نوچهنێت
بۆ جارێکی دیکە، فارس وەلید، راوێژکاری دۆنالد ترامپ بۆ کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیرۆریزم جەختی کردۆتەوە، کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا لە پلانیدایە هاوپەیمانیەک پێکهاتوو لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو و میسر و ئۆردن پێکبهێنێت، ئەمەش هەمان ئەو بیرۆکەیە، کە باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا بەردەوام دژایەتی دەکرد، هۆی سەرەکی ئەوە بوو، کە ئەم بیرۆکەیە و پێکهاتنی ئەم هاوپەیمانیە بەربەستێکی سەرەکیە لە بەر دەم رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان.
وەلید فارس لە بارەی روانگەی ترامپ بۆ موسوڵمانان و ئەوەی، کە وەک نییەتی سەرۆکی تازەهەڵبژێرداوی ئەمریکا، له هەمبەر بە موسوڵمانانی عەرەب باسی لێوە کراوە، گوتوویەتی، ئەم جۆرە قسانە تەنها قسەی بێ بنەمایە و ئیخوانەکان و حکومەتی ئێران لە پشتەوەی ئەم پروپاگاندانەن. وەلید فارس، هەروەها پێی وایە ئەو کەسانەی، کە بانگەشەی لەم بابەتە دەکەن، هەمان ئەو کەسانەن، کە خەڵکیان ناچار کرد، کە لە حەلەب و موسڵ رابکەن.
فارس لە زاری ترامپەوە دەشڵێت، ئیدارەی نوێی ئەمریکا دەستی دۆستایەتی و هاوپەمانی بۆ جیهانی عەرەب درێژ دەکاتەوە، مەبەستی سەرەکیش لەم بانگەشەیە پێکهێنانی بەرە یان هاوپەیمانییەکی بەربڵاوە لە وڵاتانی عەرەب، هاوپەیمانیەک لە چەشنی رێکخراوی ئەمنی و سەربازی ناتۆ و ئامانجی ئەم هاوپەیمانییەش بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمە و هاریکاریکردنی ئەمریکایە لەم بوارەدا.
پێشبینی ئەوە دەکرێ، كه ترامپ لە کاتی چوونی بۆ کۆشکی سپی، زۆر بەو میراتەی، کە لە ئۆباما بە جێماوە، دڵخۆش نەبێ، بە تایبەت ئەوەندەی پەیوەندی بە رۆژهەڵاتی ناڤین و ئێرانەوە هەیە. هەر وەک ترامپ بۆ خۆی رایگەیاندووە، رێگە بە بەردەوام بوونی ئێران لە دەستوەردانی سیاسی، ئەمنی و سەربازی ئێران لە عێراق و سوریا نادات. ئەمەش مانای وایە ترامپ رێگری دەکات لە بەردەوام بوونی هاوکێشەیەک، کە تێیدا سوپای پاسداران بە پانەوە تەراتێن دەکات. هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت، ترامپ لە دوای چوونی بۆ کۆشكی سپی و بە دەستەوە گرتنی سوکانی سیاسەتی دەرەوە، سیاسەتێکی جیاواز لە سیاسەتی ئێستای ئۆباما بگرێتەبەر.
چەند رۆژ بەر لە ئێستا، وەلید فارس، بە (بی بی سی) نیوزی گوتبوو، کە پێکهێنانی هاوپەیمانیەکی پێکهاتوو لە وڵاتانی عەرەبی، یەکێک دەبێ لە ئەولەویەتەکانی ئیدارەی ترامپ، کە تێیدا میسر، ئۆردن و وڵاتانی کەنداو بەشدار دەبن. وەلید فارس، لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێک، کە خۆی لە ئێستادا ئەم هاوپەیمانییە بوونی هەیە گوتوویەتی، دیپلۆماتکارانی عەرەب بەروام داوایان لە واشنتۆن کردووە، ئەگەر بە شێوەی کاتی و سنوورداریش بووە لە ئۆپەراسیۆنه ئاسمانیەکانی دژ بە داعش بەشدارییان پێبکرێت، بەڵام ئیدارەی ئۆباما تێی گەیاندن، کە نایهەوێ ئەوان لە سوریا و عێراق دەستوەردان بکەن، رێک لە بەر ئەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران بگاتە ئامانجی کۆتایی خۆی و سەرکهوتنێک بۆ ئیدارەکەش تۆمار بکرێت. هۆیەکی دیکەش ئەوەیە، کە مەیداندارێکی سەرەکی شەڕی دژ بە تیرۆر لە عێراق، لە لایەن گروپەکانی ژێر دەسەڵاتی ئێران بەڕێوە دەچێت.
ئەمە لە کاتێکدایە، کە نیگەرایەکانی تاران لە بارەی روانگەی ترامپ بۆ رێککەوتنی ئەتۆمی و ئەگەری هەڵوەشانەوە یان گۆڕینی رێککەوتنەکە، رۆژ لە دوای رۆژ لە زیادبووندایە. هەرچەند گریمانە دەکرێ، ترامپ تەنها بۆ خستنە ژێر رکێفی تاران ئەم بانگەشەیەی کردبێت.
هەر لەم پەیوەندیەدا رۆژنامەی واشنتۆن پۆست نووسیویەتی، کە ترامپ لە ئەیالەتی ئالاباما جەختی لە دۆستایەتی سعودیە کردۆتەوە و رایگەیاندووە، کە دەبێ پەیوەندی لە گەڵ سعودیە پارێزراو بێت، تا باشترین ئاستی خۆی. واشنتۆن پۆست ئاماژەی بەوشداوە، کەم نین ئەو سعودیانەی، کە ترامپیان خۆش دەوێ، هەمووی ئەمانە تەنها چاوەڕوانیە و دەبێ چاوەڕێش بکرێ تا ئەو کاتەی ترامپ پێ دەنێتە کۆشکی سپییەوە و بە فەرمی کاروباری وڵات بە دەستەوە بگرێت.