نوچهنێت
ئەو بۆچوونەی، کە پێی وابوو سەرکەوتنی ترامپ لە قازانجی ئێرانە، بە تەواوەتی بۆچوونێکی هەڵەیە. نەک بەو هۆیەی، کە ترامپ هەڕەشەی هەڵوەشانەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی کردووە، راست لە بەر ئەو هۆیەی، کە سەرۆکی تازەهەڵبژێردراوی ئەمریکا، کەسانێکی بۆ پۆستە سیادی و هەستیارەکان هەڵبژاردووە، کە دەتوانن رێڕەوی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ئایندەدا بگۆڕن، ئێران لەم گۆشەنیگاوە نیگەرانی دەرهاویشتەکانی ئەم ئیدارە نوێیەی ئەمریکایە.
ترامپ، جەنەڕاڵی خانەنشین کراو، مایکڵ فلینی، بۆ پۆستی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دیاری کردووە، کی. تی. مەک فارلەندی، وەک جێگری راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی دەستنیشان کردووە. مایک پۆمپئۆی، بۆ سەرۆکی سیا داناوە. جەیمز ماتیس، وەک وەزیری بەرگری دیاری کردووە. هەموو ئەم کەسانە خاڵی هاوبەشیان دژایەتیکردنی ئێرانە. لە هەڵسەنگاندنی ئەم کەسانە، ئێران سەرچاوەی هەموو کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. بژاردەکانی سیاسەتی دەرەوی ئەمریکا دژە ئێرانین. سەرباری ئەمانە، دەبێ لێدوانی دژە ئێرانی ترامپیێش لێ زیاد بکەین.
لە سەرەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی
تەنانەت ئەگەر ترامپ رێککەوتنی ئەتۆمی هەڵنەوەشێنێتەوە، ژیانی سیاسی ئێران سەختر دەبێت. هەر چەند تەنها ئیران و ئەمریکا واژۆیان لە سەر رێککەوتنی ئەتۆمی نەکردووە، روسیا، چین، فەڕەنسا و ئەڵمانیاش، لایەنەکانی ئەم رێککەوتنەن. سەرباری هەموو ئەمانە، بازرگانی فاکتەرێکی سەرەکیە لەم پەیوەندیەدا. ئەوروپا بە پارێزەوە لە گەڵ ئێران، مامەڵە دەکات. ئەم فاکتهرە ئەو کات شوێندانەری زیاتر دەبێت، کە ئەمریکا بیهەوێ گەمارۆ بخاتە سەر ئەو دەوڵەت و کۆمپانیا و بانکە ئەوروپیانەی، کە لە گەڵ ئێران و لە دەرەوەی رێککەوتنەکە بکەونە دانوستانەوە. جگە لەمەش، مەسەلەی ئایندەی ناتۆ و پەیوەندیەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، فاکتەرێکی دیاریکەرە.
سرووشتیە، کە ئەوروپا نایهەوێ لە سەر ئێران لە گەل ئەمریکا، بکەوێتە تەنگژە و کێشەوە. روسیا و ئەمریکا، کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە خۆیان هەیە. روسیا تەنها کارتی ئێران وەک گوشار خستنە سەر ئەمریکا بەکار دێنێ، بە تایبەت لە ئۆکراینیا، سوریا. چینیش رێک لەم مەوقیفەدایە.
رەنگە ئەمریکا بیهەوێ بۆ ناسەقامگیر کردنی ئێران، کۆمەڵێک رێوشوێنی دیکە بگرێتە بەر. بە تایبەتی کێشە چارەسەر نەکراوەکانی ئێران، بە تایبەتی لە رووی نەتەوەیی و ئایینەوە بکاتە فاکتەرێکی ئەم گەمە سیاسیە. بژاردەیەکی دیکە رەنگە کارتی موجاهدینی خەڵکی ئێران بێت، کە ناکرێ چاوپۆشی لێبکرێت.
لە ئێستادا رکابەر و دوژمنانی ناوچەیی ئێران، سەرنجیان لە سەر ترامپە. لە ئەردۆغانەوە بگرە تا شای سعودیە و ئیسرائیل، نامەی پیرۆزباییان ئاراستەی ترامپ کردووە و نیگەرانیەکانی خۆیان لە بارەی مەترسیەکانی ئێران بۆ باس کردووە. تەنانەت حەیدەر عەبادی، لە گەڵ ترامپ گفتوگۆی کردووە. بوونی کەسێکی دژە ئێرانی لە ئەمریکا جەسارەتی دوژمنانی ئێرانی زیاد کردووە. ئەمە لە کاتێکدایە، کە ئێران هەر جۆرە رێککەوتنێکی لە گهڵ ئەمریکا رەتکردۆتەوە. لە سەردەمی ئاڵۆزی ئیستادا و لە سەرووی هەموویانەوە، وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەتوانن لە رێگەی مامەڵە و کڕینی چەک و چٶڵی ئەمریکا، پاداشی کارەکەنی ترامپ بدەنەوە.
پێدەچێ لەم هەلومەرجەدا، سیاسەتی رادیکاڵ و توندڕەوانەی ئێران، لە خانەی سیاسەتی نێودەوڵەتی ئیدارەی ترامپ جێگای نەبێتەوە.