنێت نێردراوە، سەرۆکی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆو لایەنە پەیوەندارەکان ئاگادار دەکەنەوە لەماوەی ١٠٠ کاتژمێردا موچەی زیادکراویان بۆ خەرج نەکرێت، خۆپیشاندان دەکەن و سکاڵای یاسایی تۆمار دەکەن.
دەقی راگەیەنراوەکە
بۆ بەرێزان/ سەرۆکى هەرێم سەرۆکى حکومەتى هەرێم
وەزارەتى ناوخۆ
سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان
بابەت/ یاداشتنامە
لەبەروارى 1/1/2011 حکومەتى عێراقى فیدراڵ بریاریداوە موچەى هێزەکانى ناوخۆ بەکوردستانیشەوە زیادبکات، سەرجەم بەریوەبەرایەتیەکانى سەر بە وەزارەتى ناوخۆ جگە لە بەرێوەبەرایەتى، پاسەوانیەکان و زێرەڤانى هەموویان سودمەندبوون لەو زیادکردنە. بەڵام ماوەى پێنج مانگە ئێمە چاوەڕوانى بەرێزتانین هەرجارەو بەبیانوویەک و هەر بەرپرسێک هەڵدەستێت بەئارەزووى خۆى لێدوان دەدات لەسەر ئەو زیادەیە. ئێمە دانیشتووى ئەم هەرێمەین و زۆربەمان کەسوکارى شەهید و کوڕى پێشمەرگەین و هەژارین. بۆیە بەمافى خۆمان دەزانین داواى ئەو زیادەیە بکەین، لەرێگەى ئەم یاداشتەوە ماوەى (100) کاتژمێر دیاریدەکەین بۆ ئەوەى وەڵاممان بدرێتەوە سەبارەت بەپێدانى ئەو زیادەیە، لەدواى ئەو مۆڵەتە گەر وەڵام نەدرێینەوە خۆپیشاندان ئەنجام دەدەین بەشێوەیەکى مەدەنیانە یان پەنا دەبەینە بەر تۆمارکردنى سکاڵا.
ژمارەیەک پۆلیسى پاسەوانى و زێرەڤانى لەگەرمیان 29/2/2012