نوچەنێت
هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا بە رکابەرایەتی نێوان هێلاری کلینتۆن و دۆناڵد ترامپ بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو کۆتایی پێهات. کاندیدی کۆماریەکان دوای بە دەستهێنانی ٢٧٤ دەنگی ئێلکتێراڵ بوو بە سەرۆکی ئەمریکا.
خەڵکی ئەمریکا لە ئەیالەتە جۆربەجۆرەکانی ئەم وڵاتە رۆژی سێشەممە چوونە سەر سندوقەکانی دەنگدان و ئەنجامی دەنگەکان لە هەر ئەیالەتێک بەرەبەرە راگەیێندرا.
سیستمی هەڵبژاردنی ئەمریکا بە پێی دەنگی ئێلێکتراڵە. هەر ئەیالەتێک بە پێی رێژەی دانیشتوانی، ژمارەیەکی جیاواز لە دەنگی ئێلێکتڕاڵی بۆ تایبەت دەکرێت. کالیفۆرنیا لە رووی دانیشتوانیەوە گەورەترین ئەیالەتی ئەمریکایە و بەم پێی ٥٥ دەنگی هەیە. لە بەرامبەردا ئەیالەتێکی وەک مۆنتانا کە رێژەی دانیشوانی گەلێک کەمە، تەنها سێ دهنەگی ئێلێکتراڵی هەیه. ئەگەر کاندیدێک بتوانێ دەنگەکانی ئەیالەتێک بباتەوە مانای وایە، کە کۆی دەنگە ئێلێکتراڵەکانی بۆ خۆی تۆمار کردووە.
کۆماریەکان، سینا و ئەنجومەنی نوێنەرانیشیان بردەوە
هاوکات لە گهڵ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا، هەڵبژاردنێکی دیکەش بەڕێوەچوو و نوێنەرانی نوێ بۆ سینا و ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا هەڵبژێردرا. لە میانەی هەڵبژاردنەکانی پێشووی کۆنگرێس، کە ٤ی نۆڤەمبەری ٢٠١٤ لە ناوەڕاستەکانی خولی دووەهەمی سەرۆکایەتی باراک ئۆباما بەڕێوەچوو، دیموکراتەکان کۆنتڕۆڵی سینایان لە دەستدا و ئەم جارە بە نیاز بوون، کە دەنگەکان و دەسەڵاتی سینا بە دەستەوە بگرنەوە.
لە کۆی ١٠٠ کورسی سینا، ٣٤ کورسی خرایە دەنگدانەوە. خولی نوێنەرایەتی سینا ٦ ساڵە، بەڵام لە هەر هەڵبژاردنێک تەنها یەک لە سەر سێی کورسیەکان دەخرێنە دەنگدانەوە.
بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا، تێکڕای ٤٣٥ کورسیەکە خرایە دەنگ دانەوە، خولی نوێنەرایەتی ئەم ئەنجومەنە ماوەیەکی دوو ساڵە.
ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی کۆگرێسی ئەمریکا تاکو ئیستا بەم شێوەیە:
سینا: دیموکراتەکان ٤٧ کورسی، کۆماریەکان ٤٩ کورسی
ئەنجومەنی نوێنەران: دیموکراتەکان ١٧٢ کورسی، کۆماریەکان ٢٢٩ کورسی
زۆرینە سینا ٥١ کورسییە و لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش ٢١٨ کورسییە، بەم پێێە کۆماریەکان براوەی ئەنجومەنی نوێنەران و سینا هەژمار دەکرێن.