نوچه‌نێت- میدڵ ئیست ئۆنلاین
ئه‌مڕۆ دوو پڕۆژه به ناوچه‌كانی هه‌ژموونی داعشدا تێده‌په‌ڕن، ئێران به‌ره‌و سوریا و ده‌ریای ناوه‌ڕاست، توركیاش به‌ره‌و فراوانخوازی له جیهانی سوننه‌دا.
راپه‌ڕینی جه‌ماوه‌ری سوریا دوای ئه‌وه‌ی له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه به توندی وه‌ڵامی درایه‌وه، چه‌ندین ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و سه‌ربازی جیاواز له‌رووی فكر و بۆچوونه‌وه به‌رهه‌مهێنا، ئه‌مه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی رژێم و ئۆپۆزسیۆنیش چه‌ندین گروپی چه‌كدار و میلیشیای جۆراوجۆر له ده‌وری خۆیان كۆبكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش دۆخه‌كه‌ی ئاڵۆزتر كرد و ئاره‌زووی ده‌وڵه‌ت و هێزه ئیقلیمیه‌كانی بۆ ده‌ستێوه‌ردان به شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ یان له رێگه‌ی میلیشیاكانیانه‌وه له ژێر بیانووی جۆراوجۆردا، به تایبه‌تی بیانووی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر كرده‌وه، كه هیچ ئاسۆیه‌ك نییه بۆ كۆتایی هاتنی به‌م نزیكانه‌ی ئه‌م شه‌ڕه‌ی تیرۆر، سه‌ره‌ڕای كۆده‌نگیه‌كی جیهانی گه‌وره له دژی تیرۆر له سوریا و عێراق.
دوای شه‌ش ساڵ له شه‌ڕی سوریا، ئامانجی لایه‌نه كاریگه‌ره‌كان له گۆڕپانه‌كه‌دا روونتر بووه‌ته‌وه، سه‌ره‌ڕای كێبڕكێی نێوده‌وڵه‌تی له‌و دوو وڵاته‌دا، ململانێیه‌كی سێقۆڵی به یه‌كداچووی كورد، ئێران، توركیاش ده‌ركه‌وت، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی یه‌كه‌میان، كه كورده، ئه‌ستێره‌كه‌ی دره‌وشابێته‌وه و بیه‌وێت مافه‌كانی وه‌ربگرێته‌وه و ده‌وڵه‌ته‌كه‌ی بنیات بنێت، ئه‌وا دووانه‌كه‌ی دیكه ده‌یانه‌وێت فراوانخوازی بكه‌ن و ده‌سه‌ڵاتی باوباپیرانیان بگێڕنه‌وه.
ئێران ئێستا ده‌یه‌وێت رێگایه‌كی وشكانی له موسڵه‌وه به ناو دێره‌زور و بیابانی حومسدا بۆ شاری دیمه‌شق و به‌یروت و ده‌ریای ناوه‌ڕاست بكاته‌وه، باس له‌وه ده‌كرێت، كه ئه‌و هێڵه پێش كۆنتڕۆڵكردنی هه‌ردوولای سنوری نێوان عێراق و سوریا، له‌لایه‌ن داعشه‌وه بوونی هه‌بووه، به‌ڵام دواتر پچڕا، جگه له‌مه، ئێران باڵ و فراوانخوازی له یه‌مه‌ن و به‌حره‌ین و ناوچه‌ی دیكه‌ش هه‌یه.
توركیاش لای خۆیه‌وه، كه ركابه‌ری مێژوویی ئێرانه، ده‌یه‌وێت له فراوانخوازیدا لاسای ئێران بكاته‌وه و هه‌روه‌ها سنورێك بۆ فراوانخوازییه‌كانی ئێران له ناوچه‌كه‌دا دابنێت، له رێگه‌ی پشتیوانی كردنی تایفه‌گه‌ری و فراوانخوازی له جیهانی سوننه‌دا، به تایبه‌ت سوننه‌ی عه‌ره‌ب. توركیا، كه پێش چه‌ند ده‌یه‌یه‌ك باكوری قوبرسی داگیر كرد، ئه‌مڕۆش به‌شێكی رۆژئاوای كوردستان داگیر ده‌كات، چاویشی له سه‌ر باكوری عێراقه به تایبه‌تی موسڵ و كه‌ركوك.
توركیا ژماره‌یه‌ك بیانووی هه‌یه بۆ ده‌ستوه‌ردان له شه‌ڕه‌كانی وڵاته دراوسێكانیدا، گرنگترینیان پاراستنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی وڵاته‌كه‌یه‌تی، له رێگه‌ی راوه‌دوونانی چه‌كدارانی پارتی كرێكارانی كوردستان و پاراستنی توركمان و سوننه‌ی عه‌ره‌ب، ئه‌مه جگه له دانپێدانانی ئه‌مدوایه‌ی ئه‌ردۆغان به‌وه‌ی ئاره‌زوو ده‌كات، رێككه‌وتنامه‌ی لۆزانی ساڵی 1923 هه‌ڵوه‌شێته‌وه بۆ گێڕانه‌وه‌ی ئیمراتۆریه‌تی عوسمانی.
