نوچه- نیۆرك تایمز
رۆژنامه‌ی نیۆرك تایمزی ئه‌مریكی، ئاماژه به گرنگی مێژوویی شاری ته‌له‌عفه‌ری نزیك موسڵ ده‌كات له عێراق، هه‌روه‌ها پێكهاته‌ی دانیشتوانه‌كه‌شی، رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، ئێستا ته‌له‌عفه‌ر بوه‌ته سه‌نته‌ری ململانێی هه‌ژموونی نێوان ئێران و توركیا.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، ته‌له‌عفه‌ر ناوه‌ندێكی گرنگ و پێشكه‌وتوو بوه به‌لای ئیمپراتۆرییه‌تی عوسمانییه‌وه و پێكهاته‌یه‌كی دانیشتوانی جۆراوجۆری هه‌یه له‌رووی تایفه‌گه‌ری و نه‌ته‌وه‌ییه‌وه، كه زۆرینه‌یان توركمانن.
جوڵه‌ی میلیشیا شیعه‌كان
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، جوڵه‌ی میلیشیا شیعه‌كانی سه‌ر به ئێران به‌ره‌و ته‌له‌عفه‌ر وا له توركیا ده‌كات، به‌شێوه‌یه‌كی قوڵتر بێته ناو ململانێ ئاڵۆزه‌كه‌ی موسڵه‌وه.
هه‌روه‌ها ئاماژه به‌و مقۆ مقۆیه ده‌كات، سه‌باره‌ت به به‌شداری میلیشیا شیعه‌كانی حه‌شدی شه‌عبی له شه‌ڕی موسڵدا هه‌یه، له‌سایه‌ی ئه‌و ناوبانگه‌ی ئه‌م میلیشیایانه هه‌یانه له ده‌ستدرێژی كردنه سه‌ر دانیشتوانی سوننه، له‌و ناوچانه‌ی پێشتر كۆنترۆڵیان كردبوه‌وه.
ده‌شڵێت ئه‌و میلیشیایانه به‌ناو له‌ژێر كۆنترۆڵی حكومه‌تی عێراقدان، به‌ڵام له‌راستیدا سه‌ر به ئێرانن و تۆمه‌تبارن به ئه‌نجامدانی تاوانی قێزه‌ون له جه‌نگی ناوخۆیی عێراقدا له ده‌یه‌ی رابردوودا، به‌ڵام شه‌ڕكردنیان له دژی داعش، شه‌رعیه‌تێكی نوێی به‌م میلیشیایانه به‌خشی.
باشیك و ته‌له‌عفه‌ر
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی عه‌مید روكن واسق حه‌مدانی، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی نه‌ینه‌وا رایگه‌یاند، كه ئه‌ركی حه‌شدی شه‌عبی ته‌نها له بیاباندایه، به‌ڵام ئه‌حمه‌د ئه‌سه‌دی وته‌بێژی حه‌شدی شه‌عبی گوتی” شاری ته‌له‌عفه‌ری بریندار و ناوچه‌كانی تر له‌میانه‌ی ئه‌ركی ئێمه‌دان و به چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نییه پیرۆزه‌كانمان ده‌یانگرینه‌وه”.
رۆژنامه‌كه ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، كه رۆڵی میلیشیا شیعه‌كان توركیای وریا كردوه‌ته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێك له هێزه‌كانی له سه‌ربازگه‌ی باشیكی نزیك موسڵ كۆبكاته‌وه، ئه‌مه‌ش نیگه‌رانی عێراقی لێكه‌وته‌وه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت، توركیا هه‌وڵده‌دات رووبه‌ڕووی هه‌ژموونی ئێران و میلیشیاكانی سه‌ر به ئێران ببێته‌وه، ركابه‌ری توركیای سوننه و ئێرانی شیعه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌ی باكوری عێراق، به‌شێكه له‌و ململانێ تایفه‌گه‌ریه فراوانه‌ی كه رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پارچه پارچه ده‌كات.
ململانێی نێوان ئه‌و دوو ده‌وڵه‌ته ئێستا له ته‌له‌عفه‌ردا چڕ بوه‌ته‌وه، دانیشتوانه توركمانه‌كه‌ی به توركیای ده‌به‌ستێته‌وه، پرسیاری ئه‌وه ده‌كرێت ئه‌گه‌ر میلیشیا شیعه‌كان هاتنه ناو ته‌له‌عفه‌ره‌وه ئایا توركیا هێز ده‌جوڵێنێت؟.
دابه‌شبوون و رووبه‌ڕوو بوونه‌وه
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، ته‌له‌عفه‌ر به‌ده‌ست دابه‌شبوونی تایفه‌گه‌رییه‌وه ده‌ناڵێنێت، ئێستا كه سوننه تێیدا نیشته‌جێن، به‌ڵام پیش‌تر نیشتمانی ژماره‌یه‌كی زۆر توركمانی شیعه مه‌زهه‌ب بوه پیش هاتنی داعش، ئێستا ئێران ده‌یه‌وێت بیانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ شاره‌كه و بیانپارێزێت.
هه‌روه‌ها هۆشداریدا له ئه‌گه‌ری رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی سه‌ربازی له نێوان توركیا و ئێران، له كاتێكدا ئه‌گه‌ر توركیا سوربوو له‌سه‌ر به‌شداری كردنی له شه‌ڕی موسڵدا، هه‌روه‌ها ده‌ڵێت زۆرینه‌ی شیعه‌ی شاره‌كه توشی شۆك بوون له به‌رامبه‌ر هه‌ڵوێستی توركیا، بیره‌وه‌رییه‌كانی سه‌رده‌می عوسمانییه‌كانیان بیر كه‌وته‌وه، كاتێك ئاستی خه‌ڵكی سوننه‌یان به‌رز كرده‌وه و وایان لێ‌كردن حوكمڕانی شیعه‌ی زۆرینه بكه‌ن له شاره‌كه‌دا.
عه‌مار حه‌كیمی سه‌ركرده‌ی شیعه‌ی دیاری عێراق، رۆژی یه‌كشه‌ممه رایگەیاندبوو كه هیچ كه‌سێك ناتوانێت هیچ عێراقییه‌ك له شه‌ره‌فی گرتنه‌وه‌ی خاكه‌كه‌ی بێبه‌ش بكات، وه‌ك ئاماژه‌یه‌ك له دژایه‌تی توركیا بۆ به‌شداری كردنی میلیشیا شیعه‌كان له شه‌ڕی موسڵدا.
به‌ڵام مه‌ولود چاوش ئۆغڵو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا گوتی توركیا هه‌موو رێوشوێنیكی پێویست ده‌گرێته‌به‌ر، ئه‌گه‌ر ببینێت توركمانه سوننه‌كانی ته‌له‌عفه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یان له‌سه‌ره، دوای ئه‌وه‌ی میلیشیا شیعه‌كان كۆنترۆڵی ده‌كه‌نه‌وه له‌ده‌ست چه‌كدارانی داعش.
چاوش ئۆغڵو هه‌روه‌ها گوتی، شه‌ڕكردن له دژی داعش كارێكی پێویسته، به‌ڵام ده‌بێت پلانێكی باش هه‌بێت بۆ قۆناغی دوای داعش، ئێمه واز له‌و توركمانانه ناهێنین كه له‌وێ ده‌ژین، هه‌روه‌ها ده‌بێت هاوسه‌نگی نه‌ته‌وه‌یی و تایفه‌گه‌ر له‌به‌رچاو بگیرێت له موسڵ و ته‌له‌عفه‌ر.