نوچه‌نێت- ئه‌لجه‌زیره
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانی سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، كه حه‌شدی شه‌عبی هه‌ڕه‌شه‌ن بۆ سه‌ر خه‌ڵكی موسڵ، له ناویشیاندا پێكهاته‌ی توركمان، هه‌روه‌ها گوتی، كه رۆڵی ئه‌م میلیشیایه، كه به فراوانخوزی فارسی ناوی برد، ئه‌رێنیانه نییه، ئه‌ردۆغان هۆشداریشیدا له‌وه‌ی، كه به‌شداری نه‌كردنی وڵاته‌كه‌ی له هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیدا له دژی رێكخراوی داعش، به‌رپابوونی ئاشتی له ناوچه‌كه‌دا گره‌نتی ناكات.
محه‌مه‌د زاهید گول، توێژه‌ر و سیاسه‌توانی تورك گوتی، به‌كارهێنانی چه‌مكی فراوانخوازی فارسی له‌لایه‌ن ئه‌ردۆغانه‌وه، بۆ ئه‌وه‌یه، كه بڵێت هیلالی شیعه خه‌ریكه ته‌واو و دروست ده‌بێت، ئه‌مه‌ش به روونی دیاره له هه‌ژموونی ئێران به سه‌ر كه ناری ده‌ریای سور و، سوربوونی حه‌شدی شه‌عبی له سه‌ر به‌شداری كردنی له شه‌ڕی ته‌له‌عفه‌ر، نه‌ك شه‌ڕی موسڵ، ئه‌مه‌ش ئه‌وه دووپات ده‌كاته‌وه، كه ئێران ده‌یه‌وێت راڕه‌وێكی وشكانی دروست بكات، تاران به میلیشیا شیعه‌كانی ئه‌فغانستان و سوریا و لوبنان ببه‌ستێته‌وه.
گول ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه پێشتر چه‌مكی هه‌نارده‌كردنی شۆڕش بۆ كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه به‌كارده‌هات، به‌ڵام ئێستا مه‌زهه‌بی شیعه بۆ ئه‌م مه‌به‌سته به‌كارده‌هێنێت، له رێگه‌ی به سه‌باز كردن و به سیاسی كردنی ئه‌م مه‌زهه‌به.
فراوانخوازی ئێران
یاسر زه‌عاتره، نووسه‌ر و رۆژنامه‌وان ده‌ڵێت، ئه‌وه‌ی وای له ئه‌ردۆغان كرد باسی فراوانخوازی فارسی بكات له عێراق، ئه‌وه بوو، كه ئێستا زۆرینه‌ی گه‌لی عێراق هه‌ست به فشاری فراوانخوازی ئێران و پڕۆژه‌كه‌ی بۆ سه‌پاندنی ده‌سه‌ڵات و زیادكردنی هه‌ژموونی له ناوچه‌كه‌دا، ده‌كه‌ن.
زه‌عاتره هه‌روه‌ها گوتی، ئه‌وه‌ی ئێستا له موسڵ رووده‌دات و ئه‌و دیمه‌نی قیامه‌ته‌ی حه‌له‌ب له سوریا و ده‌ستدرێژیه‌كانی حوسیه‌كان بۆ سه‌ر خاكی سعودیه، حاڵه‌تی هه‌یه‌جان و هه‌ستكردنی ئێرانه به توانای یه‌كلاكردنه‌وه‌ی سه‌ربازی له پڕۆژه‌ی فراوانخوازی ئێران‌دا.
هه‌روه‌ها روونیكرده‌وه، كه ئه‌وه‌ی له ناوچه‌كه‌دا رووده‌دات ئاگری تایفه‌گه‌ریه، ئێران به پشتیوانی نوری مالیكی، ئه‌سه‌د و حوسیه‌كان هه‌ڵیگیرساندوه، ئه‌مه‌ش ئاگرێكه، كه هه‌مووان ده‌سوتێنێت.
لێك تێگه‌یشتنی ئه‌منی
محه‌مه‌د ساڵح سدقیان، به‌ڕێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری عه‌ره‌بی بۆ توێژینه‌وه‌ی ئێرانی له تاران گوتی، ئه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان به فراوانخوازی فارسی ناوی هێنا، له گه‌ڵ دۆخی ناوخۆی توركیا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه‌دا یه‌كانگیره، پێیوابوو ئه‌م قسانه خزمه‌تی دۆخی ناوخۆیی توكیا ده‌كه‌ن، كه دووچاری كێشه‌ی زۆر بوه‌ته‌وه.
جه‌ختیشی كرده‌وه، كه لێك تێگه‌یشتنی ئه‌منی له نێوان توركیا و ئێران‌دا هه‌یه، سه‌ره‌ڕای جیاوازی گه‌وره له تێڕوانینیاندا سه‌باره‌ت به‌وه‌ی له عێراق و سوریا رووده‌دات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو بوون له ئیداره‌دانی ئه‌م ناكۆكییه‌دا.