نوچه‌نێت- نیوزویك
رۆژنامه‌ی نیوزویكی ئه‌مریكی، پرسیار له چاره‌نووسی داعش ده‌كات، دوای ئه‌وه‌ی ئه‌و خاكه‌ی داگیری كردووه كۆنتڕۆڵ ده‌كرێته‌وه، رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، پێنج سیناریۆ هه‌یه له كاتی به‌رده‌وامی هێرشه‌كان بۆ سه‌ر خاكی خه‌لافه‌ت.
نیوزویك له وتارێكی جیمس گیفلیندا ده‌ڵێت، زۆرینه‌ی شرۆڤه‌كاران پێیانوایه گرتنه‌وه‌ی موسڵ له ده‌ست چه‌كدارانی داعش ته‌نها بابه‌تی كاته. هه‌روه‌ها گوتی، پێشتر داعش له ساڵی 2014 هه‌موو موسڵی كۆنترۆڵ كرد، كه رووبه‌ره‌كه‌ی به‌قه‌د رووبه‌ری شانشینی یه‌كگرتوو ده‌بێت.
ئاماژه‌ش بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه ئه‌و هاوپه‌یمانێتیه‌ی له هێزه‌كانی عێراق و هێزی پێشمه‌رگه و چه‌ند میلیشیایه‌كی تر پێكهاتووه، له ناوه‌ڕاستی مانگی رابردوودا هێرشێكیان بۆ گرتنه‌وه‌ی شاری موسڵ ده‌ستپێكرد، ئامانجی داهاتووی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش گرتنه‌وه‌ی ره‌قه‌ی پایته‌ختی داعش ده‌بێت له سوریا.
رۆژنامه‌كه ده‌پرسێت، ئایا داعش ده‌توانێت بمێنێته‌وه دوای له ده‌ستدانی هه‌موو ئه‌و خاكه‌ی ده‌ستی به سه‌ردا گرتبوو؟ ئایا دووباره ده‌ژیێته‌وه یان به ته‌واوی له ناوده‌چیت؟
سیناریۆكان
نیوزویك ده‌ڵێت، سیناریۆی یه‌كه‌م: ئه‌وه‌یه، كه داعش ده‌گۆڕێت بۆ رێكخراوێكی شاراوه و به نهێنی كارده‌كات تا ئه‌و كاته‌ی جارێكی‌تر له داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێته‌وه، به‌ڵام پێده‌چێت ئه‌م سیناریۆیه زۆر رێی تێنه‌چێت، چونكه ئه‌و دۆخه بنه‌ڕه‌تیه‌ی له به‌رچاو نه‌گرتووه، كه وای له داعش كرد له ساڵی 2014 سه‌ربكه‌وێت.
روونیشی كرده‌وه، كه ئه‌و دۆخه بریتیه له‌و بۆشاییه سیاسیی و سه‌ربازییه‌ی، كه شه‌ڕ له سوریا دروستی كردووه، هه‌روه‌ها لاوازی حكومه‌ته‌كه‌ی مالیكی له عێراق و داڕمانی سوپای عێراق، گوێ پێنه‌دانی زۆرینه‌ی ده‌وڵه‌تانی جیهان له به‌رامبه‌ر چاوچنۆكیه‌كانی داعش تا كاتێكی دره‌نگ و، دوای ئه‌وه‌ی هه‌موو شتێك له ده‌ست ده‌رچوو.
سیناریۆی دووه‌م: ئه‌وه‌یه، كه داعش له جێگه‌ی تر ده‌ست به كاره‌كانی ده‌كاته‌وه، به تایبه‌ت ساڵانێكه په‌ناگه‌ی بۆ خۆی له رۆژئاوا و باكوری ئه‌فریقا دروستكردووه، چه‌كداری له عێراق و سوریاوه نارده لیبیا بۆ دروستكردنی په‌نایه‌ك له‌وێ، چه‌ند گروپێكیش به‌یعه‌تیان پێدا وه‌ك گروپی بۆكۆ حه‌رام له رۆژئاوای ئه‌فریقا.
