ئێران و ترامپ

0

نوچه‌نێت

دۆناڵد ترامپ بەڵێنی دابوو ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا، گوشاری زیاتر یان ئەگەر پێویست بکات گەمارۆی زیات دەخاتە سەر تاران و لەم رێگەیه‌وە بۆ جارێکی دیکە ئێران راکێشی سەر مێزی دانوستان دەکات.

بەڵێنەکانی هەڵبژاردنی دۆناڵد ترامپ بە پێی پێویست بەربڵاو و لە هەمان کاتدا ئاڵۆزە. جێبەجێکردنی هەر کەم لەم بەڵێنانە راستەوخۆ و ناراستەوخۆ زۆرێک لە وڵاتان دەگرێتەوە. ناوی ئێران بەردەوام لە دووتوێی ئەم بانگەشانەی ترامپ ئاماژەی پێکراوە. لێرەدا پرسیاری سەرەکی ئەمە، ئایا ئەم بەڵێنانە دەتوانێ ببێتە هۆی پێکدادانێکی بەهێز لە نێوان ئێران و ترامپ؟

دۆناڵد ترامپ رایگەیاندبوو، کە پێش بە چوونی موسوڵمانان بۆ ئەمریکا دەگرێت، ئەمەش بێ گومان هاووڵاتیانی ئێرانی دەگرێتەوە، هەر چەند ناکرێت گریمانەیەکی جددی لە سەر بکرێت.

دۆناڵد ترامپ، ناڕاستەوخۆ ستایشی بەشار ئەسەدی کردووە و بەرەنگاربوونەوەی سوریای لە دژی داعش بە باش وەسف کردووە و تەنانەت باسی لە هاوکاری لە گەڵ روسیا و پوتین کردووە لەم بارەیه‌وە. هاوکات شەڕی داعشی لە دژی عێراق بە قازانجی ئێران وەسفکردووە و لەم بارەیه‌وە رەخنە و تێبینی تایبەت بە خۆی هەیە. بۆ ترامپ، مەترسی سەرەکی بوونی داعشە، نەک عێراق و سوریا، بەم حاڵەشەوە جۆری دژکردەوەی ترامپ لە پەیوەندی لە گەل سیاسەتی ئێران لە عێراق  و سوریا، جێی تیڕامانە. لەم گۆشەنیگاوە، ئەمە خاڵە دەتوانێ سەرەتای پیکدادان و گرژی بێت لە نێوان ترامپ و ئێران.

ترامپ هەروەها باسی لە بەهێزکردنی سوپای ئەمریکا کردووە، بە جۆرێک، کە وڵاتانی سەرکێشی وەک ئێران نەتوانن یاری لە گەڵ بکەن. ترامپ لەم بارەیه‌وە دەڵێت، ئەگەر ئێرانیەکان بیانهەوێ موشەکێک بهاوێژن، ئێمە ئەو موشەکە دەکەینە ئامانج. ئەم گوتەی ترامپ تەنها دروشم نییە، بەڵکو ئاماژەیەکی بەهێزی دەروونیە بۆ بەره‌وڕووبوونەوەی هەر جۆرە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراو. توندڕەوەکانی ئێران، بە تایبەتی بەرپرسانی سەربازی بە درێژایی ساڵانی رابردوو هەوڵیان داوە ژستێکی سەرکەوتووانە بە خۆوە بگرن، ئەم جۆرە ژستانە لە لایەن ترامپەوە قابلی قبووڵ نییە.

ترامپ هەروەها رایگەیاندووە، کە ئێران لە ٢٥ی وڵاتی جیهان کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام داوە و کۆماری ئیسلامی ئێرانی وەک گەورەترین پشتیوانی تیرۆریزم لە جیهاندا وەسفکردووە.

ترامپ جەختیشی کردۆتەوە، کە ئێران بە پارە ئازادکراوەکانی لە دوای رێککەوتنی ئەتۆمی، پاڵپشتی تیرۆریزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات.

 دەبێ پلانی ترامپ چی بێت؟ ئەو پێشتر بەڵێنی داوە بە هاوکاری ئیسرائیل، ئۆردن و میسر بەرەوڕووی حزبوڵڵای لوبنان و حەماس دەبێتەوە. جێبەجیکردنی ئەم پلانە خاڵێکی دیکەی دەستپێکی بەرەنگاربوونەوەی ئێرانە.

ترامپ پێشتر هەڕەشەی لە سعودیە کردووە، ئەویش بە رێگای راگرتنی کڕینی نەوت لەم وڵاتە. ئەدەبیاتی ترامپ لە دژی سعودیە بە دڵی ئێرانە، بەڵام ترامپ لەم بارەیه‌وە خوێندنەوە و مەرجی تایبەت بە خۆی دەبێت. ترامپ گوتوویه‌تی ئەگەر سعودیە هێزەی زەمینی خۆی بۆ شەڕ لە گەل داعش رەوانە بکات، پیداچوونەوە به‌ سیاسەتەکانی خۆیدا دەکات. تەنانەت پێشنیاری کردووە، کە سعودیە بۆمبی ئەتۆمی بکڕێت. ئەم پێشنیارانە خالێکی دیکە ناکۆکیەکانی ئێران و ترامپ دەبێت و دەتوانێ بەرژەوەندیەکانی ئێران بکاتە ئامانج.

ترامپ لە بانگەشەکانی هەڵبژاردنیدا کەمترین راوەستەی لە سەر مافەکانی مرۆڤ کردووە. ئەمەش دڵخوازی ئێرانە. ئیهمال کردنی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، ئەم بیرۆکەیە بەهێز دەکات، کە ئەمریکا لە دوای چارەسەری ناکۆکیەکانی لە گه‌ڵ ئێران، هیچ کات ئەم کەسیە نەخاتە سەر مێزی دانوستانەکان، بەو جۆرەی، کە عەلی خامنەی، رابەری کۆماری ئیسلامی ئێران ترسی لێی هەیە.

لە ئەدەبیاتی ترامپ، بەو جۆرەی، کە پێشتر باوبووە، هیچ پۆلێن بەندیەک لە بارەی دابەشکردنی دەسەڵاتدارانی ئێران بە سەر میانەڕەو و توندڕەوەکاندا نابیندرێت. لەم بارەیه‌وە ترامپ روانینێکی یەکدەستی سه‌باره‌ت به‌ ئێرانەوە و کۆی دەسەڵات لەم وڵاتە هەیە. ئەمەش دەتوانێ خاڵێکی جیاوازی بێت لە نیوان ترامپ و سیاسیەکانی پێش خۆی لە ئەمریکا و هاوکات خاڵی گۆڕانێک بێت لە پەیوەندی لە گەل ئێران. بە مانایەکی دیکە ئەم روانینە دەتوانێ  باڵی بە رواڵەت میانەڕەوی حەسەن روحانی بخاتە مەترسییەوە، بە تایبەتی بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردنەکانی سەرۆککۆماری ئێران.

هەر کام لەم تەوەرانە دەتوانێ خالێ کۆک یان ناکۆک بێت لە نێوان ئیدارەی ترامپ و رژێمی ئێران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com