نوچه‌نێت- عه‌ره‌بی 21
نوری بارزان بازرگانێكی كورده و بازرگانی خۆراك ده‌كات، بیری له‌وه كردبوه‌وه به‌هۆی كه‌می فرۆشه‌وه كۆگاكه‌ی دابخات، به‌ڵام كه شه‌ڕی له‌ناوبردنی داعش ده‌ستی پێكرد، نیگه‌رانییه‌كه‌ی كه‌م بوه‌وه.
له‌گه‌ڵ گرتنه‌وه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی پارێزگای موسڵ له‌لایه‌ن هێزه هاوبه‌شه‌كانه‌وه، هه‌ر خێرا بازرگانه كورده‌كان ده‌ستیان كرد به جوڵه و كه‌لوپه‌ل و خۆراكیان نارد بۆ ئه‌و كۆگا و دوكانه داخراوانه‌ی، كه به ده‌ركردنی داعش له ناوچه‌كانیان ده‌رگاكانیان كرانه‌وه.
بارزان، كه له كۆگاكه‌ی خۆیدا دانیشتبوو له شارۆچكه‌ی كه‌ڵه‌كی رۆژهه‌ڵاتی موسڵ، گوتی “له سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی پرۆسه‌ی گرتنه‌وه‌ی موسڵه‌وه، فرۆشتن 50% زیادی كردووه، بازرگانه‌كان شتومه‌كمان لێده‌كڕن بۆ خۆ ئاماده كردن بۆ دووباره ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكییه‌كان له موسڵ”.
ئه‌و شتومه‌كانه‌ی بارزان ده‌یانفرۆشێت، بریتین له برنج، زه‌یت، سابوون و گه‌نمه شامی، ئه‌مه‌ش ئه‌و شتومه‌كانه‌ن، كه له موسڵ داواكاری زۆریان له‌سه‌ره، كه دوای دوو ساڵ و نیو دوووباره ژیان تییدا به‌ره‌و ئاسایی بوونه‌وه ده‌چێت.
بارزان، كه كۆگاكه‌ی له‌گه‌ڵ دوو كوڕه‌كه‌یدا به‌ڕێوه ده‌بات ده‌ڵێت “له‌گه‌ڵ خراپ بوونی بارودۆخی ئابووری هه‌رێمی كوردستان، بیرم له داخستنی كۆگاكه‌م ده‌كرده‌وه، به‌ڵام ئێستا گه‌شبینم، ئێستا وه‌ك پێشوو نییه”.
به‌ره‌وپێشچوونه‌كانی ئه‌مدواییه، كه‌مێك ئاسوده‌یی گه‌ڕاندوه‌ته‌وه، به درێژایی دوو ساڵ بێكاری له هه‌رێمی كوردستانی نیمچه سه‌ربه‌خۆ له به‌رزبوونه‌وه‌دا بوو، به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و نه‌ناردنی به‌شه‌بودجه‌ی هه‌رێم له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌نده‌وه.
دیمه‌نی بینای چۆڵكراو و كۆگای بازرگانی داخراو و ئه‌و بازرگانانه‌ی به‌بێ كار له نوسینگه‌كانیان دانیشتوون بووه‌ته دیمه‌نێكی باو له كه‌ڵه‌ك و هه‌ولێر و هه‌موو هه‌رێمی كوردستان.
موسڵ پێشتر له بازرگانه‌كانی سوریاوه شتومه‌كی پێده‌گه‌یشت، كه كه‌لوپه‌لی سوری و توركی و ئێرانی‌یان ده‌هێنا، داعش‌یش پشتیوانی ئه‌م رێگه‌یان ده‌كرد، كه موسڵ و ره‌ققه‌ی به‌یه‌كه‌وه ده‌به‌سته‌وه و سه‌رجه‌م رێگاكانی تری نێوان موسڵ و ناوچه كوردیه‌كان و ناوچه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی عێراقیان بڕیبوو.
فه‌رحان مه‌عجه‌ل، خاوه‌نی یه‌كێك له كۆگاكانی میوه‌فرۆشی، له‌وكاته‌وه‌ی سوپای عێراق، ئه‌و ناوچانه‌یان له چه‌كدارانی داعش پاك كرده‌وه، دووباره ده‌رگای دووكانه‌كه‌ی كرده‌وه، كه له ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری رۆژهه‌لاتی موسڵه، ئه‌و ده‌ڵێت “ئێستا شتومه‌كه‌كانم له كه‌ڵه‌ك ده‌هێنم، هاوڕێ كورده‌كانم راده‌سپێرم شتومه‌كم بۆ بهێنن، پێشتر هه‌موو ئه‌وه‌ی ده‌مفرۆشت له سوریاوه بۆمده‌هات”.
مه‌عجه‌ل ده‌ڵێت بازرگانه كورده‌كان نرخی گونجاو له‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كانیان داده‌نێن، بۆ نمونه قتویه‌ك بیپسی به 250 دینار ده‌فرۆشین، به‌ڵام پێشتر به 500 دینار ده‌مانفرۆشت كاتێك له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعشدا بوین.
موئه‌یه‌د مامه‌ند بازرگانێكی تری كه‌ڵه‌كه ده‌ڵێت “كاره‌كه‌مان خه‌ریكه ده‌ژیێته‌وه، له‌گه‌ڵ هاتنی بازرگانانی موسڵ بۆ شتومه‌ك كڕین”.
موئه‌یه‌دیش وه‌ك بارزان بازرگانی خۆراك ده‌كات، كه له توركیا و ئێرانه‌وه هاورده ده‌كرێن، له‌گه‌ڵ به‌روبومی سپیایی ناوخۆیی.
هه‌موو به‌یانیه‌ك ده‌یان بارهه‌ڵگر له كه‌ڵه‌ك و شاره كوردیه‌كانی تره‌وه، كه ئاو، خۆراك، نان، برنج و سابونیان هه‌ڵگرتووه و به‌ره‌و سه‌ربازگه و كه‌مپه‌كانی په‌نابه‌ران به‌رێده‌كه‌ون.
بازرگانه‌كانی تر شتومه‌ك ده‌گه‌یه‌ننه كۆگا و دووكانه‌كانی موسڵ، دوای ئه‌وه‌ی به بازگه سه‌ربازیه‌كاندا تێده‌په‌ڕن و رازیان ده‌كه‌ن بچنه موسڵ، ئه‌حمه‌د محه‌مه‌د به‌رپرسێكی خه‌باته ده‌ڵێت “باری ئابووری زۆربه‌ره‌و خراپی چووبوو، به‌ڵام ئێستا زۆر له گه‌شانه‌وه‌دایه”.
100 هه‌زار سه‌ربازی سوپا، كه به‌ره‌و باكور هاتوون، رۆژانه ئه‌و سه‌ربازانه روو ده‌كه‌نه بازاڕی خه‌بات بۆ كڕینی پێداویستیه‌كانیان.
مه‌حمود حه‌كیم، كه سه‌ربازێكی عێراقیه و به‌دوای چاكه‌تێكی زستانیدا ده‌گه‌ڕا، گوتی “هه‌موومان بۆ كڕینی جل و به‌رگ دێینه ئێره، كه‌شی ئێره زۆر ساردتره له كه‌شی به‌غدا”.