تەوەر.. حەمە رەشید هەرەس: لەکوردستان ئۆپۆزسیۆن بونی نیە، دەسەڵاتی گەورە و دەسەڵاتی بچووك هەیە

0

تەوەر.. حەمە رەشید هەرەس: لەکوردستان ئۆپۆزسیۆن بونی نیە، دەسەڵاتی گەورە و دەسەڵاتی بچووك هەیە

نوچەنێت, تەوەر: لایەنە خراپ و لێکچووەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن چین ؟ بۆچی ئەوەندە لەیەک ئەچن؟، ئەمە کەش و هەوای سیاسی ئەو ناوچەیە وا دەکات؟ یان پەروەردەی سیاسی؟.

حەمە رەشید هەرەس: لە دیدی منەوە ئێستا لە باشووری کوردستان، لایەنێك شك نابەم بە مانا پڕاوپڕەکەی، تەنانەت بە نیوەناچڵیش بێت، ناوی بنێم ئۆپۆزیسیۆن، ئەوندەی من لە ئۆپۆزیسیۆن گەیشتووم ئەوەیە، کە لایەنێك دەسەڵات ئەگرێتە دەست و کەمینەش هەڵوەدای ئەوەیەتی لە رێی رەخنەو داهێنان لە خزمەتکردنی جەماوەردا، دەسەڵات ناچار بکات بۆ ئەوەی زۆرترین دەستکەوتی لێ وەرگرێت بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەکانی جەماوەر، لە هەمان کاتدا ئەمە دەبێتە فاکتەر و پڕوپاگەندە بۆ خۆی، بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ئەو جەماوەرەی قایلە بە پیادەکردنی میکانیزمی کارەکانی ئەو ئۆپۆزیسیۆنە، دەنگی بۆ بدەن و بگاتە سەرۆکایەتی پەڕلەمان و دەسەڵات. باشە ئەم ناوەرۆکی ئۆپۆزیسیۆنە لەگەڵ ئەوەی کوردستاندا یەکانگیر ئەبێت؟ بێگومان وەڵامەکەی نەخێرە، چونکە هەر هەموو ئەو لایەنانەی کە گوایە ئۆپۆزیسیۆنن خۆیان وەك کەمینە هەڵپەی دەسەڵاتیانە، زۆربەی هەڵپەکانیشیان وەك پڕاکتیس لە ئاژاوە نانەوە زیاتر نیە، ئەگەر هەر هەمووشیان بەشدار نەبن زۆربەیان هەون، ئەوان ناتوانن ئەرکی خزمەتکردنی جەماوەر و بەرەی میلەت ببەن بە رێوە لە کاتێکدا خۆیان هەڵپەی دەسەڵاتیان بێت و داوای وەزارەت و سەرۆکایەتی پەرلەمان و پۆستە باڵاکان بکەن.

لە کوردستاندا دەسەڵاتی گەورە و دەسەڵاتی بچووك هەیە، دەسەڵاتی گەورە هەموو هێز و دارایی و توانای دیپلۆماسی لە ژێر دەستایە و بە ئارەزووی خۆی وڵات ئەبات بەڕێوە، دەسەڵاتی بچووکیش کە خۆی ناو ناوە ئۆپۆزیسیۆن، ئەڵێت منیش پشکێکم لەو دەسەڵاتە بەر ئەکەوێ و ئەمەوێت، ئەگەر نا ئەوا شەقامتان لێ راست ئەکەمەوە، شەقامیش بەشی هەر ئەوەیە دژی دەسەڵات هەر دیکۆر بگۆڕێت زۆر جاریش بە زەرەری خۆی ئەشکێتەوە، ئەوە ئەزموونی میسر و لێبیا و تونس، کە ئەوان دەوڵەتی گەورە و خاوەن ئەزموونێکی میژوویی قووڵیشن، بەڵام کوردستان نە دەوڵەتە بە مانای دەوڵەت، نە هیچ لێکچوونێکیشی لەگەڵ ئەو دەوڵەتانەدا هەیە، لە هەموو بارەیەکەوە.

جا خاڵی لێکچوونی دەسەڵات و ئۆپۆزیسیۆن هەر ئەوەیە، کە لە کوردستانا ئۆپۆزیسیۆن نیە هەردوو لایان هەر دەسەڵاتن ئەمیان دەسەڵاتی گەورە و ئەویان بچووك، ئەویان پشتی بە سامان و هێز بەستووە، ئەمیشیان بە راستکردنەوەی شەقام بۆ بەرژەوەندی خۆیان.

هەر لە هەمان دیدەوە ئەم پڕۆسەیەی کوردستان پەیوەندیەکی ئەوتۆی بە کەش و هەوای ناوچەکەوە نیە، بەڵکو ئەمە میراتێکی دەغەزاری دەوڵەتی عوسمانی و دوای ئەوەش سیاسەتی قۆناغی ئینگلیز و ئینتیداب و پیادە کردنی پەرتکە و زاڵ بە یە، ئەمڕۆ شەقام باجەکەی ئەدات و، کوردستان لە هیچی کەم نیە تەنها مرۆڤی ژیر نەبێت، کە ئەم هاوکێشانە بە هزرێکی نەتەوەیی چارەسەر بکات.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com