نوچهنێت
بڵاو بوونەوەی پەیامی دەنگی ئەبوبەکر بەغدادی، سەرکردەی داعش هاوکات بوو لە گەڵ چوونی هێزەکانی سوپای عێراق بۆ باشورری موسڵ. ئەمەش جارێکی دیکە پرسیاری لە بەر دەم چارەنووسی بەغدادی و داعشی دوای بەغدادی داناوە.
بەغدادی لەم پەیامە دەنگییە ٣١ خولەکیەدا داوای لە هێزەکانی کرد، کە تا دواساتەکان بەرەنگار بکەن و لە موسڵ پاشەکشە نەکەن. بەغدادی هەروەها داوای کرد هێزەکانی لە شەڕی دژ بە تورکیا بەردەوام بن و هێرشەکانیان بۆ سەر سعودیە درێژە پێبدەن.
لەم پەیامە دەنگیە، کە ئاژانسی هەواڵنێریی “فرقان” بەستراوە بە داعش، بۆ یەکەم جار بڵاوی کردەوە، تێیدا کەسێک، کە خۆی بە بەغدادی دەناسینێت داوای لە پێڕەوانی خۆی کردووە، کە پاشەکشە نەکەن و دەڵێت: بەرەنگاری شەرافەتمەندانە هەزار جار لە پاشەکشەی سەرشۆڕانە بەنرخترە.
تاکو ئێستا روون نییە، کە ئەم پەیامە کەی تۆمار کراوە، بەڵام بە ئەگەری زۆر ئامادەکردن و تۆمارکردنی ئەم پەیامە بە تازەیی بووبێت.
ئەم پەیامە، یەکەمین پەیام لە دوای دوایین پەیامی ناوبراوە، کە ساڵێک مەودایان هەیە. راستی دورستی ئەم پەیامە ئێستاش پشتڕاست نەکراوەتەوە. لە پەیامەکەی پێشوویدا، کە بەغدادی دیسامبەری ٢٠١٥ بڵاوی کردەوە، داوای لە هێزەکانی ژێر فەرمانی خۆی کردبوو، کە بە هیچ شێوەیەک لە باکوری سوریا پاشەکشە نەکەن.
رۆژێک دوای بڵاوبوونەوەی پەیامەکە، ژمارەیەک لە میدیاکان هەواڵی هەڵاتنی بەغدادیان لە موسڵ بڵاو کردەوە. لەم بارەیهوە بۆریس جانسۆن، وەزیری دەرەوی بەریتانیا لە لێدوانێکدا گوتی، بە پێی زانیاریەکانمان، بەغدادی موسڵی بەجێ هێشتووە، بەڵام هاوکات لە ئینتەرنێت بانگەشە و بانگهێشتی خەڵک دەکات بۆ بەشداریکردنیان لە بەرەکانی شەڕ.
پێشتر سەرچاوەیەکی عێراقی لە پارێزگای نەینەوا گوتبووی، کە پەیامه دەنگیەکەی بەغدادی لە سنورەکانی عێراق و سوریا تۆمار کراوە و سەرکردەی داعش بەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، ئەم پارێزگایەی بەجێ هێشتووە.
هەرچۆنێک بێت، خاوەنی ئەم پەیامە دەیهەوێت مۆڕاڵی پێڕەوانی خۆی بەرز رابگرێت و ئاماژەکان پێمان دەڵێن، کە بە لانی کەمەوە داعش لە ئێستادا لە عێراق رووی لە کۆتاییە. بەڵام ئەوەی، کە ئایا بەغدادی دەتوانێت خۆی لە موسڵ رزگار بکات، دوور لە چاوەڕوانیە. تەنها شانسێک، کە لە بەردەم بەغدادی بەدی دەکرێت ئەوهیه، کە لە میانەی ئۆپەرایسۆنەکە ئەگەر هەلومەرجەکە لە بار بێت یان ئەوەی دەستگیر دەکرێت یان بە کوژراوی تەرمەکەی دەدۆزرێتەوە.
