نوچهنێت
مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی بارودۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان بڵاوكردەوە.
لە پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە، ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم.
لە بارەی سلێمانیەوە برزانی لە پەیامەکەدا دەڵێت، چاك دەزانم شاری سلێمانی لە ژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكریەی سەر شاری سلێمانی بشكێت.
دەقی پەیامەكە:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەك بەڕێزی سیاسی و فەرهەنگی و ئاكادیمی پەیوەندییان پێوە كردووم و دەڵێن رای ئێمە و بەشێكی هاووڵاتیانیش ئەوەیە، كە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لای منە و دەگوترێ بارزانی دەتوانێ گرفتەكان چارەسەر بكات.
وەك هەر هاووڵاتیەكی كوردستان حەز دەكەم قەیران و كێشەكان نەمێنن و كۆتاییان پێ بێت، بەڵام هۆكاری گرفت و كێشەكان زۆرن. بەشێكیان دەرەكین و پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناوچەكە بە گشتی، وەكو پەلاماردانی تیرۆرستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدان هەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە. بەشێكی تری گرفتەكانیش ناوخۆیین و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم.
ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەكانم بانگهێشت كردووە بۆ كۆبوونەوە، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون. هەروەها داوام كردووە حزبەكان لەگەڵ یەكتر دابنیشن و چارەسەری دۆخەكە بكەن، دیسان دانەنیشتوون و شانیان نەداوەتە بەرپرسیارێتی بارودۆخەكە.
لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم، رای خۆم لەم بارەیەوە راگەیاندووە. ئێستایش دووپاتی دەكەمەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت، كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتیەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لە سەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
لە بارەی ناڕەزایەتی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم و پێویستە وڵاتەكەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ، بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و كێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسیانەی هاتوونەتە پێش، ئیمكانیات و توانای حكومەت سنوردار بووە، بەڵام كە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەكان و حكومەت بفەرموون پێكەوە دابنیشن بە شەفافیەتێكی تەواو دۆخەكە چارەسەر بكەن و هەموو شتێكیش بخەنەڕوو و كۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی رای گشتی بهێنرێت.
چاك دەزانم شاری سلێمانی لە ژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكریەی سەر شاری سلێمانی بشكێت. ئەو شارەی هەردەم تەحەددای زاڵم و داگیركارانی كردووە و ڕۆڵەكانی ئامادە بوون زیندە بەچاڵ بكرێن، بەڵام لە بەرانبەر زەعیم سدیق سەربەرزانە وەستان و ئامادە نەبوون قسە بە هێماكانی گەلی كوردستان بڵێن. ئەوە ڕای منە لە بارەی سلێمانی و خەڵكە سەرەبەرزەكەی، با كەس هەوڵ نەدات خوێندنەوەیەكی تر بە سەر خەڵكی ئەم شارەدا بسەپێنێت.
مسعود بارزانی
20-11-2016