عێراق و كوردستان له‌دوای ئازادكردنی موسڵ
بەهرە حەمەڕەش: پرۆسه‌ی ئازادكردنی موسڵ ده‌ستپێكراوه، ئایا ئه‌و گرفتانه‌ی دوای ئازادكردنی موسڵ بۆ كورد دێنه پێش چین و چاوه‌ڕوانی چی ده‌كرێت ؟
نه‌مانی داعش له‌موسڵ، نه‌مانی مه‌ترسییه له‌سه‌ر كوردستان ؟
له‌ڕووی سیاسی و جوگرافی و سه‌ربازییه‌وه، هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌دوای نه‌مانی داعش له‌موسڵ چاوه‌ڕوانكراوه بۆ كوردستان ؟ ئه‌گه‌ر چاوه‌ڕوانكراوه ئه‌و مه‌ترسیانه چین ؟
ئایا سێبه‌ر و مه‌ترسی ئیسلامی توندڕه‌و له‌سه‌ر كوردستان نامێنێت ؟
كورد ده‌بێت چۆن خۆی ئاماده‌بكات بۆ قۆناغی دوای داعش له‌موسڵ ؟
چی بكات بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و مه‌ترسیانه‌ی ههستپێكراون كه‌م بكرێنه‌وه ؟
په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێرو به‌غدا چۆن ده‌بن و ده‌بێت چۆن بن؟
عیراق و کوردستان دوای شەڕی ئازادکردنی موسڵ؟
ئومێد قەرەداخی: توێژەرو مامۆستای زانکۆ
دوای پرۆسه‌ی ئازادی موسڵ، كوردستان له‌به‌رده‌م چه‌ند ئه‌گه‌رێكدایه كه ره‌نگه مه‌ترسی بۆ سه‌ر ئاسایش و پێگه‌كه‌ی دروست بكات، گرنگترینیان:
یه‌كه‌م: دوای پرۆسه‌ی ئازادیكردنی موسڵ سوپای عێراق و توانا سه‌ربازییه‌كانی به هێزی زیاتر و باوه‌ڕبه‌خۆبوونێكی زیاتره‌وه ده‌ر ئه‌كه‌وێت، حه‌شدی شه‌عبی و رێكخراوه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به نوخبه‌ی حوكمڕانن له به‌غدا زیاتر به‌هێز ئه‌بن و زیاتریش ده‌ستكراوه ئه‌بن، بۆ ئه‌وه‌ی بایه‌خ به هه‌ندێك پرس و بابه‌تی دیكه‌ی سیاسی بده‌ن، كه په‌یوه‌ندی راسته‌وخۆی به كورده‌وه هه‌یه، یه‌كێك له پرسانه، كه پێده‌چێت ئاڵۆزی و ناكۆكی له‌سه‌ر دروست ببێت ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمن، كه پێش داگیركردنی موسڵ له ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی ناوه‌ند بوون و ئێستا له ژێر كۆنترۆڵی هه‌رێمن، پێناچێت به‌غدا به ئاسانی چاوپۆشی له‌و ناوچانه بكات، بۆیه ئه‌گه‌رێكی كراوه‌یه ئاڵۆزی و به‌ریه‌ككه‌وتنی زیاتر رووبدات.
دووه‌م: ئایینده‌ی موسڵ له رووی سیاسیه‌وه روون نییه، ئایا ته‌نها وه‌ك پاریزگایه‌ك ده‌چێته‌وه ژێر كۆنترۆڵی به‌غدا؟ یان ئه‌بێته هه‌رێمێك؟ یان چ جۆره ئیداره‌یه‌كی ئه‌بێت؟ هاوكیشه هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان چ ئایندهیهكیان له موسڵدا ئه‌بێت؟ ئه‌مانه هه‌موو پرسیاری جدین، وه‌ڵامه‌كانیان روون نین و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌یان تێدایه ببن به مه‌ترسی بۆسه‌ر ئایینده‌ی هه‌رێم، ئه‌گه‌ر به جددی نه‌خوێنرێنه‌وه و مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ نه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌ری ئه‌وه له گۆڕێدایه ئایینده‌ی موسڵ مه‌ترسی هه‌بێت بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
سێیه‌م : له دوای شه‌ڕی موسڵ، ئه‌گه‌ر له هه‌رێمی كوردستاندا په‌یڕه‌وی سیاسه‌تێكی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌كرێت، ئه‌وا ئه‌گه‌رێكی نزیكه ناكۆكی و بهریهكکهوتنی سیاسی نێوان پارته كوردییه‌كان بێته ئاراوه، به‌تایبه‌ت بهریهكکهتنی نێوان پارتی و په‌كه‌كه، چونكه پارتی ده‌سه‌ڵاتێكی ته‌قلیدی به‌سه‌ر ناوچه‌كانی شه‌نگال و ده‌وروبه‌ریدا هه‌یه، له كاتێكدا ئیستا هێزێكی سیاسی نوێ له‌و ناوچه‌یه كه په‌كه‌كه‌یه سه‌ری هه‌ڵداوه و خاوه‌ن نفوز و پێگه‌یه‌كی گرنگه، زۆر گرنگه له چوارچێوه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی نیشتیمانی و نه‌ته‌وه‌یدا مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بكریت و هه‌موو لایه‌ك ئه‌وه بزانن سه‌رده‌می مۆدێلی حوكمڕانی تاك حزبی به‌سه‌ر ناوچه‌یه‌كدا كۆتایی هاتوه. هه‌رگیز نابێت شه‌نگال به هه‌مان شێوازی پێشوو به‌ڕێوه ببرێت، چونكه ده‌ركه‌وت ئه‌و شێوازه له حوكمڕانی ناتوانێت ئیزدیهكان بپارێزێت.