رۆژنامه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، كه داعش پێیوابوو ئه‌و په‌ناگانه گه‌وره ده‌بن و ده‌ست به سه‌ر خاكی فراوانتردا ده‌گرن بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵ پێگه‌كانی تریان له عێراق و سوریا یه‌ك بگرنه‌وه له كۆتاییدا.
ده‌شڵێت، پێناچێت ئه‌م سیناریۆیه رووبدات، چونكه پێگه و په‌ناگه‌كانی داعش له شوێنه جۆراوجۆره‌كان زۆر باش نین، ئه‌گه‌ر تا ئێستا شكستیان نه‌هێنابێت، ئه‌وا له سه‌ر رێگه‌ی شكستهێنانن، به‌ر كاریگه‌ری ململانێی نێوخۆیی كه‌وتوون، بۆ نمونه له یه‌مه‌ن و رۆژئاوای ئه‌فریقا، دوژمنه ده‌ره‌كیه‌كانیان له پێگه‌كانی داعشیانداوه وه‌ك له لیبیا و جه‌زائیر.
نیوزویك ئاماژه‌ی به‌وه‌شداوه، كه داعش توانای به‌ستنی هاوپه‌یمانێتی نییه له گه‌ڵ گروپه ته‌كفیرییه هاوشێوه‌كانی، چونكه تاكه مه‌رجی داعش ئه‌وه‌یه به‌یعه‌ت به خه‌لافه‌ت بده‌یت، نه‌ك دروستكردنی هاوبه‌شی، ئه‌مه‌ش وایكردوه ئه‌وانه‌ی، كه ئه‌گه‌ری هه‌یه ببنه هاوكاری، ده‌بنه دوژمنی.
هێرشه‌كان
سیناریۆی سێهه‌م: به‌رده‌وامی داعشه له هێرش كردن له سوریا یان عێراق یان له هه‌ردوو وڵات‌دا، ئه‌مه هه‌مان ئه‌و كاره‌یه، كه بزووتنه‌وه‌ی تاڵیبان له ئه‌فغانستان كردی دوای داگیركاری ئه‌مریكا له ساڵی 2001. هه‌روه‌ها رێكخراوی قاعیده‌ش هه‌مان كاری ئه‌نجامدا له عێراق دوای داگیركاری ئه‌مریكا له ساڵی 2003، كه ئاماده‌كاریشی كرد بۆ دره‌كه‌وتنی داعش له عێراق، ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی سوپای عێراقی هه‌ڵوه‌شاوه، كه چوونه ناو داعش هه‌مان كارییان ئه‌نجامدا.
نیوزویك ده‌ڵێت، ئه‌م سیناریۆیه له‌وانه‌ی پیش‌تر زیاتر رێی تێده‌چێت، چه‌كدارانی داعش به‌رده‌وام ده‌بن له شه‌ڕكردن، به جۆرێك، كه پاڵنه‌ری تۆڵه‌كردنه‌وه لای ئه‌وان زۆر به‌هێزه، به‌ڵام روانگه‌ی چه‌كداره‌كانی بۆ هێرش كردن له شێوه‌ی شه‌ڕی مافیایی و سه‌رشه‌قام ده‌بێت.
سیناریۆی چواره‌م: بریتیه له نه‌مانی داعش، ده‌پرسێت چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر چه‌كدرانی داعش بێ هیوا ببن، یان بگۆڕێن بۆ ده‌زگای تاوانكاری تر؟ ده‌ڵێت ئه‌مه‌یان رێی تێده‌چێت، به تایبه‌ت، كه ده‌وڵه‌تانی تر وه‌ك، دانیمارك هاووڵاتیه داعشه‌كانیان هانبده‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه بۆ وڵاته‌كانیان و ئاسانكارییان بۆ بكه‌ن.
سیناریۆی پێنجه‌م: بریتیه له به‌رده‌وامی چه‌كدارانی داعش له هێرش كردن له هه‌موو لایه‌كی جیهاندا به پشتیوانی رێكخراوه‌كه یان به بێ پشتیوانیش، رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراوه.