نوچه‌نێت- سۆمه‌رییه نیوز
ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و ئابوریناس ره‌خنه له سه‌پاندنی باج و سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین ده‌گرن، كه حكومه‌تی عێراق له بودجه‌ی عێراق بۆ ساڵی 2017 په‌یڕه‌وی كردووه. ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كه تاكه زه‌ره‌رمه‌ند له‌م بودجه‌یه‌دا هاووڵاتیه.
ناهیده داینی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت “هاووڵاتی و فه‌رمانبه‌ری ئاسایی، تاكه زه‌ره‌رمه‌ندن له‌م بودجه‌یه‌دا، به‌هۆی سه‌پاندنی باج و لێبڕینی موچه‌وه”. پیشیوابوو “بێسه‌روبه‌ری له سیاسه‌تی دارایی و ئابووری ده‌ه‌وڵه‌تدا هه‌یه”.
داینی هه‌روه‌ها گوتی “سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌ت و گه‌نده‌ڵی كارگێڕی و، پشت به‌ستن ته‌نها به نه‌وت و نه‌بوونی سه‌رچاوه‌ی تری داهات و كه‌می وه‌به‌رهێنان، هه‌موویان كاریگه‌رییان له‌سه‌ر بودجه هه‌بووه”. گوتیشی “بودجه هه‌مووی گۆڕابوو بۆ كڕینی چه‌ك و خه‌رجی ئاواره‌كان، داواكارییه‌كانی هاووڵاتی ببوه شتێكی لاوه‌كی، نه‌ك سه‌ره‌كی”.
لای خۆشییه‌وه نه‌جیبه نه‌جیب، ئه‌ندامی لیژنه‌ی دارایی په‌رله‌مانی عێراق گوتی “بودجه پێداویستی هاووڵاتیانی پڕ نه‌كردبوه‌وه له دامه‌زراندن و كه‌مكردنه‌وه‌ی هه‌ژاری و جێبه‌جێ كردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان”.
نه‌جیب ده‌ڵێت “بودجه له به‌رژه‌وه‌ندی زۆرینه تێپه‌ڕێنرا، هیچ هه‌ماهه‌نگیه‌ك نه‌بوو و حیساب بۆ پێكهاته‌كانی تر نه‌كرا”. جه‌ختیشی كرده‌وه “سته‌م له پێكهاته‌ی كورد كراوه و له شایسته داراییه‌كانی بێبه‌ش كرا، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی، كه په‌یوه‌ندی به پێشمه‌رگه و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانه‌وه هه‌یه”.
ماجد سوه‌ری، كه شاره‌زایه‌كی ئابوریه ده‌ڵێت “سك هه‌ڵگوشین كارێكی ئاساییه له سایه‌ی ئه‌م بارودۆخه‌ی، كه عێراقی پێدا تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام ئه‌م كارانه پێویستی به به‌ڕیوه‌بردنێكی ئابورییانه‌ی تۆكمه و لێهاتوو و دژایه‌تی كردنی گه‌نده‌ڵی و چاودێری دارایی به‌هێز هه‌یه، له‌سه‌ر داهات و خه‌رجییه‌كان، ئه‌گه‌ر ئه‌مانه نه‌بێت، ئه‌وا سیاسه‌تی سك هه‌ڵگوشین ته‌نها سته‌مێكه له گه‌لی عێراق ده‌كرێت”.
سوه‌ری سه‌رسوڕمانی خۆشی پیشاندا له به‌رامبه‌ر فشار خستنه سه‌ر هاوڵاتیان له هه‌موو بواره‌كاندا له‌كاتی سكهه‌ڵگوشیندا ، به‌ڵام فه‌رمانبه‌ره پله باڵاكان له ئه‌وپه‌ڕی خۆشگوزه‌رانیدان، ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد كه ” به هه‌ده‌ردان و ئیسرافێكی زۆر هه‌یه له موچه‌ی پله باڵاكان و ئه‌و خزمه‌تگوزارییه‌ی پێشكه‌شیان ده‌كرێت”.
لای خۆشییه‌وه زرخام محه‌مه‌د عه‌لی، سه‌رۆكی ناوه‌ندی راگه‌یاندنی ئابووری گوتی ” بودجه له‌سه‌ر بنه‌مای ناواقیعی دانراوه، به‌وه‌ی، كه رێككه‌وتنی نه‌وتی عێراقی له‌گه‌ڵ ئۆپیك له‌به‌رچاو نه‌گرتووه، ئه‌م جگه له‌وه‌ی درێژكراوه‌ی بودجه‌كانی به‌كاربردنه و خزمه‌تی گه‌شه‌پێدان ناكات، به‌ڵكو راسته‌وخۆ له قوتی هه‌ژاران ده‌بڕیت له‌ژێر ناونیشانی نیشتمان په‌روه‌ریدا، بۆ ئه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تییه‌كان كه‌م بكاته‌وه”.
عه‌لی هه‌روه‌ها گوتی “به‌رپرسانی ده‌وڵه‌ت له پله‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیه‌وه به‌ره‌و سه‌ر، تا ئێستاش سه‌رجه‌م ئیمتیازه‌كانی پێشوویان وه‌رده‌گرن، وه‌ك دانی كرێی شوێنی نیشته‌جێبوونیان و تێچووی چاره‌سه‌ركردنی پزیشكیان، له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه. ئه‌مه له كاتێكدایه، كه فشار ته‌نها له‌سه‌ر ئه‌و توێژه چڕ بووه‌ته‌وه، كه داهاتیان كه‌مه و بژێویان سنوردار ده‌كات، به‌بێ هیچ رێكارێكی ئه‌خلاقی”.
جێگه‌ی ئاماژه‌یه ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رۆژی یه‌كشه‌ممه ده‌نگی به زۆرینه‌ی مادده‌كانی بودجه‌ی ساڵی 2017 دا، كه هه‌ندێك له مادده‌كانی بریتین له سه‌پاندنی باج به‌سه‌ر كارتی پڕكردنه‌وه‌ی مۆبایل، تۆڕه‌كانی ئینته‌رنێت و بلیتی فرۆكه‌وانی، ئه‌مه جگه له بڕینی رێژه‌ی 3.8% له موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و خانه‌نشینان.