تالیبان و ئێران پێوەندیەکانیان چڕتر دەکەنەوە

0

نوچەنێت

پێگەی هەواڵی “العربیە” بە گێڕانەوە لە گوتەبێژی تالیبانی ئەفغانستان دەڵێت، ئەم رێکخراوە پێوەندی قووڵی لە گەڵ ئێران هەیە ئەمە لە کاتێکدایە، کە پێشتر تالیبان بە شێوەی فەرمی باسی پێوەندی خۆی لە گەڵ تێکڕای وڵاتان بۆ وێنە چین کردووە.

العربیە هەروەها لە زاری “ذبیح‌الله مجاهد” گوتەبێژی فەرمی رێکخراوی تاڵیبان دەڵێت، تاڵیبان لە ئێستادا خەریکی رێکخستنەوەی پەیوەندیەکانی لە گەڵ ئێرانە، بەڵام بە شێوەی فەرمی هیچ نوێنەرایەتیەکی لەم وڵاتە نییە.

پێشتر رۆژنامەی پاکستانی تریبۆن ئه‌م  پڕۆپاگه‌نده‌یه‌ی رایگەیاندبوو، ئەندامێکی رێکخراوی تاڵیبانی ئەفغانستان گوتوویەتی، کە ئەم گروپە نوێنەرایه‌تی سیاسی خۆی بۆ کاروباری وڵاتانی ناوچەکە، یەك لەوان ئێران دەستنیشان کردووە.

بە گوتەی ئەم ئەندامەی تاڵیبان، بڕیار وایە نوێنەرانی ئەم  گروپە لە رووی دیپلۆماسیەوە هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ تاکو لە گەڵ وڵاتانی وەک چین، روسیا و ئێران بۆ بە فەرمی ناسینی ئەم کاروبارانە بکەونە گفتوگۆوە.

ئەم سەرچاوە ئاشکرای کردووە، کە مەولەوی نیک محەممەد “یەکێک لە کاندیداکانە، کە ئەرکدار کراوە لە گەڵ ئێران بکەوێتە دانوستان و وتووێژەوە.

رۆژنامەی تریبون ئاشکراشی دەکات، کە مەولەوی نیک محەممەد، پێش لە کەوتنی حکومەتی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٠١ وەزیری پەروەردە و فێرکردنی ئەم حکومەتە بووە لە ویلایەتی قەندهار و لە ئێستادا وەک نوێنەری سیاسی تاڵیبان لە تاران دیاری کراوە.

یەکیک لە سەرکردەکانی تالیبان بێ ئەوەی، کە بیهەوێ ئاماژە بە ناوەکەی بدرێت، بە ئێکسپرێس تریبونی گوتووە، کە نوێنەرانی سیاسی تاڵیبانمان بە ژمارەیەک لە وڵاتانی ئاسیای ناوه‌ڕاست ناساندووە و هەروەها ئاستی پەیوەندیەکانمان لە گەڵ روسیا بەرز کردۆتەوە.

تاڵیبان لە مانگی جولای ئەمساڵ رایگەیاند، کە پەیوەندیەکانی لە گەڵ چین تا ئاستێکی باش بردۆتە پێش.

ساڵی رابردوو، نوێنەری سیاسی چین بۆ کاروباری ئەفغانستان گوتبووی، کە وڵاتەکەی تاڵیبان وەک هێزێکی سیاسی شوێندانەر بە فەرمی دەناسێت.

یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی چڕتربوونەوەی پەیوەندیەکانی ئێران و تاڵیبانی ئەفغانستان بۆ سەرهەڵدانی داعش و جێگیربوونی هێزە دەرەکیەکان لەوانە ئەمریکا بۆ ماوەیەکی دوورودرێژ لە ئەفغانستان و عێراق دەگەڕێتەوە و ئەمەش لە میدیاکانی جیهان کەوتۆتە رۆژەڤەوە.

پێش لەم قۆناغە، بۆ ماوەی چوار ساڵ ئێران و تاڵیبان پەیوەندییەکی پڕ کێشە و ئاڵۆزیان ئەزموون کردووە. بە تایبەت، کە دوای ئەوەی کە تاڵیبان لە ساڵی ١٩٩٨ هێرشیان کردە سەر باڵوێزخانەی ئێران لە مەزار شەریف، پەیوەندیەکانیان گەیشتە نزمترین ئاستی خۆی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com