دوای شه‌ڕی موسڵ و كۆتایهاتنی هه‌ژموونی سه‌ربازی داعش، مه‌ترسی داعش كۆتایی نایه‌ت، مه‌ترسی داعش له‌سه‌ر كوردستان به ته‌نها له مه‌ترسی هێزێكی چه‌كدار یان قه‌واره‌یه‌كی سیاسی خاوه‌ن زه‌بروزه‌نگ ده‌رناكه‌وێت، به‌ڵكو له چه‌ندین ئاستی جیاوازدا خۆ مانفسێت ئه‌كات، ئه‌وه‌ی به نه‌مانی داعش كۆتایدێت په‌لاماردانی راسته‌وخۆ و سه‌ربازی داعشه بۆسه‌ر هه‌رێم، كه هه‌ڕه‌شه‌ی سڕینه‌وه‌ی قه‌واره‌ی سیاسی هه‌رێم بكات، به‌ڵام دوو ئاستی دیكه هه‌یه له درێژه به مه‌ترسی داعش ئه‌دات، له‌سه‌ر ئاسایشتی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌رێم، ئه‌وانیش:
یه‌كه‌م: ئایدیا و فكری داعش: داعش به ته‌نها هێزێكی سه‌ربازی یان سیاسی نییه، به‌ڵكو پێش ئه‌وه جۆرێكه له دنیابینی دینی، جۆرێكه له تێگه‌یشتن له ئایین، كه خۆی له رێباز و بیركردنه‌وه‌ی وه‌هابیدا فۆرمه‌له كردوه، ئه‌م بیركردنه‌وه دیینیه له جه‌وهه‌ره‌كه‌ی ره‌تكردنه‌وه‌ی هه‌موو ئهویدیهكی جیاوازه، داخستنی ده‌رگاكانی عه‌قڵ و بیركردنه‌وه‌یه و په‌یوه‌ست بوونی ره‌هایه به ره‌وتێكی فیكری ئیسلامی دیاریكراوهوە، كه ره‌وتێكی رادیكاڵ و توندڕه‌وه، ئه‌م ئاسته فیكریه له راستیدا سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌هێزی دروسبوونی داعش و زه‌مینه‌یه‌كی له‌باری گه‌شه‌ی هزری داعشیزمه، كه له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا بوون و پێگه‌ی هه‌یه، داعش وه‌ك هێز و قه‌واره‌یه‌كی سیاسی ئه‌شێت كۆتایی پێ بێت، به‌ڵام وه‌ك فكر و بیركردنه‌وه‌ی ئایینی پێگه‌یه‌كی گه‌وره‌تر و ریشه‌یه‌كی قوڵتری هه‌یه، ئه‌وه‌ی بۆ ئه‌مه‌ودوا مه‌ترسیه ئه‌و تێگه‌یشته ئایینیه‌یه كه سه‌رچاوه‌ی رۆحی و فكریه بۆ داعش، زیاتر له داعش پێكه‌وه‌ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی و فره‌یی به‌هاكان و كه‌لتووره‌كان و ئایینه‌كان له كۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا ئه‌خاته به‌رده‌م مه‌ترسی و، زیاتر له‌وه‌ش هه‌میشه ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ی تێدایه له داهاتووشدا سه‌قامگیری ئاسایشی هه‌رێمی كوردستانیش بخاته به‌رده‌م مه‌ترسی.
دووه‌م: داعش وه‌ك هێزێكی توندڕه و توندوتیژ به ته‌نها قاچی له نێو كه‌لتووری ئایینی و فتوا و مه‌زهه‌به‌كاندا نییه، به‌ڵكو له نێو نا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی و گه‌نده‌ڵی و نا یه‌كسانیدایه، له هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌كدا كه گه‌نده‌ڵی و به فیڕۆدانی سامانی نیشتیمانی هه‌بێت، قۆرخكاری هه‌بێت، نادادپه‌روه‌ری و سته‌مكاری هه‌بێت ئه‌گه‌ری دروستبوونی داعش، یان هه‌ر گروپێكی توندوتیژ ئه‌گه‌رێكی كراوه و مه‌ترسییه‌كی جدییه، به كۆتایهاتنی داعش، نه داعش و نه گروپی توندوتیژ كۆتایی نایه‌ت. ماده‌م گه‌نده‌ڵی و نا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی بوونی مابێت، ماده‌م توێژێكی به‌رینی كۆمه‌ڵایه‌تی له پێویستیه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی ژیان و له خۆشگوزه‌رانی بێبه‌ش بن، شه‌ڕی راسته‌قینه دژی داعش و پاراستنی كۆمه‌ڵگای كوردی، له مه‌ترسییه‌كانی له شه‌ڕكردن دژی گه‌نده‌ڵی و نا دادپه‌روه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه ده‌ست پێده‌كات.
