تەوەر… فەرهاد مەلا حەسەن: دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە لەیەك ئەچن، لە مامەڵەو هەڵسوكەوتەكانیاندا رەنگی یەكتریان گرتووە
نوچەنێت. تەوەر: لایەنە خراپ و لێکچووەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چین ؟ بۆچی ئەوەندە لەیەک ئەچن؟، ئەمە کەش و هەوای سیاسی ئەو ناوچەیە وا دەکات؟ یان پەروەردەی سیاسی؟.
فەرهاد مەلا حەسەن رۆژنامەنووس. سەرنووسەری گۆڤاری شەقام: ئەگەرچی بوونی ئۆپۆزسیۆن لای ئێمە وەك سەرەتا و دیاردەیەكی یەكەمجارە یەكێك بوو لەو دەرهاوێشتە دەگمەن و جوانانەی كە بەهۆیەوە هەموو میللەتێكی دیموكراسخواز پێویستییەتی، یەكێك بووە لەو هەنگاوانەی كە دەكرێ بەوە ناوبنرێ، كە توانی میللەت لە جۆرێك كۆتوبەندی تاك حزبی و بیرنەكردنەوەی فرەیی رزگار بكات، بەڵام بەوپێیەی ئەو ئۆپۆزسیۆنەش لەدایكبووی منداڵدانێكە لەو كۆمەڵگەیە كە بەدرێژایی مێژوو و سەدەكان توڕەیی و رق و بێزارییەكانی لەخۆدا كۆكردۆتەوە، ناچار ئەویش بەشێوەیەك لە شێوەكان دەگەڕێتەوە سەر هەمان جەمسەری مامەڵەكردن، مامەڵەكردنێك كە لەدەرەنجامەكەیدا هیچ جیاوازییەكی ئەوتۆی لێ نابینیت كە بەهۆیەوە بتوانین بڵێین لەناو كۆمەڵگەی ئێمەدا ئەوە (ئۆپۆزسیۆن) و ئەوەش (دەسەڵات)ە.
لەو نیشتمانەی ئێمە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن ئەوەندە لەیەك ئەچن، لە مامەڵەو هەڵسوكەوتەكانیاندا رەنگی یەكتریان گرتووە، دەكرێ ئۆپۆزسیۆن هەمیشە ناڕازیی بێت، دەكرێ هەمیشە هەڵەو كەموكوڕییەكان بەرچاوبخات و پێشنیاریش بۆ چارەسەرییەكان دابنێت، بەڵام ناكرێ هەموو ئەو ناڕازییبوون و رەخنەو دەرخستنانەی بە رق و قینەوە بێت، رق لەبەرانبەر كێ!.
ئەزانن كاتێ لەكۆمەڵگەیەكدا دەسەڵات خۆی رق ئەستوور بێت و ئۆپۆزسیۆنیش رق ئەستوورانە وەڵامی بداتەوە، دوارۆژ بەچی ئەگات..! پەروەردەی تاكەكان بەكوێ ئەگەن..! كورسیی دەسەڵاتیش (بۆهەر كامێكیان بێت..) ئەبێتە چ دێوەزمەیەك بەسەر ئەو میللەتە..! بۆیە من پێموایە بەرلەوەی كەشوهەوای سیاسیی ناوچەكە وایكردبێت كە لێكچوونەكانی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی كوردی لایەنە خراپەكەی ئەمڕۆمان بێت، ئەوا پەروەردەی سیاسی ئێمەیە وایكردووە كە هەمیشە بەدحاڵی بوون لەنێوان بیر و فیكرە جیاوازەكانی نێو ئەو كۆمەڵگەیە هەبێت، چونكە بەدرێژایی مێژوو هەمیشە بەكاریگەرییە راستەوخۆو ناڕاستەوخۆكانی داگیركار و دوژمنان و راهاتنی حزبەكانیشمان بەو كاریگەریانە، وایكردووە، هەمیشە نەوەكانمان دوور بن لە پەروەردەكردنێكی تەندروستانەی سیاسیی، تەنانەت كۆمەڵایەتی و رۆشنبیریش.
چارەسەر ئەوەیە كە هەریەك لە دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن بگەنە ئەو دوا وێستگەی قەناعەتهاتنەی خۆیان، كە ئەوان هیچ كامێكیان پەروەردەو گەورەبووی هەسارەیەكی تر نین، بەڵكو هەموومان (كورد) بە ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات و ئەوانی ترەوە لە جوگرافیایەكین هەرچوار لامان تەنراوی دوژمنە.