جەیمز ماتیس، مۆتەکەی سەر ئێران

0

نوچەنێت

دوژمنایەتی فەرماندە باڵاکانی ئەمریکا لە گەڵ کۆماری ئیسلامی دەگەڕێتەوە بۆ سالی 1983 و رووداوی تەقینەوەی بنگەی چەکدارانی دەریایی ئەمریکا لە بەیروت، لە لایەن گروپەکانی ژێر پشتیوانی ئێرانەوە. لەو هێرشەدا 241 سەربازی ئەمریکی کوژران، کە 220 کەسیان سەر بە هێزی دەریایی ئەم وڵاتە بوون.

هەروەها کردەوەی دوژمنکارانەی هێزی دەریایی ئێران و هێرشیان بۆ سەر تەنکەرە نەوتیەکانی کوێت، کە ئاڵای ئەمریکایان هەڵدابوو، لە لایەن فەرماندەکانی هێزی دەریایی ئەمریکاوە رووداوێکی لەبیر نەکراوە، ئەم رووداوەش دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی شەڕی یەکەمی کەنداو. ئەگەر پشتیوانی تاران لە میلیشیا شیعەکانی بەرپرس لە کوشتنی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، بەم دوژمنکاریەی ئێرانەوە لی زیاد بکەین، دەتوانین بڵێین فەرماندە باڵاکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، زیاتر لە سێ دەیەیە، کە ئێران لە بەرەی شەڕی دژ بە ئەمریکا دەبیننەوە.

ئێران لە بیر و یادەوەری فەرماندە باڵاکانی هێزی دەریایی ئەمریکا، بە تایبەت جەنەڕاڵ جەیمز ماتیس، بژاردەی ترامپ، بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا، وڵاتێکی دوژمنکارە. ساڵی 2012 کاتێک، کە ماتیس هێشتا بەرگی سەربازی لە بەر بوو رایگەیاند، کە ئەمریکا سێ دوژمنی سەرەکی هەیە، ئێران، ئێران و ئێران.

ماتیس دوای ئەوە خانەنشین کرا رایگەیاند، کە “ئێران پەیوەندی راستەوخۆی بە داعشەوە هەیە، من داعش زیاتر وەک دەستمایە و بیانوویەک بۆ ئێران دەزانم، کە هەوڵ بدات لەم رێگەوە درێژە بە ئاژاوە و شەڕخوازیەکانی بدات. ئێران دوژمنی داعش نییە، بە پێچەوانەوە، ئێران لە داعش سوودی زۆری وەرگرتووە”.

هەڵوێستی توندی جەنەڕاڵ ماتیس، بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، بووە هۆی ئەوەی، کە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، داوای لێ بکات داوای خانەنشین کردن بکات و لە پۆستی فەرماندەیی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بکەوێتەوە. ماتیس لە میانەی دانوستان و وتووێژەکانی پەیوەست بە دۆسیەی ئەتۆمی ئێران، داوای ناردنی سێهەمین کەشتی فڕۆکەهەڵگری بۆ کەنداوی فارس و دەریای عەمان کردبوو، داواکارییەک، کە لە لایەن کۆشکی سپی رەتکرایەوە.

 

دواتر بە ماتیسیان راگەیاند، کە سوپای ئەمریکا پێوستی بە سێهەمین کەشتی فڕۆکەهەڵگر هەیە بۆ ئۆقیانسی ئارام، بەڵام ماتیس هەر لە سەر داواکای خۆی پیداگربوو، نە تەنها لە گەڵ تام دانیلۆن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئۆباما، کەوتە مشتومڕەوە، بەڵکوو لە کەنداو چەند هەنگاوێکی هەڵێنا، کە کاردانەوەی توندی کۆشکی سپی بە دواداهات. راوێژکارێکی ماتیس دەڵێت “لە شوێنێک بە دانیلۆنی گوتووە، ئێوە بۆتان نییە، بە سەر مندا بڕیار بدەن”.

چەند هەفتە دواتر ماتیس ئاگادار کرایەوە، کە لە پۆستەکەی وەلانراوە. ئۆباما تەنانەت ئامادە نەبوو پەیوەندی تەلەفۆنی لە گەڵ ئەنجام بدات. وەلانانی ماتیس کاردانەوەی راستگەرا توندڕەوەکانی سوپای ئەمریکای بە دواداهات. پێیانوابوو، کە ئۆباما خەریکی پاکانە حیسابە. بۆچوونێکی دیکە ئەوە بوو، کە ئۆباما بەر لەوەی بەرەنگاری دوژمنانی ئەمریکا ببێتەوە، خەرکی دانوستان و ساتوسەودای سیاسیە.

ژمارەیەکی بەرچاو لە فرماندە باڵاکانی پێنتاگۆ،ن لە گەڵ بۆچوونەکانی ماتیس هاوڕا نین، لەو رووەوە، کە ماتیس تا سەر ئێسقان دژایەتی ئێران دەکات. ئێران لە دوای روسیا و چین، پلەی سێهەمی لە لیستی هەڕەشە ئەمنیەکانی ئەمریکا، بۆ خۆی تەرخان کردووە. دواتر کۆریای باکور، داعش و قاعیدە و گروپە توندڕوەکانی دیکە. لێرەدا ماتیس، زۆرتر جەخت لە سەر ئێران دەکاتەوە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com