نوری بێخاڵی: حزبی كوردی بە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنەوە ویستێكی كوشندەیان هەیە بۆ ملپێكەچكردنی هێزی نوێ
نوچەنێت. تەوەر: لایەنە خراپ و لێکچووەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چین؟ بۆچی ئەوەندە لەیەک ئەچن؟، ئەمە کەش و هەوای سیاسی ئەو ناوچەیە وا دەکات؟ یان پەروەردەی سیاسی؟.
نوری بێخاڵی نووسەر و رۆژنامەنووس: پرسیارێكە لە شوێنی خۆی، چوون كەمترین جوانی لە حزبی سیاسی ئێمەدا هەن، هەر لە بونیاد و پێكهاتەی رێكخراوەییانەوە بگرە، تا دەگاتە دونیابینی سیاسییان و جۆری تێگەیشتنیان بۆ دیموكراسییەت و كرانەوە و حوكمڕانی، تاكو فۆڕمی دەقگرتوو و كلاسیكی كاری رێكخستنی حزبایەتی و دونیایەك شتی تر.
بەلای منەوە ئیسلامییەكانی لێدەركە، كە بەرهەمی دونیای دەرەوەی ئێمەن و ئومێدێكیان بۆ سبەیەكی باشتر لێ بەدی ناكرێ، بە حوكمی ئەو خاوەنداریەتی كردنەیان لە حەقیقەتی رەها و نماییندەكردنی خوا لەسەر زەوی، تا دابەشكردنی كۆمەڵگە بۆ دوو بەرەی ئیماندار و بێ ئیمان، بە یەكگرتووی ئیسلامیشتەوە، كە گوایە هێزێكی نوێی میانڕۆییە، لە كاتێكدا درێژكراوەی ترسناكترین گوتاری سیاسی موتوربەكراو بە وەعز و تەلقینی ئایینییە، گوتارێك لە كاتی گرتنە دەستی دەسەڵاتدا كۆی جیاوازەكانی خۆی جارانی سفر دەكاتەوە و بوون و بەهای مرۆییان، بەر لە سیاسییان دەسڕێتەوە و نموونەش زۆر و زەوەندن، كە رەنگە لێرەدا دەرفەتی ریزكردن و مشتوماڵكردنیان نەبێ.
هەرچی پەیوەندی بە حزبەكانی دەسەڵات و وردە حزبە هاوپەیمانەكانیان و لەگەڵیشیدا گۆڕان هەیە، حزب گەلێكن زادەی یەك ژینگە و ژیانی كۆمەڵایەتی و كولتوری، ژینگەیەك كە باڵادەستی عەقڵییەتی نەریتگەرا و باوەڕسالاری كون و كەلەبەری بیركردنەوە و خەیاڵدانی مرۆڤەكانی تەنیووە. حزبگەلێك بەرهەمی زەمینە و ژینگە تەندروستەكانی لە دایكبوونی حزب نین، هێندەی لە بزووتنەوەی جەماوەری دەچن، چارەگی ئەوە لە حزبی سیاسی خاوەن میتۆد و بونیادی فیكری ناچن.. حزبگەلێك لەسەر ئاستی ناوخۆ و پەیوەند بە دونیای دەرەوەی خۆیان، تا ئێستا بوێری خۆ یەكلاكردنەوەیان لە هیچ پرس و بابەتێكی سیاسی، فیكری، كۆمەڵایەتی، كولتوری نییە.
خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات خراپتر تەوزیفكردنەوەی چەمك و دەلالاتی سیاسی ئۆپۆزسیۆن.. خراپ مامەڵەكردن لەگەڵ جیاوازی و خراپتر نمایشكردنەوەی رەهایی.. خراپ تەفسیركردنی ژیان و مرۆڤ و دابەشكردنی وەزیفەكانی.. خراپ تێگەیشتن و تەوزیفكردنەوەی چەمكگەلی ماف و ئازادی گشتی و بەرپرسیارێتی.. خراپ لە پێناسەكردنەوەی ئینتیما و نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی بوون.. خراپ شێواندنی پرسی ماف و ئازادی ژن و وەبەرهێنانی بۆ ماكیاژكردنی دیوی دژە مرۆیی و عەقڵی پیاوسالارانەی خۆی..