توركیا به پله‌ی یه‌كه‌م، ده‌یه‌وێت هه‌رێمی كوردستان بمێنێته‌وه بۆ قازانجی ئابووری خۆی، هه‌ر كیانێكی تری كوردی له سوریا ره‌تده‌كاته‌وه، چونكه ده‌زانێت ئه‌م كیانه كاریگه‌ری ده‌بێت له‌سه‌ری و له‌وانه‌یه رووبه‌ری توركیا بچوك بكاته‌وه، بۆیه جه‌رابلوسی له سوریا داگیر كرد، بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كوردی وڵاته‌كه‌ی هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه‌ی سنوره‌كانی بكات، هه‌روه‌ها شوێنه‌واره‌كانی كوده‌تا شكستخواردوه‌كه بسڕێته‌وه و هه‌یبه‌ت بۆ سوپا بگێڕێته‌وه و گه‌لی توركیا به بابه‌تی ده‌ره‌كیه‌وه سه‌رقاڵ بكات.
ئه‌گه‌ر توركیا سه‌ركه‌وتوو بوو له لێكترازاندنی ناوچه كوردیه‌كانی رۆژئاوا، ئه‌وا هه‌نگاوی دووه‌م هه‌ڵده‌گرێت، ئه‌ویش گه‌یشتنه به ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی داعش و جێگرتنه‌وه‌یان به خه‌ڵكی سوننه‌ی هاوپه‌یمانی خۆی، بۆ گره‌نتی كردنی بڕینی هێڵی ئێران له نێوان عێراق و سوریادا، هه‌روه‌ها بۆ رۆچوونه ناو قوڵایی جیهانی عه‌ره‌بی دوای سوریا.
لای خۆشیانه‌وه په‌كه‌كه ده‌یانه‌وێت هه‌ژموونی خۆیان به‌ره‌و ده‌ریای ناوه‌ڕاست فراوان بكه‌ن، ئێستا ئه‌وان له نزیك كه‌ركوك و ناوچه‌ی شه‌نگال بوونیان هه‌یه، له لایه‌كی تره‌وه له سوریا له ناو هێزه‌كانی سوریای دیموكراتدا یه‌په‌گه بوونی هه‌یه، كه زۆرینه‌ی هێڵی باكوری سوریایان به ده‌سته‌وه‌یه.
ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه هێڵێكی كوردی، كه له چیای قه‌ندیله‌وه ده‌ستپێده‌كات له هه‌رێمی كوردستانه‌وه تا ده‌ریای ناوه‌ڕاست، توركیا له جیهانی عه‌ره‌بی داده‌بڕێنێت، ئه‌م ناوچه‌یه، كه له‌وانه‌یه به‌شێكی جێ هه‌ژموونی هاوپه‌یمانانی په‌كه‌كه بێت، ئه‌گه‌ری هه‌یه راڕه‌وێكی سه‌لامه‌ت بێت بۆ نه‌وت و بازرگانی هه‌رێمی كوردستان له رێگه‌ی ده‌ریای ناوه‌ڕاسته‌وه، هه‌روه‌ها كۆتایی به پاشكۆبوونی بازرگانی هه‌رێمی كوردستان بۆ توركیا بهێنێت، سه‌ره‌ڕای جیاوازی و ناكۆكی سیاسی و فیكری له نێوان ئه‌م دوو جه‌مسه‌ره كوردییه‌دا “هه‌رێمی كوردستان و په‌كه‌كه”.
به‌یه‌كداچوونی ئه‌م هێڵه وشكانیانه و پرۆژه سیاسیانه له‌وانه‌یه مه‌ینه‌تی زیاتر بۆ ناوچه‌كه بهێنێت، ئه‌گه‌ر لایه‌نه په‌یوه‌نداره‌كان نه‌گه‌نه رێككه‌وتنێك، كه به‌رژه‌وه‌ندی هه‌مووانی تێدا پارێزراو بێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، كه ده‌وڵه‌تانی عه‌ره‌بی ئێستا له پیاوێكی نه‌خۆش ده‌چێت له به‌رامبه‌ر فراوانخوازیه‌كانی توركیا و ئێران و ده‌ستێوه‌ردانی ده‌وڵه‌تانی تر.
له كۆتاییدا بڕیار لای ئه‌مریكی و روسه‌كانه، چونكه مه‌تر و قوماشیش هه‌ر به ده‌ست ئه‌وانه‌وه‌یه.