نوچه‌نێت- عێراقیون
زۆرن ئه‌وانه‌ی پرسیار ده‌كه‌ن له‌و نهێنییه‌ی، كه له‌پشت رێككه‌وتنی بارزانی و عه‌بادییه‌وه‌یه بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی داعش له موسڵ، سه‌ره‌ڕای بوونی ئه‌و هه‌موو بۆمبه‌ی له نێوان به‌غدا و هه‌ولێردا هه‌بوو.
زۆر له چاودێران هۆشدارییان ده‌دا له‌و كێشانه‌ی دوای گرتنه‌وه‌ی موسڵ رووده‌ده‌ن، كه بووه هۆی دواكه‌وتنی هێرشه‌كه، به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان توانیان فشار بخه‌نه سه‌ر لایه‌نه‌كانی شه‌ڕه‌كه و وای لێ‌كردن رێككبكه‌ون.
چه‌ند بڕگه‌یه‌كی كه‌م ئاشكرا بووه له‌و چاره‌سه‌رانه‌ی تا ئێستا له‌سه‌ری رێككه‌وتون، له‌وانه نه‌هاتنه ناوه‌وه‌ی هێزه‌كانی پیشمه‌رگه و حه‌شدی شه‌عبی بۆ ناو شاری موسڵ، به‌ڵام به‌شه گه‌وره‌كه‌ی رێككه‌وتنه‌كه هێشتا شاراوه‌یه.
له چۆنیه‌تی به‌رێوه‌چوونی شه‌ڕه‌كان له گۆڕه‌پانی جه‌نگدا و مامه‌ڵه‌ی ئه‌و هێزانه و لێدوانه‌كانیانه‌وه، چاو‌دێر ده‌توانێت چه‌ند سه‌ره‌داوێك ئاشكرا بكات له خاڵه‌كانی رێككه‌وتننامه‌كه، به تایبه‌ت ئه‌وه‌ی، كه په‌یوه‌ندی به ده‌شتی نه‌ینه‌واوه هه‌یه و بارزانی و عه‌بادی له سه‌ری رێككه‌وتوون:
یه‌كه‌م: وه‌ستانی پێشمه‌رگه له رۆژئاوای باشیك و به‌ره‌وپێش نه‌چونیان بۆ خاڵه‌كانی نزیكتری موسڵ و هه‌ڵكه‌ندی خه‌نده‌ق و دروستكردنی به‌ربه‌ست له‌و شوێنانه.
دووه‌م: هه‌ڵكه‌ندنی خه‌نده‌ق و دروستكردنی به‌ربه‌ست له باشوری باتنایا، مانای ئه‌وه‌یه پێشمه‌رگه له‌وێدا ده‌وه‌ستێت، كه ئه‌و هێڵه له‌گه‌ڵ هێڵی باشیك یه‌كده‌گرێته‌وه.
سێهه‌م: رێگه‌دان ته‌نها به هێزه‌كانی حه‌شدی سه‌ر به سوپای عێراق بۆ چونه ناو ناوچه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا، له‌وانه هێزه‌كانی ده‌شتی نه‌ینه‌وا و هێزی پاراستنی ده‌شتی نه‌ینه‌وای سه‌ر به بزووتنه‌وه‌ی دیموكراتی ئاشوری به پێی قسه‌كانی حه‌نین قه‌دۆ، به بێ رێگه‌دان به هێزه كریستیانه‌كان و شه‌به‌كه‌كانی تری سه‌ر به پێشمه‌رگه، ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه‌یه، كه ناوچه‌كان له نێوانیاندا دابه‌شكراوه.
چواره‌م: لێدوانه‌كانی هه‌ندێك له فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كانی پێشمه‌رگه له چاوپێكه‌وتنه‌كانیان له‌گه‌ڵ كه‌ناڵه ئاسمانییه‌كان به‌وه‌ی، كه به‌ربه‌ست و خه‌نده‌قه‌كانی باشیك و باتنایا سنوری نوێی كوردستانه.