ئه‌وه‌ی كه ئه‌مێنێته‌وه و پێویسته قسه‌ی له باره‌وه بكه‌ین، ئاماده‌كاری كورده بۆ قۆناغی دوای شه‌ڕی داعش، به‌داخه‌وه كورد له دۆخی ئێستادا له‌وپه‌ڕی په‌رته‌وازه‌یی و ناكۆكی ناوخۆیدایه، ئه‌مه‌ش هه‌موو ئاماده‌كاریه‌كی راسته‌قینه‌ی بۆ قۆناغی دوای داعش له‌بار بردوه ، خۆ ئاماده‌كرنی كورد بۆ ئه‌و پێشهاتانه‌ی له دوای شه‌ڕی موسڵ و زیاتر له‌وه‌ش دوای كۆتایهاتنی داعش دێته ئاراوه، بهلانیكهمەوه پێویسته چه‌ند لایه‌نێكی سه‌ره‌كی له خۆ بگرێت:
یه‌كه‌م: به‌هێزكردنی دام و ده‌زگا دیموكراسیه‌كان
یه‌كێك له گرنگرتین ئه‌و لایه‌نانه‌ی، كه له رۆژگاری ئه‌مڕۆدا پێگه و سه‌نگی شایسته بۆ هه‌ر قه‌واره و بونیادێكی سیاسی دروست ئه‌كات، بریتیه له راده‌ی به‌هێزی و ره‌وایه‌تی دام و ده‌زگا دیموكراسیه‌كان، بۆ هه‌رێمی كوردستان كه قه‌واره‌یه‌كی نا ده‌وڵه‌تیه زۆر گرنگه دامه‌زراوه‌كانی وه‌ك په‌رله‌مان و ده‌زگای جێبه‌جێكردن و ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و خه‌بات رێكخراوی مه‌ده‌نی، به‌شێوه‌ی ته‌ندروست و دیموكراسی بینا بكات و به‌ڕێوه‌ی به‌رێت، فه‌رامۆشكردنی ئه‌م لایه‌نه سه‌نگی كورد، له هاوكیشه‌ی سیاسی هه‌رێمایه‌تی و جیهانی لاواز ئه‌كات، به‌ڵام به‌داخه‌وه له هه‌رێمی كوردستان هه‌رچی دام و ده‌زگای دیموكراسی هه‌یه بێ نرخ و بێ واتا كراوه ، نه په‌رله‌مان و نه ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان و نه خه‌باتی مه‌ده‌نی به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و ئازاد نین و له ژێر هه‌ژموونی پارته سیاسیه‌كانن ، ژیانی دیموكراسی له كوردستان له دۆخی ئیفلیجبوونی ته‌واوه‌تیدایه، هه‌ربۆیه كورد له‌م لایه‌نه‌وه ئاماده نییه.
دووه‌م: دروستكردنی سوپایه‌كی نیشتیمانی پیشه‌گه‌ر
یه‌كێك له ئاماده‌كارییه هه‌ره گرنگه‌كان یه‌كخستنی هێزی پێشمه‌رگه‌یه، له چوارچێوه‌ی سوپایه‌كی پیشه‌گه‌ری نیشتیمانپه‌روه‌ردا، ده‌رهێنانی پێشمه‌رگه‌یه له چنگی حزب و به میلیشیاكردنی، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌مه ئه‌نجام نه‌دراوه، پێشمه‌رگه هه‌ر له چوارچێوه حزبیهكهدا هێڵراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش ئاماده‌یی كوردی بۆ قۆناغی دوای داعش و دوای شه‌ڕی موسڵ لاواز كردوه.
سێیه‌م: یه‌كخستنی گوتاری سیاسی كورد، له‌مه‌ڕ تێكڕای پرسه نیشتیمانیه‌كان.
ئه‌مه یه‌كێكه له فاكته‌ر هه‌ره كاریگه‌ره‌كان، كه به‌داخه‌وه له ئێستادا كورد له دابه‌شبوون و پارچه پارچهبوونێكی به‌رده‌وامدایه، كورد خاوه‌نی دام و ده‌زگایه‌كی نیشتیمانی نییه، كه گوتاری كورد بۆ ده‌ره‌وه و له‌مه‌ڕ پرسه ستراتیجی و نیشتیمانیه‌كان بینا بكات، به‌ڵكو گوتاری حزبین، دیدی كورد بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ به‌غدا، له‌گه‌ڵ وڵاتانی دراوسێ، وڵاتانی جیهانی، پارچه‌كانی تری كوردستان، دیدێكی یه‌كگرتوو نیه، به‌ڵكو دیدێكی حزبیه، ئه‌مه‌ش زیانی گه‌وره‌ی به كورد گه‌یاندوه.