نوچەنێت
دوابەدوای بڵاو بوونەوەی هەواڵەکانی پەیوەست بە چوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و، بەشداریکردنیان لە ئۆپەراسیۆنی موسڵ و پێشڕەوییان بەرەو تەلەعفەر، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: وڵاتەکەی پێگەی سەربازی خۆی و رێژەی هێزەکانی لە سنووری عێراق، بە هێزتر و زیاتر دەکات.
رۆژی هەینی، گوتەبێژی یەکێک لە گروپە میلیشیاییەکانی شیعە هەواڵی پێشڕەوی ئەم هێزانەی بەرەو شاری تەلەعفەر راگەیاندبوو.
سەرۆککۆماری تورکیا، وەک کاردانەوەی بەرامبەر ئەم هەواڵە گوتویوتی: بە پێی ئەو زانیاریانەی کە بە دەستی گەیستووە، پێناجێت میلیشیا شیعەکان بیانەوێ بەرەو تەلەعفەر پێشڕەوی بکەن.
تورکیا و سعودیە، لە سەروبەندی دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی موسڵ، دژایەتی خۆیان لە گەڵ بەشداری چەکدارەک شیعەکان لە شەڕی موسڵ خستۆتە روو.
سەرۆککۆماری تورکیا دەڵێت: ئەگەر میلیشیاکانی شیعە بیانەوێ هێرشە تیرۆریستیەکانیان بۆ سەر شاری تەلەعفەر دەست پێبکەن، تورکیا دژکردەوەی خۆی دەبێت و هەر بەم هۆیەش هێزێکی سەربازی زۆرتر رەوانەی شاری سلۆپی دەکات.
سیلۆپی دەکەوێتە پارێزگای شرناخ، لە باشور رۆژهەڵاتی تروکیا وهاوسنوورە لە گەڵ وڵاتی عێراق، زۆربەی دانیشتوانی کوردن.
ئەردۆغان لە بارەی بەهێز کردنی هێزەکانی و پپێگەی سەربازی خۆی لە عێراق، هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە و وردەکاریەکانی نەخستۆتە روو.
تەلەعفەر لە پارێزگای نەینەوا، لە باکوری رۆژئاوای عێراق هەڵکەوتووە و بەشێکی زۆری دانیشتوانی سوننە و شیعەی تورکمانن.
تورکیا هەر لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ، بە ئاشکرا رایگەیاندووە، کە لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرش وهەڕەشەیەکی میلیشیاکانی شیعە، بەرگری لە سوننەکان و تورکمانەکانی عێراق دەکات.
تورکیا هاوکات هێزەکانی خۆی لە عێراق جێگیر کردووە، هەنگاوێک کە لە گەڵ دژکردەوە و رەخنەی توندی بەغدا روو بەروو بۆتەوە، بەڵام تورکیا بەردەوام پێداگری لەوە کردۆتەوە کە هێزەکانی لەم ناوچەیە دەمێننەوە.
چەند رۆژ بەر لە ئێستا، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە گەڵ ئەردۆغان، داوای لە ناوبراو کردبوو لە بارەی ئاست وشێوازی گونجاوی بوونی هێزەکانی تورکیا لە عێراق و هەروەها پرسی سوریا، روونکردنەوەی پێویست بدات و لە سەر ئەم بابەتە گفتۆگۆ بکەن.
سەرۆککۆماری تورکیا جەختی کردۆتەوە، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا لە سوریا بەردەوام دەبێت و بە ئۆبامای گوتووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە بنکەی سەرەکی داعش واتە مەنبەج و رەقە لە خۆ دەگرێت.
بە گوێرەی کەناڵی هەواڵی سکای نیوزی عەرەبی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکانی تەلەفۆنی لە گەڵ باراک ئۆبامای سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندووە، کە ئۆپەراسیۆنی سەربازی قەڵغانی فورات، لە دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری”الباب”ی سوریا، بەرەو شارەکانی مەنبەج و رەقە بەردەوام دەبێت.
هەر لەم پەیوەندیەدا، بەشی عەرەبی ئاژانسی ئانادۆڵی تورکیا لە راپۆرتێکدا دەڵێت: ئۆباما و ئەردۆغان لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنی سەبارەت بە پێشگرتن بە جێگیربوونی هێزەکانی پەکەکە، لە ناوچەکانی باکوری عێراق رێککەوتوون.
ناوەندی راگەیاندنی سەرۆککۆماریی تورکیا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەم پەیوەندیە تەلەفۆنیە، زیاتر لە یەک کاتژمێری خایاندووە، هەر دوو لا قۆناغەکانی بەردەم بەرەنگاربوونەوەی داعشیان تاوتوێ کردووە و، جەختیان لە کردنە ئامانجی ئەم گروپە لە سەر خاکی سوریا وعێراق کردۆتەوە.
ئەمریکا دەڵێت: بوونی هێزە سەربازیەکانی وڵاتانی دیکە لە عێراق، دەبێ لە سەر داوای دەوڵەتی بەغدا بێت و رێز بۆ سەروەری و یەکپارچەیی خاکی ئەم وڵاتە دابنرێت.
تورکیا لە وەڵامدا دەڵێت: لە گەڵ عێراق سنووری هاوبەشی هەیە و بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خۆی، هەر کارێک بە پێویستی بزانێ،ئەنجامی دەدات.
دەوڵەتی عێراقیش رایگەیاندووە، کە تەنها سوپا وپۆلیسی ئەم وڵاتە بۆیان هەیە بچنە ناو شارەکە و ئۆپەراسیۆنی سەربازی ئەنجام بدەن.
ئەحمەد ئەسەدی، گوتەبێژی میلیشیا شیعەکان ناسراو بە حەشدی شەعبی، رۆژی شەممە،٢٩ی ئۆکتۆبەر رایگەیاند، لە دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی موسڵ تاوەکو ئیستا ١٠ گوندیان ئازاد کردووە. ئەمەش کاردانەوەی توندی تورکیای بەدوادا هاتووە.