جەنەڕاڵێک، کە ئێران لە داعش بە مەترسیدارتر دەزانێ

0

نوچەنێت

جەنەڕاڵ جەیمز ماتیس، بەرپرسێکی سەربازی بە ئەزموونە و یەکێکە لە بژاردە سەرەکیەکانی سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا بۆ پۆستی وەزارەتی بەرگری ئەم وڵاتە. ئەم جەنەڕاڵە ئەمریکە، ئێران لە داعش بە مەترسیدارتر دەزانێ، بەڵام هاوکات رایگەیاندووە، کە ناکرێ رێککەوتنی ئەتۆمی ئێران و وڵاتانی زلهێزی جیهان هەڵبوەشێندرێتەوە.

جەنەڕاڵ ماتیس ماوەیەکە لە کەرتی تایبەت کاردەکات، بەڵام ئەم رەخنەگرەی سیاسەتەکای ئۆباما، پێگە و رۆڵێکی تایبەتی لە کاروباری سەربازی هەیە.

نزیک بە سێ ساڵ و نیوە، کە جەنەڕاڵ ماتیس، خانەنشین کراوە. دوایین پۆستی ناوبراو فەرماندەی ئەرکانی ناوەندیی فەرماندەیی بووە. بواری چالاکیەکانی ئەرکانی ناوەندیی فەرماندەیی سوپای ئەمریکا، قۆچی ئەفریقای تا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسیای میانەی گرتۆتە خۆ.

باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا، ماتیسی وەک جێگری دەیڤید پێرائۆس، بۆ ئەم پۆستە دیار کرد و بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لەم پۆستەدا بەردەوام بووە.

بۆشی کوڕ، جەنەڕاڵ ماتیسی وەک، فەرماندەی ئەرکانی هێزە هاوبەشەکانی ئەمریکا دیاریکرد. هاوکات دوو ساڵ ئەرکی فەرماندەیی هێزەکانی ناتۆی لە ئەستۆ بووە.

ماتیس بۆ ساڵانێک لە ئەفغانستان و شەڕی یەکەمی کەنداو بەرپرسایەتی لە ئەستۆ بووە و دەگوترێ لە نێوان هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا، کەسایەتیەکی یەک جار خۆشناوە، هۆی سەرەکی ئەم خۆشناویەی ماتیس، ئەوە بووە، کە شان بە شانی هێزە سەربازیەکانی ئەمریکا لە بەرەکانی شەڕ ئامادە بووە.

مایک پەنس، جێگری ترامپ لە بارەی ماتیسەوە گوتوویەتی، کە ناوبراو فەرماندەیەکی ئەفسانەیی ئەمریکایە.

جەنەڕاڵ ماتیس لە سەر ئەو باوەڕەیە، کە ئێران سەرچاوەی نائەمنی و ناسەقامگریە لە ناوچەکە، بە تایبەت لە دوای سەرهەڵدانی داعش. بە بۆچوونی ماتریس ناکرێ رێککەوتننامەی ئەتۆمی لە گەڵ ئێران هەڵبوەشێندرێتەوە و لەم بارەیەوە گوتوویەتی، کە ئەم رێککەوتنە تەنها ستۆپێکە لە بەردەم بەرهەمهێنانی چەکی ئەتۆمی لە لایەن ئێرانەوە.

چوار ساڵ بەر لە ئێستا ئەم جەنەڕاڵەی ئەمریکا پێی وابوو، کە دژبەرانی ئەسەد دەبی پڕ چەک بکرێن تا بەرەنگاری گروپە بەستراوەکانی سەر بە ئێران ببنەوە. وێڕای ئەوەی، کە رەخنەی لە هەندێک لە بۆچوون و سیاسەتەکانی ترامپ هەیە.

ماتیس خوێندنی لە کۆلێجی نەتەوەیی شەڕ تەواو کردووە و کتێبخانەی نابراو، کە زیاتر لە ٧ هەزار بەرگ کتێب لە خۆ دەگرێ، لە سوپای ئەمریکا بە ناوبانگە.

سوپا و کاروباری سەربازی، سەرتاپای ژیانی ماتیسی لە خۆ گرتووە، تا ئەو رادەیە، کە هیچ کات ژیانی هاوبەشی پێک نەهێنا. هەموو کاتەکانی خۆی بۆ خوێندنەوە و دیراسات و بەشداری لە شەڕەکان تەرخان کردووە. یەکێک لە کارە سەرنج راکێشەکانی ماتیس ئەوە بوو، کە پێش لە ناردنی هێزەکانی ئەمریکا بۆ عێراق، کەلتوری عەرەبی و داب و نەریتی عێراقیەکانی فێری سەربازانی ئەمریکی کرد.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com