ئەوانە و زۆر خراپی تر دوور و نزیك پەیوەندییان بە كەش و هەوای ناوچەكەوە نییە، مەگەر بۆ ئەوانە نەبێ كە ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن و سواری پشتی بەهاری ئیخوان بوون، بە گۆڕانیشەوە كە سواری پشتی ئەو تەوژمە بووە و بە داڕشتن و گوزارەیەكی ترەوە دەرخواردمنانی دەداتەوە.. ئەوانە زۆر پێش كەش و هەوای ئێستای ناوچەكە هەبوون و هەن، بۆیە بەدیوێكدا ژینگەی كولتوری و كۆمەڵایەتی، بە دیوەكەی تردا پەروەردەی سیاسی سەرچاوەی هەموو ئەو خراپیانەیە، كە تیایاندان.
حزبی كوردی (دیارە قسە لەسەر حزبەكانی باشووری كوردستانە) لەوپەڕی بەناو راست بۆ ئەوپەڕی بە دروشم چەپ، لەوپەڕی بە گوتار ناسیونالیستی بۆ ئەوپەڕی بە بەیاننامە نێونەتەوەیی، كوڕی یەك كولتورن و ئاو لە هەمان مێژووی سیاسی دوێنێی ئەزموونی یەكتر سڕینەوە و عەقڵییەتی هەرێم و شارچێتی دەخۆنەوە..
دواجار ئەو خراپییانە درێژكراوەی گۆشبوونی باوكە سیاسییەكانی دوێنێیە لە میانی پەروەردەیەكی ناتەندروست و سەقەتی سیاسییەوە وەك ڤایرۆس بۆ نەوەكانی دوای خۆیان وتا ئێستا گواستویانەتەوە.. حزبی كوردی خەمی مرۆڤی نییە، بەڵكو خەمی بەرهەمهێنانی حەكیم و كاریزما.. حزبی كوردی خەیاڵی بەلای نیشتمانەوە نییە، هێندەی خەون بە فراوانكردنی ئۆتۆریتەی خێڵ و بنەماڵە و شار و گوند و گەڕەكەوە دەبینێ، بەوانەی دروشمی قەبە قەبەی دیموكراسی و لیبرالییەت و شتی لەو بابەتانەیان بەرز كردۆتەوە.. حزبی كوردی پێناسەیەكی نییە بۆ نەتەوە و بیریشی بەلای پاراستنی ئەو شوناسەوە ناچێ، شوناسی ئەو سەلماندنی خۆیەتی و بەس، هەوڵدانی بێوچانییەتی بۆ قەناعەتمان پێبێنێ، كە سەركردە واتە نەتەوە، كە حزب واتە نیشتمان..حزبی كوردی رقی لە خودئیرادەیی ئینتماكردنی مرۆڤەكانە و درێغی ناكات لەوەی جۆرەها میكانیزمی بە كۆیلەكردن و گوێڕایەڵكردنی كائینەكانی نیشتمان بخاتە گەڕ.. حزبی كوردی بەوانەی ناویشیان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن هێڵنجیان بە نوێبوونەوە و باڵاكردنی دەنگ و رەنگی نوێ دێت و سەركردەكانیان مەیلێكی نەرجسی سەیر و بێپایان نەرجسی و لە خۆرازیبوونیان هەیە، ویستێكی كوشندەیان هەیە بۆ ملپێكەچكردنی هێزی نوێ.. حزبی كوردی و بەوانەیش پۆزی ئۆپۆزسیۆن بوون لێدەدەن هێزگەلێكن لەسەر بە مێگەلكردنی كۆمەڵگا و پەڕینەوە بەسەر پشتی نەهامەتییەكانیان دەیانەوێ درێژە بە تەمەنی كورسی و دەسەڵاتی سەركردەكانیان بدەن..حزبەكانی دەسەڵات بەس مێژووییان بەدەستە مرۆڤەكانی نیشتمان قەرزبار بكەنەوە، ئەوانەی ئۆپۆزسیۆنیش تەنها هەست و سۆز و ناڕەزایەتی مرۆڤەكانی نیشتمان شك دەبن لە رێگەیانەوە گوزارشت لە مەیلی دەسەڵاتگەرای خۆیانەوە بكەن..
جا وەرە كارەساتی كەشوهەوای ناوچەكەش بێت و كەڵكەڵەی مانەوەی هەندێك و پەلەپروزێی هەندێكیان بۆ دەسەڵات بكەوێتە كەللە، جا وەرە بەهاری ئیخوان ببێتە هەوێنی بونیادنانی خەونی ئازادی و ژیان و مرۆڤدۆستی حزبەكانی ئێرە، دەبێ لەگەڵ ئەو پەروەردە سیاسییە نەخۆشەدا بمانگەیننە كوێ؟ چ وەك مرۆڤ، چ وەك نەتەوە.