لە وەها هەلومەرجێکدا، پرسییاری بنەڕەتی و سەرەکی، کە دێتە ئاراوە، ئایندەی داعشە لە دوای بەغدادی. ئەوەی، کە ئایا داعش لە دوای بەغدادی دەتوانێ درێژە بە ژیانی سیاسی و ئایدیۆلۆژی خۆی بدات. پێویستی بە لێکۆڵینیەوە و وردبینیەکی هەمەلایەنە هەیە، بەڵام بە گشتی گریمانە دەکرێت، کە لە دوای بەغدادی، ئەم رێکخراوە تووشی نسکۆ و پەرتەوازەیی ببێت.
لەم پەیوەندیەدا رۆژنامەی ئێندیپێندێت دەڵێت، بەغدادی ئێستاش لە موسڵە. فواد حسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم بە ئێندیپێندێتی راگەیاندووە، بەغدادی لە موسڵە و ئەگەر بە هۆی ئۆپەراسیۆنەکانەوە بکوژرێت، هەموو میکانیزمەکانی داعش دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە.
بە باوەڕی فود حسێن، ئەگەر بەغدادی لەناوبچێت، داعش لە هەلومەرجێکدا نییە، کە بتوانێ کەسێکی دیکە وەک جێگرەوە دەستنیشان بکات. سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم ئەوەش دەخاتەڕوو، کە لە ریزەکانی داعش کەس دەسەڵات و ئوتوریتەی بەغدادی نییە.
وەک فواد حسێن دەڵێت، موسڵ مانایەکی تایبەتی بۆ داعش هەیە و بەغدادی لە ٩ مانگ بەر لە ئێستاوە لەم شارە خۆی حەشارداوە.
ئەم بەرپرسەی هەریمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەدات، کە داعش زۆرێک لە کادیر و سەرکردە باڵاکانی خۆی بە هۆی شەڕ و تێکهەڵچوونەکان لە دەستداوە و بەغددای له رادەبەدەر پێویستی بە موسڵ هەیە.
ئەگەر چی موسڵ لای بەغدادی مانا و گرنگی تایبەت بە خۆی هەیە، بەڵام ئەوەی زۆر زەبر لە پەیکەری ئەم رێکخراوە دەوەشێنێت و وەک خاڵێکی لاواز دێتە بەرچاو، بەستراوەیی خودی ئەم رێکخراوەیە بە بەغدادیەوە. ئەمەش ئەگەرێکی بە هێز دەخاتەڕوو، ئەویش لە ئهگەر یەک هەڵوەشانەوە و پەرتەوازەی داعشە لە دوای بەغدادی.
ئەو جۆرە لە کەسایەتی و کاریزمابوون، کە بەغدادی بۆ خۆی مسۆگەر کردووە، رەنگە هەمان خاڵی لاوازی ئەم رێکخراوەیە و رەنگە لاوازترینیش بێت.
جگە لە چارەنووسی نادیاری بەغدادی، کوژرانی ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی بەغدادی و لە سەرووی هەموویانەوە جێگرەکانی بۆ خوێندنەوەی ئایندەی داعش جێی سەرنجە، بە تایبەت لە دوای کوژرانی “ابومحمد العدنانی” و “ابومحمد الفرقان” وەک دوو کەس لە جێگرەکانی بەغدادی، کە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانیەکانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەناوچوون.
داعش لە دوای بەغدادی لە گەڵ بۆشاییەکی دیکەش بەرەوڕوو دەبێتەوە، ئەویش بۆشایی سەرکردایەتی و نەبوونی مۆرەی سەرەکی رابەرایەتی کردنی ئەم رێکخراوەیە. رەنگە یەکەم دەرهاویشتەی ئەم بۆشایە سەرهەڵدانی ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیی و رێکخراوەیی ئەم گروپە بێت، دابەشبوون و پەرتەوازەیی ئەم گروپە بۆ دەیان گروپی بچووکتر، رەنگە ئەنجامێکی دیکە بێت. ئەگەر ئەم ئەگەرە بە بنەما وەربگرین، دەبێ ئەوەش بڵێین، کە ئەم وردە گروپانە توانای دارایی و راکێشانی هێزی زۆریان وەک رابردوو نابێت. لە ئەنجامدا وەک رابردووش ناتوانن ئۆپەراسیۆن و هێرشەکانیان لە وڵاتانی جیهان رێکبخەن.
بۆ خوێندنەوەی ئایندەی داعش لە دوای بەغدادی دەبێ ئەزمونی قاعیدە، تاڵیبان و جیش الاسلام لە سوریا و وڵاتانی دیکە بە جددی وەربگرین.