پێنجه‌م: لێدوانی به‌رپرسانی كورد سه‌باره‌ت به‌وه‌ی، كه ئه‌و ناچانه‌ی رزگارییان ده‌كه‌ن، جارێكی دیكه چۆڵی ناكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌ش عه‌ره‌به‌كانی نیگه‌ران كردووه، به تایبه‌تی سوننه‌كان.
به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌مه دۆخێكی نوێ بێت له رێككه‌وتنه‌كه‌دا، كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه ده‌توانێت له‌و ناوچانه‌دا بمێنێته‌وه، كه كۆنترۆڵی كردوونه‌ته‌وه.
شه‌شه‌م: لێدوانه‌كانی نوری مالیكی و تۆمه‌تبار كردنی هه‌رێمی كوردستان به‌وه‌ی، كه سه‌رقاڵی حكومه‌تی ناوه‌ند و سوپای عیراقی به شه‌ڕه‌كانی داعشه‌وه قۆستۆ‌ته‌وه بۆ فراوان كردنی سنوره‌كانی خۆی.
ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه، كه مالیكی شتێك له‌باره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌وه ده‌زانێت، به‌ڵام نه‌یتوانی به‌شێوه‌یه‌كی باشتر روونی بكاته‌وه، ئه‌مه‌ش یان به‌هۆی نه‌بوونی زانیاری زیاتره، یان به‌هۆی ئه‌وه‌ی هاوپه‌یمانێتیه‌كه‌ی به‌شێك له به‌رپرسیارێتیه‌كه‌ی به‌رده‌كه‌وێ له رێككه‌وتنه‌كه‌دا.
هه‌موو ئه‌م به‌ڵگه و ئاماژانه ده‌ریده‌خه‌ن، كه رێككه‌وتنێك له ئارادایه و هێڵه كێشراوه‌كانی له سه‌ر خاك ده‌بینرێن.
ده‌شتی نه‌ینه‌وا به ناوچه‌ی كێشه له سه‌ر داده‌نرێت له نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌نددا، هه‌وڵی زۆر درا بۆ گه‌یشتنه چاره‌سه‌ر له‌و باره‌یه‌وه، له ناویاندا هه‌وڵه‌كانی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه ستیڤان دیمستۆرای نارد بۆ ئه‌و مه‌به‌سته.
دیمستۆرا پێشنیارێكی پێشكه‌ش كرد، به‌وه‌ی قه‌زای تلكێف بخرێته سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و قه‌زای حه‌مدانیه هه‌ر له‌سه‌ر موسڵ بمێنێته‌وه، به‌ڵام خه‌ڵكی ناوچه‌كه رازی نه‌بوون به‌م دابه‌شكردنه و پرۆسه‌كه هه‌مووی وه‌ستێنرا.
به‌ڵام ئه‌و دابه‌شكردنه‌ی له سه‌ر خاك ده‌بینرێت كه‌مێك جیاوازه، به جۆرێك پێده‌چێت سنوری كوردستان له شاری موسڵ دوور بكه‌وێته‌وه و قه‌زای تلكێف هه‌ر له‌سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌مێنێته‌وه و به ناوچه‌ی تری سه‌ر به قه‌زای حه‌مدانیه‌ی نزیك له سنوره‌كانی كوردستان، وه‌ك باشیك و ناوچه‌كانی ده‌ورووبه‌ری قه‌ره‌بووی تلكێف بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌نه‌وه.
به ساده‌یی، ئه‌و ناوچانه‌ی پێشمه‌رگه رزگاری كردوون بۆ كوردستان ده‌بێت و ئه‌و ناوچانه‌ش، كه سوپای عێراق رزگاریان ده‌كات هه‌ر سه‌ر به پارێزگای نه‌ینه‌وا ده‌مێننه‌وه.