نوچەنیت
رۆژنامەیەکی ئەمریکا دەڵێت: بە پێی بەڵگە و زانیاریەکان ئێران بە رێگەی گروپە میلیشیاییەکانی شیعەی عێراقی پەیوەست بووە بە شەڕی موسڵەوە.
رۆژنامەی کریستیەن ساینس مانیتۆر، رۆژی شەممە،٢٩ی ئۆکتۆبەر لە راپۆرتێکدا کە بە ناونیشانی “رۆڵی ئێران لە هێرش کردنە سەر شاری موسڵ چۆناوچۆنە؟ “لە بارەی هاوکاری کردنی گروپە میلیشاکانی شیعەی عێراق و هەنگاوەکانی ئێران بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ لە لایەن ئێرانەوە، کۆمەڵێک وردەکاری خستۆتەڕوو.
کریستیەن ساینس مانیتۆر دەنووسێت، بە میلیشیاکانی شیعەی ژێر پشتیوانی ئێران پەیوەست بوونە بە کەمپەینی سەربازی گرتنەوەی شاری موسڵ تا لە ئەنجامدا داعش لەم شارە وەدەر بنێن. هاتنی میلیشیاکانی شیعە بۆ ناو ئەم شەڕە، رەنگە ببێتە هۆی هاتنە ئارای هاوکێشەی نوێ و ئەمەش بەو مانایە، کە بەرەیەکی نوێ لە شەڕ بەرەو ناوچەکانی رۆژئاوای شارەکە کراوەتەوە.
ئاماژەی کریستیەن ساینس مانیتۆر بە راپۆرتی ئەم دواییانەی ئاژانسی هەواڵنێریی ئاسۆشیتێتد پرێسە، کە رۆژی هەینی رابروو، ٢٨ی ئۆکتۆبر رایگەیاندبوو، کە حەشدی شەعبی لە رۆژئاوای موسڵەوە ئاڵقەی گەمارۆی شارەکەی توندتر کردۆتەوە و ئەمەش واتە گەمارۆدنی یەک جاری شارەکە.
جەعفەر حسێنی، گوتەبێژی کەتائیبی حزبوڵڵای عێراق بە ئاسۆشیتێد پرێسی گوتووە، کە حزبوڵڵا و چەکدارەکانی دیکەی شیعەی عێراقی بەرەو شاری تەلەعفەر پێشڕەوییان کردووە و سێ ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراوی داعشێان بە موشەکی دژە تانک لەناو بردووە.
بە پێی لێدوانی بەرپرسانی باڵای حەشدی شەعبی، میلیشیاکانی شیعە ناچنە ناوشاری موسڵەوە.
لە کاتێکدا ئەم گروپانە ئامادەیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ دەربڕیوە و بەکردەوە هەنگاوی بۆ دەنێن، نابێ ئەوەمان لە بیر بچێت لە ژێر فەرمان و کۆنتڕۆڵ و دەسەڵاتی تاران دەجووڵێنەوە.
ئامانجی ئەم گروپانە، کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکانی رۆژئاوای عێراق و سوریایە، هاوکات دابینکردنی ئەمن و ئاسایشی ئەم ناوچانەیە، وەکو بۆ خۆیان دەڵێن، لە سنورەکانی رۆژئاوای عێراق لە گەڵ سوریا، شوێنی هێڵەکانی بۆری نەوت و هەروەها رێڕەوی لۆجستیکی داعشە لە موسڵەوە بۆ رەقە.
ئەم جۆرە بەشداریەی هێزە شیعەکانی بەستراوە و ژێر فەرمانی ئێران لە کاتێکدایە، کە لە ئێستادا سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە گەمارۆی موسڵیان داوە. هاوکار هێزەکانی ژێر پشتیوانی ئەمریکا لە ناوچەکانی باشور و باکوری رۆژهەڵات جوولەی سەربازی خۆیان بەرەو موسڵ دەستپێکردووە.
بە پێی کریستیەن ساینس مانیتۆر، چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی بۆ ناو شەڕی موسڵ ئاماژەیەکە بۆ هەماهەنگی ئێران و ئەمریکا لە مەسەلەی بەرەنگاربوونەوەی داعش، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە دوژمنایەتی دێرینە و مێژووی ئەم دوو وڵاتە لە جێی خۆیەتی.
ئێران لە سالی ٢٠١٤ و هاوکات لە گەڵ بەهێزبوونی داعش، لە شەڕی عێراق دژ بە داعش بەشدارە و لە گرتنەوەی شاری فەلوجە یارمەتی سوپای عێراقی کرد و وەک بۆ خۆیان رایانگەیاندووە، ئەم هاوکاری کردنە زۆرتر لایەنی راوێژ پێدانی سەربازی هەبووە.